هیچ شتێك وەك ئەوە چێژ بەخش نییە خزمەت بە گەل و نیشتمانی خۆت بكەی

هیچ شتێك وەك ئەوە چێژ بەخش نییە خزمەت بە گەل و نیشتمانی خۆت بكەی


یسرا یاریزانی تۆپی پێی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق
هیچ شتێك وەك ئەوە چێژ بەخش نییە خزمەت بە گەل و نیشتمانی خۆت بكەی
هەولێری پایتەختی كوردستان هەموو كات لە یاری فوتساڵ خاوەنی چەندین كچە یاریزانی بەتوانابووە و گرنگی زۆر بە یاری تۆپی پێی كچان دەدات، هەموو كات كچە یاریزانانی ئەو پارێزگایە بەردەوام لە ڕكابەری سەرسەختی یانەكانی تری كوردستان و عێراقن لە یاری فوتساڵ و تۆپی پێی گەورە، لە زۆربەی چاڵاكییە وەرزشییەكان ساڵانە یاریزانانی پایتەخت بۆ یانەكانی تری شارەكانی عێراق یاری دەكەن ، پایتەخت خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ساڵانە لە هەریەك لە خولەكانی كوردستان و عێراق بەشدارن، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی هەولێر كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكان لەسەر ئاستی كوردستان ئەویش یسرا ئیبراهیم حەسەن-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2001ی پارێزگای هەولێرە بۆ یانەكانی ئافرەتانی هەولێر و هێرش و زانكۆی سەلاحەدین و ئەمساڵیش بۆ ئافرەتانی دهۆك یاری كردو توانی نازناوەكە ببەنەوە، لە خولی عێراقیش بۆ یانەكانی زەورا و نەفتی باكور یاری دەكات، جگە لەوەش یاریزانی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراقیە لە یاریگای گەورە بۆ یاری تۆپی پێی ، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی یاری فوتساڵ چۆن دەبینی لە كوردستان ؟
- ئاستی یاری فوتساڵ زیاتر بەرەوپێش دەچێ لە ڕووی ناساندنی بە كچە یاریزانانەوەكە خولیای یاری تۆپی پێیان هەیە.

*ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
-بێگومان نەبوونی بەردەوامی لە بەرێوەچوونی خول و بەردەوام نەبوونی مەشق كردنی لێ دەكەوێتەوە و ئەوەش هۆكارە بۆ دابەزینی ئاستی یاریزان چ لە ڕووی جەستەییەوە بێ چ لە ڕووی دەرونییەوە كاریگەری خۆی دەبێ.
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان بەرز بكرێتەوە؟
-هیوادارم زیاتر گرنگی بە تۆپی پێی كچان بدرێت و خول و پاڵەوانێتی زیاتر بكرێتەوە بە تایبەتی لە شارەكانی كوردستان
* گرفتی وەرزشیی یاری فوتساڵ لە چی دەبینی ؟
- هیچ گرفتێك لە بەرێوەچوونی یارییەكان نییە، تاكە گرفت نەبوونی خولە كە ساڵانە تەنها یەك خول بۆ فوتساڵی كچان دەكرێتەوە لە كوردستان.
*لەلایەن یانەكانەوە گرێبەستت پێشكەش كراوە؟
- لە زۆربەی یانەكانی عێراق گرێبەستم بۆ دێ و ئەمساڵیش باگێشتی هەڵبژاردەی عێراق كرام بۆ بەژداری لە پاڵەوانێتی ڕۆژ ئاوای ئاسیا.
*بەنیازی چی بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە یاریزانێك؟
- ناساندن و بەردەوامی دان بە وەرزشی كچان لە كوردستان و عێراق.
* یاری كردن لە یاریگای گەورە بۆ كچان زەحمەت نییە؟
- یاریكردن لە یاریگەی گەورە خەونی منە و هیچ بەلامەوە زەحمەت نییە، بەڵام نەبوونی پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی بۆ یاری تۆپی پێی كچان بۆ یاریگای گەورە هۆكارە بۆ بەرەوپێش نەچوونی یاریزانە لەم یاریگایە.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-داواكارم كە گرنگیەكی زۆر بە وەرزشی كچان بدرێ و پشتگوێ نەخرێن، چونكە زۆر یاریزانانی بەهرەمەند هەن كە تا ئێستا نازانن كە ساڵانە خول بۆ كچانیش دەكرێتەوە، پێویستە وەرزشی كچان زیاتر بناسرێ و تا ئەوانەی خولیای وەرزشیان هەیە بێبەش نەبن.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو كچە یاریزانێكی كورد؟
-خەونم یاری كردنە لە ریزی یانە ئەوروپییەكان.
*بەهیوای ئەوە نیت كە هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانانی هەڵبژاردەكە بیت؟
-بێگومان هیچ شتێك وەك ئەوە چێژ بەخش نییە خزمەت بە گەل و نیشتمانی خۆت بكەی هیوادارم ڕۆژێك ئەوە ڕووبدات.
١٤*لە هەردوو خولی كوردستان و عێراق یاری دەكەی كامەی بەهێزتر وچێژبەخشترە؟
- بەلێ لە هەردووك خول یاری دەكەم، بێگومان خولەكانی عێراق بەهێزترن و گرنگیان زیاترە..
* بە چ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
- ئاریان رۆبن و لونێل مێسی.
*یاری كردن لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقی چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
- خۆشترین هەستی ژیانی وەرزشیم بوو یاری كردن بۆ ریزی هەڵبژاردەی عێراق.
*سەركەوتن چ هەستێكت چی دەگەینێ‌ لای تۆ؟
-هەموو سەركەوتنێك چێژی خۆی هەیە، سەركەوتنیش بە هەوڵ و ماندوو بوون دەبێ.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤارەكەتان كەوا پشتگیری یایزانەكانی كوردستان دەكات ، بەهیوای ئەوەم قسەكانم بە هەند وەربگیرێ و بگاتە شوێنی خۆی.

 

Top