د. سەید ئەكرەم كەپرانی: مینبەر دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە بخوڵقێنێت و كاریگەری ئەرێنی لەسەر هزری تاكەكانی كۆمەڵگە دروست بكات

د. سەید ئەكرەم كەپرانی:  مینبەر دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە بخوڵقێنێت و كاریگەری ئەرێنی لەسەر هزری تاكەكانی كۆمەڵگە دروست بكات

 

 

د. سەید ئەكرەم كەپرانی مامۆستا لە كۆلێژی یاسا/ ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی سەر بە دادگای هەولێر/ مامۆستای ئایینی، لە دیمانەیەكی گۆڤاری گوڵاندا تیشكدەخاتە سەر چەند پرسێكی كۆمەڵایەتی و ئاماژە بەوە دەكات بەپێی داتای ساڵانە نزیكەی 20% ی كەیسەكان لە لیژنەی ئاشتەوایی، بە ئاشتبوونەوە كۆتایی دێت و ئەوەش دەخاتەڕوو كە بەشێكی زۆری باوك و براكان كچ و خوشكەكانیان لە میرات بێ بەش دەكەن، تەنانەت بۆ ئەوەی سامانەكەیان تەنیا بۆ خۆیان بێت ڕێگە نادەن كچەكانیان هاوسەرگیری بكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* لیژنەی ئاشتەوایی تاچەند توانیویەتی ڕێگری لە پچڕانی شیرازەی خێزان بكات؟

- بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، سەبارەت بە لیژنەی ئاشتەوایی. من لە ساڵی 2015ەوە ئەندامی ئەو لیژنەیەم، لیژنەیەكی باڵایە، لە پەرلەمانی كوردستان كۆمەڵێك ماددە و بڕگەی یاسایی بۆ داندراوە، بەپێی داتای ساڵانە نزیكەی 20% ی كەیسەكان لە لیژنەی ئاشتەوایی، بە ئاشتبوونەوە كۆتایی دێت، ئەگەرچی ڕێژەكە كەمە، بەڵام هەوڵێكی جددی هەیە كە كاری ئەم لیژنەیە لە سەرەتای ئیشەكاندا بێت، بەو مانایەی كاتێك كێشەیەك لە ناو خێزان دروست دەبێت سەرەتا سەردانی ئەو لیژنەیە بكەن پاشان ئەگەر پێویستی كرد بنێردرێن بۆ دادگا، بەڵام لە ئیستادا لە كۆتاییان داناوە.

سەردانیكردنی هاوسەرەكان بۆ لای ئێمە لە ڕێگەی دادگاوەیە و دادوەر بڕیار دەدات، و ئەگەر هەست بكات تروسكایەك بۆ ئاشتبوونەوە هەیە ئەوا ڕەوانی لای ئێمە دەكرێن، بەڵام هەندێك كێشە بە بنبەست گەیشتووە ئەوانە ڕەوانەی لیژنەی ئاشتەوایی ناكرێن، چونكە پێشتر بڕیاری پێشوەختەیان داوە.

ئەم لیژنەیەش لە مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی كۆلێژی یاسا و توێژەرانی كۆمەڵایەتی پێك دێت، هەر یەكە و لە پسپۆڕی خۆی قسە لەسەر كەیسەكان دەكات، ئامانجی لیژنەی ئاشتەوایی ئاشتكردنەوەی خیزان و نزیك كردنەوەی تاكەكانی كۆمەڵگەیە، لەگەڵ ئاشنا كردنیان بە دەقە شەرعی و یاسایی و عورفییەكان.

* وەك تێبینی دەكرێت، كێشە كۆمەڵایەتییەكان بە شێوەیەكی گشتی شكۆی خێزانیان خستووەتە ژێر پرسیار، وەكو مامۆستایەكی زانكۆ خوێندنەوەت لەسەر ئەم بابەتە چییە؟

- جێگەی داخە كۆمەڵێك كێشە هەن كە بوونەتە مایەی لێكترازانی تاكەكانی كۆمەڵگە بەتایبەت ئەندامانی خێزان. ئەویش بەهۆی زۆر بوون و بەكارهێنانی حەب و حەشیش و ماددە هۆشبەرەكان كە وەكو ڤایرۆسێكی نەگریس لەناو گەنج و پیر و ژن و پیاو بڵاو بووەتەوە، ئەوەش بووە بە مایەی كێشە و پەرتەوازەیی خیزان، یەكێكی تر لە كێشە باوەكان مەترسی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، بەتایبەت تیكتۆك كە پەردەی شەرم و شكۆ و حەیای لابردووە، هۆكارێكە بۆ بوونی ئەو هەموو پەیوەندییە نابەجێیانەی نێوان كوڕ و كچ، ناردنی وێنە و ڤیدیۆی یەكتر و هەڕەشە لە یەكتر كردن، هەروەها بوونی ئەو هەموو كافێ و باڕ و مەساجخانەیە بە ناڕاستەوخۆ كێشەی بۆ كۆمەڵێك خێزان دروست كردووە، بۆ نموونە پیاو تا درەنگانی شەو لە دەرەوە كات بەسەر دەبات كە دەگەڕێتەوە ماڵەوەش خێزانەكەی ئەمەی پێ قەبول ناكرێت و دەبێتە كێشە، كێشەیەك تا ئاستی تەڵاق و جیابوونەوە.

