كــــەژاڵ نادری: پشتگیریی هاوسەرەكەم بووە هۆكاری ئەوەی تەواوی خێزانەكەم متمانە بە پێشكەوتنەكانم بكەن

كــــەژاڵ نادری:  پشتگیریی هاوسەرەكەم بووە هۆكاری ئەوەی تەواوی خێزانەكەم متمانە بە پێشكەوتنەكانم بكەن

 

 

كەژاڵ نادری خانمێكی دەستڕەنگین و پڕ ئەزموونی شارە جوانەكەی سنەیە، ئەو خاوەنكاری خۆیەتی و لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەزموونی خۆی لە كاری دەستی و كابانیدا بە بینەرەكانی ئاشنا دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

كەژاڵ نادری تەمەنی 34ساڵە و لە دایكبووی سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ئێستادا لە سنە نیشتەجێیە، دەرچووی زانكۆیە بەشی ئەندازیاری كشتوكاڵی، خێزاندارە و دایكی كچێكی پێنج ساڵانە، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە چیرۆكی سەركەوتنەكانی بۆ خوێنەران دەگێڕێتەوە.

“ماوەیەك لە گوڵخانەیەك كارم كرد، بەڵام بۆ من كارێكی سەخت بوو نەمتوانی بەردەوام بم، من هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە هونەر و كاری ڕاگەیاندن بوو، بەڵام دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخسا لە بواری میدیا كار بكەم، دوای هەموو ئەوانە بڕیارمدا لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە پەیجێك دابنێم و لەو پەیجەوە بەهرە و توانانم بەرجەستە بكەم، وەكو خانمێك هەستم دەكرد كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا دڵڕاوكێیەكی زۆر لەسەر كاركردنی ژنان هەیە، هەر لەبەر ئەوەش سادەترین و بچووكترین كار لە لایان گرانە و زۆر بە سەختی كارەكانیان بەڕێوەدەچن، هەوڵمدا لە ڕێگەی دەركەوتن و كاركردن ئەو دڵڕاوكێیەم نەهێڵم، من هەموو شتەكانی ژیانم بە سادەیی وەرگرتووە و بە وزە وە كار دەكەم، هیوا و ئومێدم بە ژیان زۆرە و ئامانجم بۆ سەركەوتنی زیاتر هەیە، هەمیشە حەزم كردووە ژنێكی سەركەوتوو بم و بەرپرسیارێتییەكانم لە ئەستۆ بگرم و تواناكانم بخەمەڕوو، لەبەر ئەوە پێم خۆش نەبوو كە تەنیا ژنێكی كونجی ماڵەوە بم».

ئەو خاتوونە سەبارەت بە زەرورەتی كاركردنی خانمان گوتی: «بە بۆچوونی من لەم بارودۆخەی ئێستادا پێویستە ژن و پیاو وەكو یەك بۆ خۆپێگەیاندن هەوڵ بدەن، تاوەكو بتوانن لە ژیانێكی باشتر و شایستەتردا بژین، لەم سۆنگەیەوە ویستم خاوەنكار و داهاتی خۆم بم، بەڵام بەهۆی كەمی دەرفەتی كار لە دەرەوە نەمتوانی كارێكی گونجاو پەیدا بكەم، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەمیشە حەزم كردووە كارێكی سەربەخۆ بكەم و دەرفەتی كار بۆ كەسانی دیكەش بڕەخسێنم، نەوەك لەبەر دەستی كەسانێك كارمەندێك بم، دواجار ساڵ و نیوێك پێش ئێستا بڕیارمدا لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە بە خستنەڕووی فێركاری خواردنی تەندروست خزمەت بكەم، كە چۆن بتوانین بە كەمترین تێچوو خواردن بۆ خانەوادە و میوان دروست بكەین، بەداخەوە بەهۆی ئەوەی بارودۆخی ئابووریمان باش نییە، خەریكە لە ئێران بنەماڵەكان لە یەكتر دوور دەكەونەوە و میوانداری زۆر كەم بووە، لەم ڕوانگەیەوە دەمەوێ بە خەڵك بڵێم كە ئێمە دەتوانین بە شێوازێكی سادە و ساكار لەسەر سفرەیەكی سادە لە دەوری یەك كۆببینەوە».

 كەژاڵ نادری سەبارەت بە ئامانجی داهاتووی دەڵێت: «ئامانجم لە كاركردن و دەركەوتن ئەوەیە كە ئەوەی دەیزانم فێری خەڵكیشی بكەم تاوەكو هەمووان لە خۆشگوزەرانیدا بژین، جگە لە فێركاری خواردن و شیرینی هەر كارێك كە سەلیقە و هونەری پێویست بێت سەرنجم ڕادەكێشێت و بەدوایدا دەچم».

كەژاڵ نادری سەبارەت بە ڕێگری و بەربەستەكانیش گوتی: «لە كۆمەڵگەی ئێمەدا بەربەست و ڕێگری زۆرن بۆ ئافرەتێك كە بیەوێت بێتە دەرەوە و كار بكات، من سەرەتا بە خانەوادە و دەوروبەرم ڕاگەیاند كە ئامانجم لە كاركردن ئەوەیە كاریگەری جوان و باش لەسەر كۆمەڵگە دروست بكەم، دەمەوێ هەم ژیانی خۆم باشتر بكەم هەم ژیانی ئەو كەسانەش كە چاو لە من دەكەن و بە شوێن هەنگاوەكانم دا دێن، سەرەتا خێزانەكەم زۆر كۆك نەبوون لەگەڵ دەركەوتن و كار كردنم، بەڵام كاتێك كارەكانی منیان بینی كە چەند بایەخ بە كلتوور و نەریتی كوردی دەدەم، كە چەند گرنگی بە پۆشینی جلوبەرگی كوردی دەدەم، كە بە جلوبەرگی نیمچەڕووت دەرناكەوم، ئەوكات تێڕوانینیان گۆڕا و بوونە پاڵپشتم بەتایبەت هاوسەرەكەم، هەر ئەو پشتگیرییەی هاوسەرەكەم بووە هۆكاری ئەوەی كە تەواوی خێزانەكەم متمانە بە پێشكەوتنەكانم بكەن، لە پاڵ ئەم كارەمدا كاری دۆبلێری و میدیاییش دەكەم».

لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: «پڕۆژە و پلانم بۆ داهاتوو زۆرە، پێم خۆشە پاڵپشتی لە هەموو ئەو خانمانە بكەم كە پێویستیان بە دەستگرتن و هاوكاری كردنە، هەر خانمێك كە دەستی بە كاركردن كردووە، بەپێی توانا و بێ بەرامبەر هاوكاریم كردووە و دڵگەرمیم پێ بەخشیوە تاوەكو كارەكەی بەرەو پێش بچێت، هیوادارم كە ئەوەندە هێز و توانایەم هەبێت بتوانم پاڵپشتی لەو خانمانە بكەم كە بەهرەیان هەیە بەڵام بوێری ئەوەیان نییە دەست بە كارەكەیان بكەن، هەموو خەونم ئەوەیە لە داهاتوویەكی نزیك ببمە ئەو كەسەی كە دەرفەتی كار بۆ هەموو ئەوانەی پێویستیان بە كاركردنە بڕەخسێنم».

 

كــــەژاڵ نادری:  پشتگیریی هاوسەرەكەم بووە هۆكاری ئەوەی تەواوی خێزانەكەم متمانە بە پێشكەوتنەكانم بكەن
Top