نینا جەمال بۆ گوڵان: حەز دەکەم بەیەكجاری بگەڕێمەوە كوردستان
خانمە گۆرانیبێژ نینا جەمال خاوەنی چەند بەرهەمێكی هونەرییە و جگە لە گۆرانیگوتن لە دوو بواری دیكەدا كاری هونەری دەكات، كاری ئەكتەری و شێوەكاری، نینا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەل گۆڤاری گوڵان وەڵامی چەند پرسیارێكی دایەوە.
دیمانە/ئەحمەد تاریق
*لە سێ بواری جیاواز كار دەكەیت گۆرانیبیژی، نواندن، شێوەكاری، بۆچی زیاتر وەك گۆرانیبێژ ناسراویت؟
-لە تەمەنی دوازە ساڵیدا ئەو فیلمانەی لە ئوسترالیا كرابێت لە فۆكس تیۆدیۆ بەشداریم كردووە، بەس وەك مێن ئەكتەر بەشداریم نەكردووە، هەروەها لە تەمەنی دوازە ساڵییەوە گۆرانی دەڵێم بە توركی و فارسی، چونكە لە ئوسترالیا موزیكژەنی كوردی كەم لێ بوو، بۆیە لەگەڵ تورك و فارسدا كارم كردووە و گۆرانیی توركی و فارسیم گوتووە، كە گەڕامەوە كوردستان ئەوكات دەستم كرد بەكاری موزیك و گۆرانیی كوردی، وەكو فیلمە كوردییەكان، بۆیە بەشداریم نەكرد سەیرم كرد فیلمەكان لە ئاستی فیلمەكانی وڵاتەكانی دیكە نییە بۆیە نەمویست بەشداری بكەم، جگە لەمەش كە دەتەوێت بەشداری بكەیت فۆرمێكت دەدەنێ پڕی بكەیتەوە، وەك مێن ئەكتەر لەم فۆرمەشدا چەند خاڵێكی تێدایە كە دەبێت قبووڵی بكەیت، بۆنمونە ڕۆڵی ماچ و دەستگرتن، منیش ڕازی نەبووم، بۆیە بەشداریم نەكرد .
*بۆچی ئەم ڕۆڵانە ڕەت دەكەیتەوە ؟
-لەبەر ئەوەی خانەوادەكەم و كلتورەكەم، هەروەها ناوبانگی خۆمم خۆش دەوێت، نامەوێت كارێك بكەم لەسەرم بكەوێت، من دەمەوێت بەشداریی فیلمێك بكەم ماچ و دەستگرتنی تێدا نەبێت.
*خانەوادەكەت حەز دەكەن نینا زیاتر لە كام بواردا سەركەوێت، گۆرانی یان ئەكتەر یان شێوەكاری؟
-ئەم بوارانەی كاریان بۆ دەكەم خانەوادەكەم خۆشیان دەوێت، بەڵام زیاتر هانم دەدەن لە فیلمە كوردییەكاندا دەربكەوم، چونكە حەز دەكەن هونەری كوردی بەرەو ئاستێكی باش هەنگاوبنێت.
*بەم دواییە كە گەڕایتەوە كوردستان لە فیلمێكدا بەشداریت كرد، ئایە ئەم فیلمە تەواو بووە؟
-ئەم جارە كە گەڕامەوە كوردستان لەگەل ڕێباز مەمی بەشداریی فیلمێكی دیكۆمێنتیمان كرد، لەبەر ئەوەی حەزمان كرد فیلمەكە بچێتە دەرەوەی وڵات، بۆیە بە ئینگلیزی بوو، هێشتا فیلمەكە تەواو نەبووە، من ڕۆڵی ئافرەتێك دەبینم كە خیانەت دەكات لە هاوسەرەكەی و منداڵ و هاوسەرەكەی بەجێ دەهێڵیت.
*گۆرانی یان ئەكتەری، كامیانت خۆشتر دەوێت؟
-هەردووكیانم خۆشدەوێت، تا ئێستا ئەوانەی كە لێم دەپرسن دەڵێن لە هەردوو بواردا زۆر باشیت، بەڵام زیاتر لە بواری ئەكتەریدا باشتریت، لە هەردوو بوارەكە دەستكەوتی ماددی كەمە، تائێستا یەك دینارم لە كاری هونەری نەهاتووەتە گیرفان، بۆیە ئەوەی كردوومە لە گیرفانی خۆم ڕۆیشتووە بۆ هونەرەكەم هیچ كەسێكیش پشتگیری نەكردووم، تەنیا ئاواتم بەرەوپێشچوونی هونەری كوردییە.
*بیرت لەوە نەكردووەتەوە كە ببیت بە ئەكتەر و واز لە گۆرانیگوتن بهێنیت؟
-نەخێر، چونكە هەموو ئاواتی من ئەوەیە هونەری كوردی بەرەو پێش بڕوات و سەركەوێت.
*لە كاری هونەریدا مافت خوراوە؟
-بەڵێ زۆریش، چونكە تا ئێستا یەك دیناری كاری هونەری نەهاتووەتە گیرفانم، كاتێكیش لە ڤین كۆدێكشن ئەلبومی یەكەم و دووەمم كرد بۆ پێنج ساڵ كۆنتراكت كرا، بەڵام نەمتوانی لە یوتیوب بەرهەمەكانی خۆم وەرگرمەوە، كاتێك ویستم لە كەناڵی یوتیوبەكەی خۆم بڵاوی بكەمەوە كارەكانی منیان ڕەش كردبویەوە تاوەكو ئێستاش وەرم نەگرتووەتەوە
*چ شتێك لە كاری هونەری ساردت دەكاتەوە؟
-كە دەبینم لە ناوخۆماندا پاك نین و هاوكاریی یەكتر ناكەین تەنیا حەز بە شكستی یەكتر دەكەین، هەوڵ نادەین هەموومان بەیەكەوە كاری جوان بكەین و هونەری كوردی بە هەموو وڵاتانی دراوسێ بناسێنین، بڵێین ئێمەش هونەرێكی دەوڵەمەندمان هەیە، ئەمە زۆر ئازارم دەدات.
*بۆ لە كلیپەكانتدا غەمبار دەرەكەویت ؟
-لەبەر ئەوەی گەلی كوردێك بەگشتی ناخۆشی و چەوسانەوەی زۆری بینیوە و زوڵمی زۆری لێ كراوە، بۆیە كە گۆرانی دەڵێم بیر لەوە دەكەمەوە كە بەسەر خۆم و گەلەكەمدا هاتووە بۆیە دایم بە هەست و سۆزەوە پەیامەكەم دەگەیەنم.
*كام گۆرانیی خۆت زۆر بەلاوە خۆشە ؟
-گۆرانی دوو باڵندەم زۆر خۆش دەوێت كە شیعر و ئاوازی خۆمە.
*لە چاوپێكەوتنێكدا دەڵێیت ئینشائەڵڵا بە عەشقەكەم دەگەم، بەو عەشقە گەیشتویت؟
-ئێستاش دەڵێم ئینشائەڵڵا بە عەشقەكەم دەگەم، چونكە دەمەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێك بكەم كە هونەرمەند بێت و لەمن تێبگات و ڕێگر نەبێت لەكاری هونەریم، چونكە كەس نییە پاڵپشتم بێت، دەمەوێت كەسێك بێت هەردووكمان هاوكاری یەكتربین.