کیڤان بارزانی بە تابلۆکانی گوزارشت لە زمان و کەسایەتییەکانی کورد دەکات

کیڤان بارزانی بە تابلۆکانی گوزارشت لە زمان و کەسایەتییەکانی کورد دەکات

ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ٢١ی شوبات سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی جیهان لە هۆڵی «جیهان ئارت» پیشانگایەک بۆ شێوەکار کیڤان بارزانی كرایەوە.

لەم بارەیەوە کیڤان بارزانی، هونەرمەندی شێوەکار ڕایگەیاند: «لە ساڵی 2013 دەستم بە دروستکردنی ئەم تابلۆیانە کە هەمووی لەسەر دار و بە خاڵڕێژی نەخشاندوومن. ئەم کارە ماندووبوونێکی زۆری دەوێت و هەر تابلۆیەک لە نێوان 45 تا 50 کاتژمێری كاتی دەوێت».

کیڤان بارزانی بە تابلۆکانی گوزارشت لە زمان و کەسایەتییەکانی کورد دەکات

ئەو هونەرمەندە شێوەکارە لە بارەی ئامانج و مەبەستی لەو كارانەی گوتی: «ئامانجم لەم کارە ئەوەیە، زۆرێک لە نەوەی نوێ، كە کەسایەتییە ناودارەکانی کوردیان نەبینیوە، یان نایانناسن، دەمەوێت لە ڕێگەی کارەکەمەوە ئەوانە بە نەوەی ئێستا و داهاتوو ئاشنا بکەم».

لەبارەی ئەوەش کە بۆچی کارەکانی لەسەر دار نەخشاندووە، کیڤان بارزانی گوتی: «بۆیە کارەکانم لەسەر دار نەخشاندووە، چونکە دەمەوێت تابلۆکانم پێشکەشی مۆزەخانەکانی کوردستان بکەم، ئەگەر هاتوو حکومەت هاریکار بێت».

کیڤان بارزانی بە تابلۆکانی گوزارشت لە زمان و کەسایەتییەکانی کورد دەکات

بە گوتەی ئەو هونەرمەندە شێوەکارە، ئێستا زیاتر لە 130 تابلۆی ئامادەیە و ڕۆژانەش کاتەکانی خۆی بە دروستکردنی تابلۆ بەسەر دەبات.

هونەرمەند لە ساڵی ١٩٩٣وە لە نێو ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی کاری هونەریدا بووە، لە کاتێکدا کۆلێژی هونەرە جوانەکانی هەولێری تەواو کردووە، لە بوارەکانی ڕاگەیاندن، دیکۆر و پۆرترێت و میکیاژی سینەمایی، هێڵکاری و ڕەنگ ئەزموونێکی پتەو و زۆری هەیە بۆ پۆرترێت و کارە هونەرییەکانی، لە زۆر جێگا کاری کردووە وەکو هونەرمەندێك لە ڕۆژنامەکانی خەبات و برایەتی و موئتەمەر و گوڵان و ڕامان و هەروەها لە دەزگای سەتەلایتی کوردستان تیڤی وەکو دیکۆریست كاری كردووە. ئەمەو بەردەوام سەرقاڵی پلانی هونەرییە کەوا دیارە بەشی زۆری ژیانی لەو ستودیو و ڤێگا هونەرییە بەسەر بردووە و دەیەوێت خزمەتی مێژووی میللەتەكەی بكات، بەو کارە پۆرترێتیانەی کە کەسایەتیی ناوداری گەلی کورد لە مێژووی خەبات و ڕۆشنبیریدا هەیانبووە.

کیڤان بارزانی بە تابلۆکانی گوزارشت لە زمان و کەسایەتییەکانی کورد دەکات

لەدوای پڕۆژەی پۆرترێتیی کەسایەتییە ناودارەکان، لەسەر عاج چەند کارێكی کردووە کە لە کاری هونەرمەندە چینییەکان نزیکە، بەڵام بە فۆرم و بابەتی کوردی.

هونەرمەند کیڤان بە شێوەیەکی زانستی و هونەری بە پۆرترێت دەیەوێت مێژووی سەرکردە و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان نەفەوتێت و زیندوویان بکاتەوە، بە هەمان شێوە ئاوڕی لە مێژووی نووسەر و شاعیر و توێژەر و پسپۆڕەکانی کوردستان داوەتەوە.

کیڤان بارزانی بە تابلۆکانی گوزارشت لە زمان و کەسایەتییەکانی کورد دەکات

خوێندنەوەی مێژووی بەسەرهات و ڕووداوە تاڵەکان بەشێکن لە پڕۆژەکانی هونەرمەند کیڤان وەک جینۆساید و سڕینەوەی گەلێك و چیرۆکە شاراوەکانی کردووەتە تابلۆیەك و هەزاران کاراکتەر و مرۆڤی پڕ لە سەنگەری لەخۆ گرتووە.

هونەرمەند کیڤان بارزانی لەساڵی ١٩٨٥ یەکەم پێشانگای تایبەتی لە قۆناغی سەرەتایی کردووەتەوە.

Top