شاد ڕزگار: تەنیا بە یاسا ناتوانین ڕووبەڕووی توندوتیژی ببینەوە
شاد ڕزگار پارێزەر و بەرپرسی پەیمانگای «ئامێزی خێزان» لە یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە یاساكانی پەیوەست بە مافی ئافرەت دەكات و تیشكدەخاتە سەر چەند پرسێكی هەنووكەیی و جەختیش لەوە دەكاتەوە كەوا یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی بە یەكێك لە هەرە باشترین یاساكانی هەرێمی كوردستان دادەندرێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەت ڕێزدار مەسرور بارزانی بۆ بێبەشكردنی بكوژانی ئافرەت لە هەر لێبووردنێكی گشتی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ ئایا ئەو بڕیارە تاچەند دەبێتە ڕێگر لەبەردەم دووبارە نەبوونەوەی تاوانەكانی كوشتن؟
- وەك دەزانن، بەبڕیاری سەرۆك وەزیران رێزدار (مەسرور بارزانی)، نابێت تاوانبارانی كوشتنی ئافرەتان بڕیاری لێبووردنی گشتی بیانگرێتەوە، بێگومان ئەمە بڕیار و هەنگاوێكی زۆر گرنگە و كاریگەریی گەورەی لە كەمكردنەوەی ڕێژەی كوشتن و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بە هەموو جۆرەكانییەوە دەبێت، ئەم بڕیارە وادەكات ئیتر كەیسەكانی توندوتیژی و كوشتنی ئافرەتان لە دادگاكانی هەرێمی كوردستاندا ڕژدتر لە ڕابردوو كاری لەسەر بكرێت و دەرفەتی سوڵحی عەشایەریش كەم دەكاتەوە تا ئاستی نەهێشتن، واتە چیتر كەیسەكانی توندوتیژی و كوشتن دیزە بەدەرخۆنە ناكرێن.
هەڵبەتە ئەم بڕیارەی سەرۆك وەزیران، بەمەبەستی جێبەجێكردن، گشتاندنی لە هەموو یەكەكانی لایەنی جێبەجێكار بۆ كراوە و بەهیچ ئیعتیبار و پاساوێكیش نابێت كەمتەرخەمی لە دەستگیركردنی تاوانباراندا بكرێت، بەڵكو دەبێت ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە.
ئێمە هەم وەكو چالاكی بواری مافەكانی ئافرەتان و هەم وەكو سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانیش، ئەمە بە هەوڵ و بڕیارێكی زۆرباش دەزانین و بە هەموو توانایەكیشمانەوە لە جێبەجێكردنی هاوكار دەبین، هاوكات ئومێدی زۆریشمان لەسەر ئەم بڕیارە هەڵچنیوە.
* دەگوترێ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی كاریگەری پێشتری نەماوە و بڕگە و ماددەكان لەسەر كەسی تاوانبار وەكو خۆی جێبەجێ ناكرێن، ئەمە تاچەند ڕاستە؟
- سەبارەت بە خۆكوشتن، دیارە لە یاسادا خۆكوشتن بە تاوان دانەنراوە چونكە كەسێك نامێنێتەوە هەتا لێپرسینەوەی لەگەڵ بكەیت، بەڵام كاتێك كەسێك دوا چارەسەرەكانی خۆی لە خۆكوشتن دەبینێتەوە بەدڵنیاییەوە دەبێت پاڵنەرێك لە پشت ئەم كارەوە هەبێت، ئەمەش لە یاسای سزادانی عێڕاقی جیاكراوەتەوە ماددەی ٤٠٨ بڕگەی ١و٢ (ھاندان و یارمەتیدان) ئاسانكاری بۆ خۆكوشتن تاوانە و ئەو كەسەی كە ئاسانكاری دەكات بۆ كوشتنەكە و كوشتنەكە بە ھۆكارێكی دەرەكی ڕووی نەدا ئەوا ھاندەرەكە ھەر سزا دەدرێت بە سزایەك كە نیوەی سزا بنەڕەتییەكە بێت، ماددەی ٤٠٨لە بڕگەی ٢ حاڵەتی (زەرفی مشەدەدی( داناوە بۆ ھاندان و ئاسانكاری، هەروەها ھاندانی منداڵ و ھەرزەكار بۆ خۆكوشتن یان هەوڵدان بۆ خۆكوشتن . تەشریعاتی كوردستان لە یاسای ژمارە ٤٢ی ساڵی ٢٠٠٤ ھەستاوە بە هەموار كردنی ماددەی ٤٠٨ ی یاسای سزادانی عێراقی جگە لەو حاڵەتانە شتێكی دیكەشی بۆ ماددەكە زیاد كردووە كە ئەویش (تسبب فی الانتحار) واتە ھەر كەسێك ھۆكار بێت بۆ خۆكوشتن ئەوا تاوانبارە، كە لە یاسای توندوتیژی خێزانی ژمارە ٨ ساڵی ٢٠١١ لە ماددەی دووەم بڕگەی یەكەم خاڵی دەیەمدا ھاتووە كە خۆكوشتن بە كاریگەری توندوتیژی خێزانی بە تاوان داناوە و سزای بۆ داناوە، چونكە زۆربەی حاڵەتەكانی ھەرێمی كوردستان بە ھۆی توندوتیژی خێزانییەوە ڕوودەدەن بەتایبەتی خۆكوشتن و خۆسوتاندن.
* ئایا ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەت تەنیا بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی دەكرێت؟
- یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی بە یەكێك لە هەرە باشترین یاساكانی هەرێمی كوردستان دادەندرێت، ماددە و بڕگەی زۆر باشی تێدایە كە ڕۆڵی كاریگەریان لە كەمبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی هەبووە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا یاساكان چەند باش بن بێ كەم و كورتی نابن، پێویستە لەگەڵ گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوونی كۆمەڵگەدا هەمواری هەندێك لە بڕگە و دەقەكان بكرێتەوە. چونكە بە تەنیا بە یاسا ناتوانین ڕووبەڕووی توندوتیژی ببینەوە، بەڵكو ئەركی حكومەت و وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕیكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، یەكەكانی چاودێری خێزانی، لایەنی پەیوەندیدار بە پرسی ئافرەتان و خێزان، ئەركی هەموو لایەكمانە گرنگی زیاتر بە خێزان و پەروەردەی تاك لەناو خێزانەكان بدەین، ئەویش لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلی كارەوە بێت، یان سانسۆركردنی میدیا و سۆشیال میدیا، بێت، یاخود لە ڕێگەی كردنەوەی خولی هۆشیاری پەروەردەیی منداڵ وخیزان، خولی بەهێزكردن و ڕێكخستنی سیمینار بۆ هۆشیاری پەروەردەیی تاكەكانی كۆمەڵگە بە هەردوو ڕەگەوە.