سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکات.
رۆژی دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا رایگەیاند: "هاوبەشیی بەهێزی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا بەرز دەنرخێنین و چاومان لەوەیە لە نزیکەوە پێکەوە کار بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی، سەقامگیری و بەها هاوبەشەکان"
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەی دا دەشڵێت: "بە ناوی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە، پیرۆزبایی لە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا."
پێشتر، رۆژی 08-12-2024، لە کاتی کردنەوەی کاتێدراڵی نۆتەردام لە پاریس، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ هەبوو کە ئەوکات سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد و وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا گەڕایەوە کۆشکی سپی.
ترەمپ لە یەکەم پەیامی دوای دەستبەکاربوونی رایگەیاند: ئێستا سەردەمی زێڕینی ئەمریکا دەستیپێکرد؛ لە ئەمڕۆ بەدواوە وڵاتەکەمان دەگەشێتەوە و رێزی لێ دەگیرێت.
ترەمپ گوتیشی: "گەڕانەوەی هێزی کۆمارییەکان بۆ دەسەڵات ئاسان نەبوو. بینیتان چۆن هێرش کرایە سەرم و گوللە بەر گوێم کەوت. بەڵام خودا منی پاراست بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەمریکا گەورە بکەمەوە."
هاوکات، باسی لەوە کرد، "متمانە بۆ دیموکراسی و ئازادی دەگەڕێنینەوە و لێرەوە دیموکراسیی ئەمریکا دەستپێدەکاتەوە."