پزیشكان جەخت لەوە دەكەنەوە دەستنیشانكردنی شێرپەنجە لە قۆناغی سەرەتاییدا چارەسەر ئاسانتر دەكات

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، ساڵانە نزیكەی 20 ملیۆن حاڵەتی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت و نزیكەی 10 ملیۆن كەس بەو نەخۆشییە دەمرن پێشبینیش دەكرێت، ژمارەكە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر بێت. ڕۆژی 4ی مانگی شوباتی هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی جیهانیی شێرپەنجە دیاری كراوە و بە دەرفەتێكی گرنگ بۆ بەگژداچوونەوەی شێرپەنجە لە جیهان دادەندرێت. لەم ڕۆژەدا چالاكیی جۆراوجۆر و بەرفراوان بۆ وشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە نەخوشیی شێرپەنجە و مەترسییەكانی و چۆنیەتی خۆپاراستن لێی ئەنجام دەدرێت. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڤاری گوڵان شرۆڤەی زیاتری بابەتەكە دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا لە 2 ی شوباتی 2024 ڕایگەیاند، لە ساڵی 2023، لە هەرێمی كوردستان تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە 9911 كەس بوون، لە پارێزگای هەولێر، 5456 كەس كە دەكاتە 55%، لە سلێمانی 3275 تووشبوو كە دەكاتە33%، لە دهۆكیش 1180 تووشبوو كە دەكاتە 12%.
لە ساڵی 2023 دا 147 منداڵ لە پارێزگای هەولێر و لە سلێمانی 203 منداڵ و لە پارێزگای دهۆكیش 69 منداڵ تووشی شێرپەنجە بوون. بەراورد بە ساڵی پێشوو تر ڕێژەی شێرپەنجە بەرزبووەتەوە، كە لە ساڵی 2022 دا 9061 تووش بوو هەبووە، بەڵام لەساڵی 2023 دا بۆ 9911 بەرز بووەوە.
«پێنج ساڵ پێش ئێستا لە پزیشكەكەمم بیست تووشی شێرپەنجە بووم، ئەو هەواڵە بۆ من هێدمەیەكی زۆر گەورە بوو، دواجار ڕۆیشتنی هاوسەرەكەم ئازارەكانی زیاتر كردم.»
ئەمە قسەی دیمەن نادر بوو، ئەو ئافرەتە تەمەن 42 ساڵەیە كە وەك خۆی باسیكرد، ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە دەجەنگێت و لەمبارەیەوە دەڵێت:« لەگەڵ هاوسەرەكەم 18 ساڵ پێش ئێستا بڕیاری هاوسەرگیریماندا، دوای ماوەیەك ناوماڵ و زێڕ و سەیارە و ئەوەی هەمانبوو، كردمانە پارە و بەرەو ئەڵمانیا بەڕێ كەوتین. دواتر ئیقامەمان وەرگرت. خوای گەورە دوو منداڵی دیكەشی پێداین، ئیتر سێ منداڵی جوانمان لە ئاوارەیی و دەربەدەری گەورە كرد، ساڵانێكی زۆر تاڵی و سوێری ژیانم چەشت، گیرفانم لە هاوسەرم جیا نەبوو، شان بەشانی ئەو كارم دەكرد، ئەوەی لە داهاتی خۆمان كۆمان كردبووەوە، لە كوردستان خانوو و زەویمان پێ كڕی، هەمووشی بەناوی هاوسەرم بوو، چونكە ئەوم لە گیانی خۆم خۆشتر دەویست، هیچ بەلامەوە گرنگ نەبوو بە ناوی كاممان بێت. پێنج ساڵ پێش ئێستا لە پزیشكەكەمم بیست تووشی شێرپەنجەی مەمك بووم، چارەسەرەكەم بە جوانی دەڕۆیشت و بە قسەی پزیشكەكان قۆناغێكی سەختم تێپەڕاند، بەڵام هاوسەرەكەم تەنیا دوو ساڵ بەرگەی نەخۆشی منی گرت، دوای ئەوە مامەڵەی لەگەڵم گۆڕا، زوو زوو سەفەری كوردستانی دەكرد، زۆر شتی لێم دەشاردەوە. دواتر زانیم لە كوردستان هاوسەرگیری لەگەڵ كچە خاڵەكەی كردووە، بەڕاستی ئەو دۆخە كاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیشم دروست كرد و چارەسەرییەكانی دواخستم، ئێستا زۆر تەنیام تاكە دڵخۆشیم منداڵەكانمە و لە پێناو ئەوان حەز بە مانەوە لە ژیان دەكەم، لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە تەندروستیم باش بێتەوە و بۆ منداڵەكانم هەم دایك بم هەم باوك، بۆیە بە ورەی بەرز و پشتیوانیی خوا و عەشقی منداڵەكانم لە پێناو مانەوە دەجەنگم و تا ئێستا توانیومە بەسەر نەخۆشییەكەدا زاڵ بم».
