هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان قۆناغی دووەمی بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای ئەوەی كۆمەڵێك ئاستەنگی سەختی وەك «پەتای كۆڤید 19، دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار سفر، پاشاگەردانیی سیاسیی ناو پەرلەمان، بڕیارەكانی بەناو دادگای فیدڕاڵی عێراق (جارێك بە نەناردنی پشكی هەرێمی كوردستان و جارێك بە ناساندنی یاسای نەوت و گازی هەرێم بە نادەستووری)، هەروەها دروستكردنی چەندین كۆسپی دیكە وەك «هێرشی ڕۆكێت و درۆنەكان بۆ سەر هەولێر، ناتەبایی نێوان پارتی و یەكێتی و.. هتد» تێپەڕاند، لە هەمان كاتدا بە سەدان پڕۆژەی گەورە و مامناوەندی و بچووكی لە بوارەكانی «كشتوكاڵ، پیشەشازی، ئاودێری و بەنداوەكان، گەشتیاریی، ڕێگابان، پیشەسازیی پەترۆڵی نەوت و گاز و...هتد» ڕاگەیاندووە و، بەشی زۆری ئەو پڕۆژانە تەواو بوون، ئەوەشی ماوە، كاریان تێدا دەكرێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا كابینەی نۆیەم بە بێ ئەوەی یەك دینار قەرز بكات، زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزی ڕابردووی داوەتەوە، مووچەی فەرمانبەرانیشی بە تەواوەتی دابین كردووە، ڕاستە لەوانەیە یەك دوو هەفتە مووچەی فەرمانبەران دوا كەوتبێت، بەڵام ئەوە ماوەی دوو ساڵە فەرمانبەران هەموو مانگێك مووچەی تەواوی خۆیان وەردەگرن.
سەرباری هەموو ئەو قەیران و هەڕەشانەی ڕووبەڕووی ئەم كابینەیە بوونەوە و ئەو دەستكەوتانەش كە لەم كابینەیە بەدەست هاتوون، كابینەی نۆیەم ڕاستییەكی ڕۆشنی بۆ دۆست و دوژمن ئاشكرا كرد، كە سەرۆك مسعود بارزانی سازش لەسەر ستراتیژیەتی بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز ناكات.
هەڵبژاردنی داهاتوو
وەرچەرخانێكی گرنگ لە پرۆسەی سیاسیدا
بەداخەوە ساڵی پار (2022) پەرلەمانی كوردستان لەبەر ململانێی تەسكی حزبایەتی و ترس لە ئاكامەكانی هەڵبژاردن، ڕەوتە یاساییەكەی خۆی ون كرد و نەیتوانی یاسای هەڵبژاردن هەموار بكاتەوە و، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كارا بكاتەوە، هەر بۆیە بە ناچاری و بۆ ئەوەی كوردستان نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، بریار درا تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێك درێژ بكرێتەوە، لە دوای درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمانیشەوە، بۆ ئەوەی ئاستەنگەكانی بەردەم هەڵبژاردن لابچێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەموو ئەو گۆڕانكارییانە ڕازی بوو كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای دەكرد، بۆ ئەوەی لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژارندا بكرێن، تەنانەت لەسەر مەسەلەی كۆتای پێكهاتەكانیش پارتی پێشنیاری كرد، «نوێنەری پێكهاتەكان لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كۆببنەوە و خۆیان چ بڕیارێكیان دا، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان پەسەندی دەكات»، لەمەش زیاتر پارتی داوای كرد، كۆمیسێونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش با وەك خۆی كارا بكرێتەوە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی پارتی لەو كۆمیسیۆنەدا كەمینەیە و بەپێی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی 2019 مافی خۆیەتی ئەندامێكی دیكەی لەو كۆمیسیۆنە بۆ زیاد بكرێت، بەڵام مخابن، ئەنجامی ئەم هەموو نەرمی نواندنەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاكامەكەی ئەوە بوو كە لە 22ی ئایاری ڕابردوو لە پەرلەمان هەموو لایەك بینییان، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەك كادرێكی حزبی ڕەفتاری كرد و، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی پێشێل كرد و، دوای ڕاگەیاندنی دانیشتنەكەی پەرلەمان، دەسەڵاتی بەخۆی دا، كە دانیشتنەكە كۆتایی پێ بێنێت، كە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا دەسەڵاتی كۆتاییهێنان بە دانیشتنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی نەك سەرۆكی پەرلەمان، بەڵكو لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی پەرلەمان (سەرۆك، جێگر، سكرتێر)یشدا نییە و، ئەو دەسەڵاتە هی دانیشتنەكەی پەرلەمانە و دەبێت بە دەنگدان دانیشتنەكە كۆتایی پێ بهێنرێت، یان بەردەوامیی پێ بدرێت، بەڵام دوای ئەوەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەم پێشێلكارییەی پەیڕەوی ناوخۆی ڕەت كردەوە و قبووڵی نەكرد، ئەو ئاژاوە و پاشاگەردانییەمان بینی كە فراكیسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەناو پەرلەماندا دروستیان كرد، دروستكردنی هەموو ئەم ئاستەنگانەش لە پێناوی ئەوە بوو كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا نەكرێت، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بە سیاسەتی دووربینانەی خۆی هەستی بەوە كردبوو، كە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان ئەرێنی نابێت، بۆیە بڕیاری دا، پێش ئەوەی دادگای فیدڕاڵی ئەو بڕیارە نەرێنییە بدات، ئەوا دەبێت سنوورێك بۆ مۆنۆپۆلكردنی سیاسیی پەرلەمان دابنرێت و، دەبێت ئیرادەی هەرێمی كوردستان بڕیار لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان بدات، نەك بڕیارێك لە دەرەوەی ئیرادەی هەرێمی كوردستان.
