18 ی شوبات ڕۆژێكی درەوشاوە لە مێژووی پڕ سەروەری گەنج و لاوی كورد

18 ی شوبات  ڕۆژێكی درەوشاوە لە مێژووی پڕ سەروەری گەنج و لاوی كورد

 

 

هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە 18ی شوباتی ساڵی1953 دامەزراون، هەر لەگەڵ دامەزراندنیشیان، بوونە بەشێكی گرنگ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەریی ئەو قۆناغەی كوردستان و تاوەكو ئێستاش لەگەڵ ڕەوت و سەردەمە جیاوازەكان خۆیان گونجاندووە. یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كورستان، دوو قوتابخانەن بۆ دروستكردنی دەیان سەركردەی كوردستان و بە درێژایی مێژووی تەمەنی ئەم دوو ڕێكخراوە، ئەوەیان سەلماندووە و بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە، بە بێ جیاوازیی ڕەگەزی، تاكی كارامە و بەتوانا پێبگەیەنن. هەر بۆ نموونە لەیلا قاسم یەكەم ئافرەتی كورد بوو كە لە ساڵی 1974 لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەسەر بیروبۆچوونە ڕەواكانی لە سێدارە درا، ئەو خانمە شۆڕشگێڕە لە قوتابخانەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان فێری خەبات و تێكۆشان بوو. لە ساڵیادی دامەزراندنی ئەم دوو ڕێكخراوە گەنج و لاوی كورد ڕۆڵی هەردوو ڕێكخراو لە پێگەیاندنی كادیری كارامە و نیشتمانپەروەر بەروزدەنرخێنن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئاواز شێرزاد كادیری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، لە دەستپێكی قسەكانیدا دەڵێت: «72 ساڵ بەسەر یادی دامەزراندنی هەر دوو ڕێكخراوی لاوان و قوتابیان تێپەڕ دەبێت، كە لەسەر دەستی ڕێبەری نەتەوەییمان (بارزانی نەمر)لە ساڵی ١٩٥٣ وەك پێویستی واقعی ئەوكاتی قۆناغی ڕزگاریخوازی گەلی كورد هاتنە كایەوە.

ئەم دوو ڕێكخراوە تێكۆشەرە بە درێژایی مێژووی دامەزراندنیان بەردەوام لە هەوڵ و خەبات دابوون، ئەویش بۆ خزمەت كردنی چینی لاوان و قوتابیان و پێگەیاندنی دەیان كادری بە توانا كە ئەمڕۆ لە ناوەندەكانی بڕیاردان خزمەت بە دامەزراوەكانی حكومەت دەكەن، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە ڕێكخراوەكانی لاوان و قوتابیان وەك دوو قوتابخانەی پێگەیاندن، وەك دوو دامەزراوەی گرنگی پارتیمان لە بەرگی كوردایەتی و نیشتمانپەروەری لەسەر بنەمای هزری نەتەوەیی و ئازادی و زانستدۆست چەندین ڕۆڵەی ئەم وڵاتە پێبگەینن».

