قاسم ئەعرەجی بۆ نێچیرڤان بارزانی: سوپاس بۆ رۆڵی نیشتمانییانەت لە چارەسەرکردنی کێشەکان

قاسم ئەعرەجی بۆ نێچیرڤان بارزانی: سوپاس بۆ رۆڵی نیشتمانییانەت لە چارەسەرکردنی کێشەکان

لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. ئەعرەجی سوپاسی رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ چارەسەری کێشەکان.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى ئه‌منيى عێراق و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر و ئه‌و ئاڵنگارييانه‌ى له‌ ئه‌نجامى لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ و ئاڵۆزييه‌كانى ناوچه‌كه‌ رووبه‌ڕووى عێراق ده‌بنه‌وه‌، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و هاوئاهەنگیی نێوان لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كانى حكومه‌تى عێراقى فيدراڵ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بوارى ئه‌منيدا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌ ئه‌منييه‌كان كرده‌وه‌. هاوڕاش بوون له‌سه‌ر پێويستيى هاريكاريى هه‌موو لايه‌نه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە؛ بودجە و چەند پرسێکی دیکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو رۆژە لە بەغدایە و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی حکومەت و حیزبەکاندا ژمارەیەک کۆبوونەوەی کردووە.

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سوپاس و پێزانينى بۆ ئه‌رك و رۆڵى راوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى و تيمه‌كه‌ى و هاوئاهەنگییان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌ بوارى ئه‌منى و پاراستنى سه‌قامگيريدا ئەنجامی دەدەن، ده‌ربڕى.

Top