هاوكات یەكیك لە كێشە باوەكانی ئەمڕۆی ناو دادگاكان ناپاكی هاوسەرییە، جیابوونەوە و لێكترازانی بەشێكی خێزانەكان بەرهەمی ناپاكییە، بە داخەوە گەیشتین بە ڕۆژێك كە نرخ و بەهای خێزان نەماوە، پیاو زۆر بە ئاسانی ژنی خۆی تەڵاق دەدات، ئافرەتیش بە هەمان شێوە بە شتێكی سادە دەڕوانێتە تەڵاق، لە كاتێكدا خوای گەورە هەڵوەشانەوەی خێزانەكانی پێ ناخۆشە، تێكچوونی خانە و لانەكانمان بە دڵی شەیتانەكانە. لە سەردەمی باوك و باپیرانمان ڕێژەی تەڵاق زۆر كەم بووە، پیاو پێی عەیب بوو ژنی خۆی تەڵاق بدات، ئەو كات شەرم و شكۆ هەبوو، بەڵام ئێستا ئەو شكۆ و شەهامەتە كەم بووەتەوە، بەشێكی دیكەی كێشەكان هێنانی ژنی دووەمە كە ئافرەتەكە ئەمە بە زوڵم دەزانێت، بەڵام ئەوە زوڵم نییە بەو مەرجەی پیاوەكە عەدالەتی هەبێت و هاوسەنگی نێوانیان ڕابگرێت و جیاوازی لە نێوانیان نەكات.

* لە ڕوانگەی شەرعەوە ئەو بابەتانە چۆن هەڵدەسەنگێنن و چارەسەریان چییە؟

- بە دڵنییاییەوە شەرعی خوا ئاشتی و خۆشگوزەرانی خەڵكی دەوێت، كۆمەڵێك دەق لە قورئان و سوننەتدا جەخت لە تەبایی و خۆشی ژیان دەكەنەوە، گرنگترینیان ڕێز و حورمەت، تەبایی، خۆشەویستی. دەست پاكی دەم پاكی، گرنگیدان بە ماڵ و منداڵ و پشتگوێ نەخستنیان. دین و شەرع بۆ خوشگوزەرانی ئێمەیە بە ئەندازەی پابەندبوونمان بە دەقەكانەوە خۆشبەختی بە دەست دەهێنین.

* بۆ ئاشتەوایی خێزان مامۆستایانی ئایینی تاچەند دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنییان هەبێت و شكۆی خێزان بپارێزن؟

- بە دڵنیاییەوە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی باشیان لەو بوارەدا هەیە، ئەویش بەو پێیەی كە زۆرینەی خەڵك مۆسڵمانن و ڕێز لە مامۆستایانی ئایینی دەگرن، پێموایە مینبەر دەتوانێت گۆڕانكاری گەورە بخوڵقێنێت و كاریگەری ئەرێنی لەسەر هزری تاكەكانی كۆمەڵگە بە گشتی دروست بكات. هەر كاتێك ئێمە وەكو موسڵمان دەستمان بەو ئاكارە جوان و شاكارە ناوازانەی ئەم دین و شەرعەوە گرت، ژیانی ڕۆژانەمان خۆش دەبێت، خانە و لانەی هەموومان پارێزراو دەبێت، هاوكات ڕووبەڕووی كەمترین كێشەی كۆمەڵایەتی دەبینەوە.

* لە شەرعدا زوڵم كردن لە ئافرەت بە هەموو جۆرەكانییەوە تاچەند قبوڵكراو و ڕێگەپێدراوە؟

- زوڵم كردن بە هیچ شێوەیەك بۆ هیچ كەسێك ڕەوا نییە، ئینجا ئەگەر پیاو زوڵم لە هاوسەری خۆی بكات بێگومان قورسترە و بە هیچ شێوەیەك ڕەوا نییە، چونكە ژن و پیاو تەواوكەری یەكترن و بە یەكەوە جوانن، ئەگەر كێشەیەكیش هەبوو دەتوانن لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری بكەن، ئەگەر نەیانتوانی دەكرێ دوو كەس لە كەسە نزیكەكانیان بكەن بە ناوبژیوان لە نێوانیان ئەویش بە مەبەستی چارەسەر كردنی كێشەكانیان. بەداخەوە لە ئێستادا بەشێكی زۆری باوك و براكان كچ و خوشكەكانیان لە میرات بێ بەش دەكەن، تەنانەت بۆ ئەوەی سامانەكەیان تەنیا بۆ خۆیان بێت ڕێگە نادەن كچەكانیان هاوسەرگیری بكەن، ئەوانەش هەمووی پێچەوانەی شەرعی خوای گەورەیە.

پێش هاتنی ئیسلام زوڵمێكی زۆر لە ئافرەت دەكرا، ئافرەت كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرا و وەكو كاڵا سەیر دەكرا، تەنانەت لە پاش مردنی هاوسەرەكەی بۆ منداڵەكانی دەبوو بە میرات. بەڵام كاتێك ئیسلام هات بە چاوی ڕێز و حورمەتەوە سەیری ئافرەتی كرد و شكۆی بۆ گێڕایەوە، بەهەشتی لە ژێر پێی دایك دانا، پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت دەربارەی ڕێزگرتنی هاوسەر دەفەرمووێت باشترینتان ئەوانەن كە بۆ خێزانەكەی باشە، منیش باشترینتانم، چونكە لەگەڵ خێزانەكانم باشم.

 

Top