ڕێباز جۆڵا كادری یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، بەمجۆرە باس لە ڕۆڵی هەردوو ڕێكخراو لە پێگەیاندنی كادیران دەكات و دەڵێت:« بە شانازییەوە قوتابی ئەم قوتابخانەیەم، لە ساڵیادی دامەزراندنیاندا پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی ئەم دوو قوتابخانەیە دەكەم هیوادارم هەر سەركەوتوو و بەردەوام بن و ڕێچكەی خزمەت بە گەل و نیشتیمان بەرنەدەن. یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بە ڕێنوێنی و پاڵپشتی بارزانی نەمر لە 18ی شوباتی ساڵی 1953 دامەزراوە، لە سەرەتادا لەگەڵ یەكێتیی قوتابیان یەك رێكخراو بوون، بەڵام دوای ڕاپەڕین دووبارە بوونەتە دوو ڕێكخراوی جیا و درێژەیان بە خەباتی مەدەنی خۆیان داوە، تا ئێستا (٨) كۆنگرەیان بەستوە و كە دوا كۆنگرەی لەژێر ناوی (پێشمەرگە) بوو لەساڵی ٢٠١٨ لەشاری هەولێر و لە ئێستادا سەرقاڵی كۆنگرەی نۆیەمن، جێگەی باسە جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمویەتی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان قوتابخانەی پێگەیاندنی كادیرانە، وتەكەی جەنابی سەرۆك دوای ئەوە دێت كە یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان چەندین كادیری پێگەیاندووە كە ئێستا هەم لە سێكتەری حكومی و هەم لە سێكتەری حزبی خزمەت بە كوردستان دەكەن و جێ پەنجەیان دیارە، جێگەی باسە كە یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازاری خەڵكی كوردستان بووە و لە هەموو قۆناغەكان ڕۆڵی بەرچاو و كارای هەبووە، تەنانەت لە پرسە نیشتمانییەكانیش ڕۆڵی خۆی گێڕاوە، هەر بۆیە جەنابی بارزانی نەمر فەرموویەت (لاوان شوورەی پۆڵاینن بۆ پاراستنی كوردستان).

ئەم دوو قوتابخانەیە بۆ هەموو قۆناغەكان پێویست و گرنگن بە تایبەت كە دەبینین دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سێ چارەگە سەدە بەسەر مێژووی دروست بوونیان، بەڵام بە هەمان ڕوحیەتی جاران بەردەوامن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ وەكو خۆرێكی پڕشنگدار دەگەشێنەوە».

ڕێزان محەمەد كادیری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بە شانازییەوە قوتابی ئەم ڕێبازەین و هەموومان پەروەردەی ئەم قوتابخانەیەین، چونكە یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵێكی كاریگەریان لە پێگەیاندنی گەنج و لاوی كورد هەیە، قوتابخانەیەكی گرنگن بۆ دروستكردنی نەوەیەكی هۆشیار و خاوەن كەسایەتی بەهێز كە بتوانن خزمەتی كۆمەڵگە و نیشتمان بكەن. ئەم دوو قوتابخانەیە لە ڕووی پەروەردەییەوە لە پرۆسەی خوێندن پشتگیری قوتابیان دەكەن، هەروەها هانی سەركەوتن و داهێنان دەدەن، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە پڕۆگرامی چالاكی جۆراوجۆر پێشكەش بە توێژی گەنجان دەكەن و گیانی هاوكاری و كاركردنی بەكۆمەڵ پەرەپێدەدەن، هاوكات پەیوەندی نێوان قوتابیان بەهێز دەكەن و ئاراستەی دروست بە بیركردنەوەی گەنجان دەدەن. هاوكات لە ڕووی كەسایەتییەوە متمانە بەخۆبوون لای تاكەكان دروست دەكەن و توانای سەركردایەتی پەرەپێدەدەن، وا لە گەنج دەكەن بەرپرسیارێتی فێر بێت و كەسایەتی سەربەخۆ دروست بكات.

ئەو ئاكارانە وا لە گەنج دەكەن ئامادە بێت بۆ داهاتوو فێری ناساندنی دەرفەتەكانی كار و خوێندن و پێشكەشكردنی ڕێنمایی پیشەیی و هاندان بۆ داهێنان و خۆپێگەیاندن لە گشت بوارەكاندا ئەنجام بدات، ئەمەش وایكردوە گەنجانمان پۆل پۆل ڕوو لەو دوو قوتابخانەیە مەزنە بكەن. لە كاتێكدا كوردستان لەژێر ململانێی دەستی دەرەكی و سیاسەتی ناڕێكی وڵاتانی دیكەدایە و لە ئێستادا گەنجانی كورد زیاتر لە هەموو كات پێویستە ڕۆڵی خۆیان ببینن بۆ ڕێگریكردن و نەهێشتنی هەر فكر و عەقڵییەتێكی شۆڤێنی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئارامی و ئاساییش و یەكگرتوویی كوردستان و دەستبردن بۆ قووتی میللەت».

 

Top