گۆنا عەلی : هەندێك یانە هیچ بایەخـــێك بە وەرزشـی ئافرەتان نادەن

گۆنا عەلی : هەندێك یانە هیچ بایەخـــێك بە وەرزشـی ئافرەتان نادەن
گۆنا عەلی یەكێكە لە باشترین یاریزانەكانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی و كاپتنی یانەكەیە لەیاری تۆپی بالە، گۆنا لە دایكبووی 1989ی شاری سلێمانیە و قوتابی قۆناغی چوارەمی كۆلێژی بازرگانیە و یاری بۆ یانەكانی هەڵبجەی شەهید و پێشمەرگەی سلێمانی و چەند یانەیەكی تر كردووە، لەهەمان كاتدا یاریزانی تێنسی سەر مێز بووە دواتر رووی لە یاری بالە كردووە، بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەم كچە یاریزانە ئەنجام بدەین.
* چۆن دەڕوانیە ئاستی وەرزشی ئافرەتان لە كوردستان؟
- ئەوەی راستی بێت وەرزشی ئافرەتان لەمساڵە لەچاو ساڵانی پێشتر لەكوردستان پێشكەوتووە، بەڵام هیوادارم ئاستەكە زیاتر پێش بكەوێت.
* ئایا یانەكان بایەخ بە ئافرەتان دەدەن؟
- لەلایەن هەندێك یانە هیچ بایەخێك بە وەرزشی ئافرەتان نادەن، ئەمەش لەبەر نەبوونی ماددە، چونكە ماددە هەموو شتێكە، ئەگەر پارە هەبێت تەئكیدم كە تیپی زۆر بەهێز و تۆكمە لە كوردستان دروست دەبێت.
* بۆچی ئافرەت بە كەمی روو لە وەرزش دەكەن؟
- چەند هۆكارێك هەیە، كە گرنكتریان بۆ باری كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، لە كوردستان یاریزانی كچی زۆر باشمان هەیە، بەڵام بەهۆی دابونەریتی كۆمەڵایەتی كچەكان روو لە وەرزش ناكەن و هەروەها دایك و باوك رێگە بە كچەكان نادەن بچنە دەرەوەی شارەكەی خۆی یاخود كوردستان، بەڵام سوپاس بۆ خوا ماڵەوە هیچ رێگر نینە لە بەردەمم بۆ ئەوەی وەرزش بكەم، بەتەواوی بەشداری گشت پاڵەوانیەتیەكانی دەرەوە و ناوەوەی كوردستان دەكەم.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی وەرزشی ئافرەتان پێشبكەوێت؟
- دەبێت یانەكان زۆر بایەخ بە ئافرەت بدەن و هەروەها هەموو شتێكیان بۆ دابین بكرێت و ئاسانكاری بۆ وەرزشوانە كچەكان بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن روو لە وەرزش بكەن.
* چۆن دڕەوانیە ئاستی تۆپی بالە لە كوردستان؟
- ئاستی تۆپی بالە لە كوردستان مام ناوەندییە و دەبێت لەساڵانی داهاتوو زیاتر بایەخی پێبدرێت بۆ ئەوەی پێش بكەوێت.
* دوا وتەت چییە؟
- هیوادارم لە كوردستان وەرزش زیاتر پێش بكەوێت و بایەخی پێبدرێت.
Top