بەشێك لە زیانە ژینگەیی و ژیارییەكانی دیاردەی پەنابەری و ئاوارەبوون

بەشێك لە زیانە ژینگەیی و ژیارییەكانی دیاردەی پەنابەری و ئاوارەبوون

 

 

شار بە درێژایی مێژوو پەیوەندییەكی تایبەتی هەبووە لەگەڵ ڕەفتاری مەدەنییانەی دانیشتووانەكانیدا لە ڕووی پابەندبوونیان بە سیستمێكی تایبەتیی ڕۆشنبیریی و بەها و ڕەفتاری ناسراو بە مەدەنییەت و مامەڵەكردنێكی شارستانییانەش لەگەڵ یەكدی و لەگەڵ خزمەتگوزارییە گشتییەكاندا.

شارەكان لە بنەڕەتدا بەپێی بنەما و پلانێكی زانستی بنیاد دەنرێن، بە بوونی ژێرخانێكی تەواوكار و یەكەی نوێی نیشتەجێیبوون، بەڵام شارەكان لە ئەمڕۆدا زۆرێك لە سیفاتە شارستانی و ژیارییەكانی خۆیان لەدەست داوە و لە شارەوە خەریكە دەبنە كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، بەتایبەت لەگەڵ پەیدابوونی شەپۆلی یەك لە دوای یەكی پەنابەر و ئاوارە بە هۆكاری جیاوازی وەك:

1- هۆكاری سرووشتیی وەك وشكەساڵی و گۆڕانی كەشوهەوا.

2- لاوازیی گەشەپێدان لە گوند و ناوچە پەراوێزخراوەكان.

3- بوونی هەلی كار لە شارەكاندا.

4- هۆكاری وەك جەنگ و شەڕ و ململانێی سەربازی.

ئەم هۆكارانە و زۆری دیكەش دەبنە مایەی سەرهەڵدانی زۆر دیاردەی نامۆ بە شارستانییەت و پێچەوانە لەگەڵ ڕەفتاری ژیاری لەنێو شارەكاندا وەك:

یەكەم: دروستبوونی نشینگەی لە تەنەكە و نایلۆن دروستكراو و بنیادنانی هەڕەمەكی:

 ئەمەش دەبێتە هۆی دەركەوتنی دیاردەی دیكەی وەك:

1- شكستهێنانی شار لە گرتنەخۆی ئەو هەموو خەڵكەی كە خزمەتی زیاتریان دەوێت.

2- نەمانی ڕۆڵی پلانسازیی نەخشەكێشانی زانستییانە.

3- دەركەوتنی دیاردەی سەرپێچیكردن لە یاسا و ڕێنماییەكانی شارەوانی و ژینگە و تەندروستی.

4- بە تێپەڕبوونی كات ئەو كۆمەڵگە نایاساییانە زیاد دەبن و، دەبنە گەڕەكی گەورەی دوور لە خزمەتگوزاری و ژێرخانی پێویست.

دووەم: چالاكیی هەڕەمەكی و بازرگانیی ناڕێكخراو:

 بە هۆی ئەمەشەوە چەند دیاردە دێنە ئاراوە وەك:

1- زیادبوونی خێرای ژمارەی دانیشتووان دوور لە پلان و نەخشەدانان.

2- كەمبوونی هەلی كار لە چاو ئەو زیادبوونە خێرایەی ژمارەی دانیشتووان.

3- هەڵكشانی ڕێژەی هەژاری و بێكاری لەنێو دانیشتوواندا.

4- دەركەوتنی بازرگانیی سەر شۆستە و چوارڕێیانەكان و فرۆشتن لە ڕێگەی دەستگێڕ و عارەبانە و ئۆتۆمۆبێڵی گەڕۆكەوە.

5- پەنابردنی بێكاران بۆ كاری ڕەش و كارپێكردنیشیان لەلایەن خاوەن كارەوە دوور لە چاوی یاسا.