بە هەرحاڵ ئەم واقیعە سیاسییەی دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی هاتووەتە ئاراوە، بەرەنجامی ئەو فەوزا سیاسییە بووە كە بۆ بەرژەوەندیی تەسكی حزبایەتی، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە هێنراوەتە ناو پەرلەمانی كوردستان و، جیا لەوەی دانیشتنە ئاساییەكانی پەرلەمانیشی پەك خست، لە هەمان كاتدا هەوڵێكی ئاشكراش هەبوو، بۆ ئەوەی دامەزراوەی پەرلەمان وەك بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان لە هەرێمدا بكرێتە بارمتەی بەرژەوەندیی تەسكی لایەنێكی سیاسی، سەرەنجامیش ئەو فیتنە سیاسییەی بۆ لێدانی شكۆی پەرلەمان دروست كرا، هەموو ڕیسی ئەو لایەنەی كردەوە بە خوری و، خۆ ئەگەر ڕێز لە شكۆی پەرلەمان بگیرایە، ئەوا بە هەموو لایەك هەم یاسای هەڵبژاردن هەموار دەكرایەوە، هەمیش كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانیش كارا دەكرایەوە، لەمەش زیاتر ئەو ژینگە سیاسییەی هەڵبژاردنمان تێدا ئەنجام دەدا، ژینگەیەكی سەقامگیرتر دەبوو، ئەو هەموو ترس و نیگەرانییەی دەڕەواندەوە كە ماوەی ساڵێك زیاترە لایەنە سیاسییەكان لێی دەترسان كە لەسەر سندوقەكانی دەنگدان ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم قۆناغەش تێپەڕێنین و لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان پێڕەوی ئەو نەخشە سیاسییە بكەن، كە سەرۆك مسعود بارزانی پێشتر بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دایڕشتووە، كە خاڵە گشتییەكانی بریتین لە:
1. سەرۆك بارزانی چەند مانگێكە بڕیاری داوە بەوەی دەبێت ئەمساڵ لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت و نابێت هیچ ئاستەنگێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروست بكرێت و قبووڵ ناكرێن.
2. لەبەر ڕۆشنایی ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیان كردووە و، دوای گۆڕینەوەی بیروڕا لەسەر ڕۆژێك بۆ هەڵبژاردن ڕێككەوتوون و، دوای ئەم ڕێككەوتنە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 18ی 11ی 2023ی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاندووە.
3. بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە مسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئامادەباشیی حكومەتی پیشان داوە بۆ دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا.
4. سەرۆك بارزانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاسپاردبوو، هەموو نەرمییەك بۆ مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بنوێنن، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.
5. دوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی و بۆ چارەسەركردنی ئەو بارودۆخەی هاتووەتە پێشەوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی هەوڵەكان لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی فیدڕاڵی چڕكراونەتەوە، بۆ ئەوەی بە لێكتێگەیشتن ڕێوشوێنێكی یاسایی دابنێن بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بكات.
وێڕای ئەم هەموو ئامادەباشییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا، لە هەمان كاتدا هەوڵە سیاسییەكانیش بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەگشتی و یەكێتیی نیشتمانیی بەتایبەتی بەردەوامە و لە یادی دامەزراندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا لەم ئاستانەدا پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەیان كراوە:
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە باڤڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كردووە و لە ڕێگەی ئەویشەوە پیرۆزبایی لە تەواوی ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە.
مسرور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆك و تەواوی ئەندامانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە و، هیوای تەبایی و برایەتی لە نێوان هەردوولادا خواستووە.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە و، داوای كردووە كە پێكەوە بەرەو هەڵبژاردنێكی تازە لە كوردستان هەنگاو هەڵبگرن.
ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی كە ئامانجی سەرۆك بارزانی تەبایی و یەكڕیزیی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە بەرەو هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاو هەڵبگرین.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بكەین كە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسساز دەبێت و، جارێكی دیكە دەسەڵات دەگێڕێتەوە بۆ گەلی كوردستان بۆ ئەوەی لەسەر سندووقەكانی دەنگدان بڕیاری خۆی بدات، هەروەها ئەم هەڵبژاردنە زۆر لەوە گەورەتر كام لایەن سەركەوتوو دەبێت یان كام لایەن دۆڕاو دەبێت، بەڵكو ئەم هەڵبژاردنە وەك هەڵبژاردنی ساڵی 1992 چارەنووسسازە، ئەگەر بە سەركەوتوویی ئەنجام بدرێت، هەموو كوردستان سەركەوتوو دەبێت و قۆناغێكی نوێ لە پرۆسەی سیاسیدا دێتە ئاراوە، كە قۆناغی دووەمی بونیادنانی ئەو كوردستانە بەهێزە دەبێت كە حزبە سیاسییەكان ڕادێن لەسەر ئەوەی ڕێز لە دەنگی خەڵك و شكۆی دامەزراوە دەوڵەتیەكانی هەرێمی كوردستان بگرن.