ســـــــەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجە دواخست

ســـــــەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجە دواخست

بەهۆی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجە بۆ یەکشەممەی داهاتوو دواخرا.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە، پێش کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە.

بڕیار بووە لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بکرێت، کە چەند مادەیەکی تایبەتن بە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، محەممەد شیاع سوودانی گفتوگۆی لەبارەی هەمواری یاسای بودجە دواخستووە بۆ رۆژی یەکشەممەی داهاتوو و بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی گوتووە، "ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، گفتوگۆ لەبارەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین. پێویستە ئەو گفتوگۆیە بۆ رۆژی یەکشەممە دوابخەین."

هەروەها گوتوویەتی، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا گفتوگۆ لەبارەی هەموارەکە دەکات و پەسندی دەکات، دواتر دەینێرنە پەرلەمانی عێراق تاوەکو دەنگی لەسەر بدرێت."

پێشتر، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، مەبەست لە سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، پارێزگاریکردنە لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

Top