6- زیان گەیاندن بە ئابووریی وڵات بە هۆی خۆدزینەوە لە پێدانی ڕسومات و باج.

سێیەم: دەركەوتنی كۆمەڵگەی داخراوی خەڵكانی هەمان گوند و هۆز:

ئەمەش نموونەیەكە كە چەند دیاردەیەكی نەخوازراو لەخۆ دەگرێت، وەك:

1- هاتنی خەڵكی یەك ناوچەی دیاریكراو بۆ شارەكان و هاتنەئارای گەڕەك و كۆڵانی تایبەت بە یەك بنەماڵە و عەشیرەت و هۆز و ناوچەی دیاریكراو.

2- لاوازیی تێكەڵبوونی دانیشتووان لەگەڵ دەوروبەرە شارستانییە نوێیەكان.

چوارەم: پەیدابوونی دیاردەی سواڵكردن و منداڵانی سەرشەقام:

كە لە ئەنجامی ئەمەشدا دیاردەی دیكەی لاوەكی دێنە ئاراوە، وەك:

1- زیادبوونی ژمارەی سواڵكەر و دەرۆزەكاران لە شاردا.

2- دەركەوتنی دیاردەی منداڵانی سەرشەقام و سواڵپێكردنیان لە بەرگی بەناو كردنەوە.

پێنجەم: بەخێوكردنی ئاژەڵ لەنێو گەڕەك و شوێنی نیشتەجێبووندا:

كە ئەمەش لە چەند دیاردەیەكی وەك ئەمانەی لای خوارەوەدا دەردەكەون :

1- تەرخانكردنی بەشێك لە ڕووبەری نێو ماڵان، یان دەرەوەی بۆ ڕاگرتن و بەخێوكردنی ئاژەڵ.

2- تەرخانكردنی سەربانی ماڵان بۆ بەخێوكردنی مریشك و پەلەوەر.

3- بەڕەڵاكردنی مەڕ و مانگا لەنێو كۆڵان و نزیك شەقامەكان.

شەشەم: نەمان، یان بچووكبوونەوەی گۆڕەپان و شوێنە تەرخانكراوەكان بۆ باخچە و شوێنی حەوانەوە:

ئەمەش بە هۆی دەستدرێژیكردنە سەر ئەم ڕووبەرانە لەلایەن سەرپێچیكارانەوە، زۆر زیانی ژینگەیی و كەلتووریی لێدەكەوێتەوە، وەك:

1- تێكەڵبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و شوێنە تەرخانكراوەكان بۆ باخچە و شوێنی حەوانەوە.

2- دەركەوتنی دیاردەی بەیەكداچوونی دانیشتووان و زیادبوونی ژاوەژاو.

3- نەمانی شوێنی تایبەت بە دانیشتنی هاووڵاتیان و شوێنی گەمەی منداڵان.

چی بكرێت بۆ ڕێگرتن لە ڕەفتاری نابەرپرسیارانە و ناشارستانییانەی پەنابەر و ئاوارە؟

یەكەم: پیادەكردنی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە لەبارەی پابەندبوون بە ڕەفتاری بەرپرسیارانە و شارستانییانە.

دووەم: پیادەكردنی یاسا و ڕێنماییەكان و سزادانی هەر سەرپێچییەكی ژینگەیی و ناشارستانی.

سێیەم: ڕێگرتن لە هاتنی بەناو پەنابەر و ئاوارە و، گێڕانەوەی بەشێكی دیكەیان كە لەپاڵ زیانگەیاندن بە ژینگە، كە زیانی كەلتووری و تەندروستیی ژیارییشیان دەبێت لە ئایندەدا.

چوارەم: پابەندكردنی بەشێك لە پەنابەر و ئاوارە بە ژیان لە دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەكاندا و دابەشكردنیان بەسەر ڕووبەرەكانی دیكەی نیشتەجێبووندا.

پێنجەم: ڕێكخستنەوەی ناوشار و نشینگە و شوێنی حەوانەوە و فرۆشگە و بازاڕەكان.

Top