سەبارەت بە هەمان پرس د. سەركەوت مەجید خۆشناو پزیشكی ڕاوێژكار بۆ چارەسەری گرێ و نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، باس لە هۆكارە بۆماوەیی و ژینگەییەكانی شێرپەنجە دەكات و دەڵێت: شێرپەنجە بریتییە لە نەخۆشكەوتنی جینەكان. خانەكانی لەشی مرۆڤ بە سیستەمێك بەڕێوە دەچن، كە لەلایەن جینەكانەوە دیاری دەكرێت. بۆیە ئەگەر هەڵە لە كاری جینەكان دروست بوو، ئەوا هەڵە لە سیستەمی بەڕێوەچوونی خانەكان دروست دەبێت. لە دوای شێرپەنجەی سییەكان شێرپەنجەی مەمك باوترین جۆری شێرپەنجەیە. چەند هۆكارێكی بۆماوەیی و ژینگەیی بە یەكەوە دەچنە پاڵ یەك و دەبنە هۆی دروستبوونی بازدان لە جینەكان، كە دیارترینیان ئەمانەن:
هەتا تەمەن زیاتر بێت، ئەگەری ڕوودانی هەڵە لە كاری جینەكان زیاتر دەبێت، چونكە لە ناو خانەكانی لەش سیستەمی ڕێگریكردن لە ڕوودانی هەڵەی جینەكان هەیە، ئەو سیستەمە لەگەڵ زیادبوونی تەمەن بەرەو لاوازی دەڕوات، بە رێژەی 80% شێرپەنجەی مەمك لەو ئافرەتانە ڕوو دەدات كە تەمەنیان لە پەنجا ساڵ زیاترە، هەروەها قەڵەوی دوای تەمەنی پەنجا ساڵی، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك دوو جار زیاتر دەكات.
- هۆكارە هۆڕمۆنییەكان:
دەستپێكردنی سووڕی مانگانە لە تەمەنێكی بچووك و ڕاوەستانی لە تەمەنێكی گەورە، شیرنەدان، منداڵ نەبوون و بەكارهێنانی هۆڕمۆنی ژنانە.
د. سەركەوت خۆشناو لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت: «تێبینی كراوە ئەو كەسانەی كە بە شێوەیەكی بەردەوام وەرزش دەكەن، ئەگەری تووشبوونیان بە ڕێژەی 10% كەمترە. هەر خواردنێكیش كە دەوڵەمەند بێت بە سەوزە و میوە، ماسی و ڕۆنی زەیتوون ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكاتەوە.
- هۆكارە هەڵسوكەوتییەكان:
خواردنەوەی كحول، جگەرە كێشان، كاركردن بە شەوان بۆ ماوەیەكی زۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات، وەرگرتنی چارەسەری تیشكی بۆ گرێ لیمفاوییەكانی سینگ (بۆ نموونە بۆ چارەسەری لیمفۆما).
- هۆكارە بۆماوەییەكان:
ئەو ژنانەی كە كەسێكی نزیكیان تووشی شێرپەنجەی مەمك بووە، ئەگەری تووشبوونیان زیاترە. بەڵكو شێرپەنجەی هێلكەدانیش لە كەسێكی نزیك ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات .
(لەگەڵ ئەوەی كە ئەگەری تووشبوونیان زیاترە لە ڕووی زانستی پزیشكییەوە)، بەڵام بەشێكی ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی مەمك بوون، هیچ كەسێكی نزیكیان پێشتر تووش نەبووە.
توێژینەوەیەكی نوێ كە زیاتر لە ١٥٠٠ ئافرەت بەشدارییان تێدا كردبوو، پیشانیدا كە هیچ پەیوەندییەك لە نێوان شێرپەنجەی مەمك و لەبەركردنی ستیاندا نییە.
هاوكات بەپێی ئەو توێژینەوانەی هەتا ئێستا كراون، پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان بەكارهێنانی حەبی ڕێگری لە سكپڕی و شێرپەنجەی مەمك تێبینی نەكراوە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پشكنینی پێشوەختە ڕێژەی مردن كەم دەكاتەوە و شێرپەنجە بە هەموو جۆرەكانییەوە كە لە قۆناغێكی زۆر سەرەتایی دەستنیشان دەكرێت چارەسەری ئاسانتر دەبێت، زۆربەی جار شێرپەنجە لە دوو ساڵی یەكەمی دوای چارەسەر دەگەڕێتەوە، بۆیە لەو ماوەیە پێویستە سێ مانگ جارێك سەردانی پزیشك بكرێتەوە».