هێمن سارمەمی درێژە بە کاروانی حەیران دەدا
فەرهەنگ غەفوور
بۆتەی حەیران یەکێکە لەو فۆرمانەی گۆرانیی کە کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەت پێی دەناسرێتەوە، کاتێ باسی حەیران دەکرێ، یەکسەر ناوی هەولێر دێتە ناو یادەوەری و وەک دووانەیەکی لەیەک دانەبڕاو ناویان دێ.
ئەمەش لەخۆڕا دروست نەبووە و هیمەتی باو و باپیرانمانە و دەماودەم تا ئێستا هاتووە.
ئەگەرچی رۆژگاری ئەمڕۆ زۆربەی کولتوور و بابەتە کەلەپوورییەکان کاڵ بوونەو رۆژ دوای رۆژ لە کەمی دەدەن، لەناویشیاندا حەیران و لاوک و مەقام و هۆرە و سیاچەمانە و هەموو ئەو ریتمە رەسەنانەی تایبەتن بە کورد، بەڵام لێرەولەوێش کەسانی بەهرەمەند و خودان خولیا، بەردەوامیی پێ دەدەن.( سارمەمی )یەکێکە لەو گەنجانەی رێچکەی حەیرانی گرتووە و ئومێدێکی زۆری لێ دەکرێ، لەگەڵ کەسانی دیکەی ئارەزوومەندی ئەم ریتمە، ئەو کانیاوە سازگارە بپارێزن و کوێری نەکەنەوە.