سەرۆک بارزانى و نەخشەى ڕێى پێکەوەی و کوردستانێکى بەهێزتر
ساڵانێکە نەیارانى کوردستان جۆرها سیناریۆ و پیلان تاقى دەکەنەوە لە پێناو لاوازکردن یانیش ئەگەر بۆیان بکرێت نەهێشتنى قەوارەى هەرێمى کوردستان و لە باربردنى دەستکەوتەکانیان ، هەڵبەتە بەکارهێنانى ئەو پیلانگێرى و خەونانە زۆرجاران بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و هەندێک لایەنى لاواز لە ڕووى نیشتیمانپەوەرى و کوردپەوەری و بەهۆى پێشخستنى بەرژوەندى کەسى و حزبیانەوە نەیارانى کوردستان توانیوویانە تا رادەیەک بە خەون و مەرامەکانیان بگەن ، ئەویش بەرێگەى زیانگەیاندن بە بیروباوەرى کوردپەوەرى و نیشتیمانپەوەرییەوەیە ، یانیش بەکارهێنانى جۆرها کارتى گوشارى وەک دادگە و هێزى سەربازى و دارایی و ئابوورییەوە ، بەڵام خۆشبەختانە بوونى حزبێکى بەهێز و سەرکردایەتییەکى ژیرانە و گەلێکى خۆڕاگر ڕێگەى نەداوە خەونى ناحەزانى ئەم گەل و نیشتیمانە بێتەدى.
بۆیە، ئیتر کاتى ئەوە هاتووە مامەڵەیەکى واقیعیانە لە گەڵ هێز و لایەنەکان بەشدار لە پرۆسەى سیاسى هەرێمى کوردستان بکرێت و ئەوەى لەماوەى 5 خولى پەرلەمانى و 9 کابینەى بەڕێوە چوو ئیتر دووبارە نەبێتەوە واتا هەر حزب و لایەنێک بە قەد قەبارە و کورسییەکانى خۆى ، ئەوەش تەنها لە پێناو بەهێزترکردنى پایەکانى حکوومرانى و بەهێزترکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان .
هەر ئەوەش وایکرد پارتى دیموکراتى کوردستان لە ماوەى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستان و پێشتریش سەرۆک بارزانى ڕاشکاوانە نەخشەڕێگەیەکى نوێى لە پێناو داهاتوویەکى باشتر و پڕ دەستکەوتر و کوردستانێکى بەهێزتر خستە رووى کە پێکهاتووە لە ( یەک هەڕێم ، یەک پەرلەمان ، یەک حکوومەت و یەک هێزى پێشمەرگە)، هەڵبەت ئەم نەخشە و پلانە ستراتیژییە لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتیمانە کە سەرۆک بارزانى لە پەرۆشى و خەمخۆریان بۆ ئێستا و ئایندەى کوردستان پێشنیارى کردووە و ئەوە هەنگاوێکى زۆر گرنگ و مێژووییە بەدڵنییاییەوە رەزامەندى وڵاتانى زڵهێز و دۆستانى گەلى کوردیشى پێوە دیارە وەک چۆن لە رابردوو جەختیان لە سەر بوونى کورستانێکى بەهێزتر وپشتیوانیکردنى دەکردەوە .
بۆیە، ئیتر کاتى ئەوە هاتووە بە رژدى و ڕەچاوى بەرژوەندییەکانى گەل و نیشتیمان بکرێت و چونکە ئیتر لە دواى 20ى ئۆکتۆبەرى 2024 وە بۆ هەمووان ر وون بۆوە کە هەرێمى کوردستان چووە قۆناغێکى نوێى و جیاوازەوە و جارێکى تر دیموکراسى و ئازادى و پارێزەرى قەوارەى هەرێمى کوردستان سەرکەوت و شەرعییە و شکۆ بۆ پەرلەمان و هەرێمى کوردستان و دامەزراوەکانى بە شێوەیەکى گشتى گەڕایەوە .
زۆر گرنگە و دەبێ پەلە بکرێت لە پێکهێنانى کابینەى دەیەم ، حکوومەتى هەرێمى کوردستان و هەموو ئەو نەخشە ڕێگە و بنەمایانەى کە سەرۆک مسعود بارزانى پێشنیارى بۆ کردووە ، بە پێى ماف و کورسى هەر حزب ولایەنێک ڕەچاوى ژمارەى دەنگ و متمانەى خەڵکى کوردستان بکرێت . بۆیە ، ئێستا هەموو خەڵکى کوردستان چاوەروانى کوردستانێکى سەقامگیرتر و گەشەسەندووتر و تەبا دەکەن لە پێناو بونیاتنانى کوردستانێکى بەهێزتر دا .
.