خزمەتێكی باشی وەرزش بكەم

خزمەتێكی باشی وەرزش بكەم

چۆڤین چاڵاك یاریزانی بالەی یانەی ئەفرۆدێت

خزمەتێكی باشی وەرزش بكەم
تیپی بالەی كچانی ئافرۆدێتی شاری سلێمانی یەكێك لە تیپە بەهێزەكانی سەرەئاستی كوردستان و عێراقە لە یاری بالە، یانەكە گرنگی زۆر بە تیپەكانی كچان دەدات لە پارێزگاكە، جگە لە تیپەكانی بالە یانەكە خاوەنی چەندین تیپی جۆراوجۆرە لە سەر ئاستی كوردستان و ئەنجامەكانیان شایستەیە ، بالەی یانەكە ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خول و پاڵەوانێتیەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكە چۆڤین چاڵاك-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2002 ی پارێزگای سلێمانی یاریزانی یانەی ئەفرۆدێت، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

*وەكو كچێك چی وای لێ كردیت بچیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
-وەرزش خولیایەكە هەر لە تەمەنێكی كەمەوە لە نێو وەرزشدام، سەرەتا لە شاخەوانییەوە دەستم پێكرد توانیم بەرەوپێش بچم كە ئەكادیمیانە لەم وەرزشە بووم، جگە لەم بەردەوانیشم كردووە و خاوەنی بڕوانامەم هەر لەگەڵ ئەم وەرزشە یاری بالەم هەڵبژارد.
* یاری بالە وەكو حەز یان بۆ وەرزش هەڵتبژاردوە؟
- سەرەتا وەكو حەزێك یاری بالەم هەڵبژارد، پاشان وەكو وەرزشێك كە گونجاو بوو بۆم تێیدا خۆم بەرەوپێش ببەم، چونكە یاری بالە شان بە شانی یارییەكانی تر سوودی جەستەیی و دەروونی هەیە.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
- سەرەتا هەست بە قورسیەك دەكەیت، بەڵام لەگەڵ بەردەوام بوونت لەم وەرزشە و بەرەوپێش چووچنت هیچ قورسیەك نامێنێت بگرە لە داهاتوو دەتوانی لە ڕێی ئەم وەرزشەوە خزمەتی فێرخوازان بكەیت.
*یاری بالە چ ئاستێكی تێپەڕاندوە لە كوردستان؟
- تاڕادەیەك پێشكەوتووە دەتوانم بڵێم لە ساڵانی پێشووتر خولەكان بەردەوام هەبووە، لە ئێستادا تەنها خولی عێراقی هەیە كە یانەكان ئامادەكاری بۆ دەكەن، پاشان لە ڕێی ئەم خولەوەیاریزانی ئاست بەرز هەڵدەبژێردرێت بۆ خولەكانی دەرەوە.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- بە بۆچوونی من وەكو یاریزانێك بالە بتواندرێت خولی زیاتر بكەنەوە، هەموو سالێك پێش خولی عێراقی خولی كوردستانیش بكرێتەوە ئەمە وا دەكات چ ئاستی یاریزان چ ئاستی یانەكان دەربكەوێت.
*زۆر جار گوێ بیستی ئەوە دەبین دەڵێن یانەكانی كوردستان تیپی بالەی كچانیان پشتگوێ خستووە؟
- بەڵێ لە دیدی من كەمی خول و نەبوونی تێچوویەكی باش لە زۆربەی زۆری یانەكان ئەمەش وای كردووە كە زۆربەی یانەكان لە خولەكان بكشێنەوە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- خزمەتێكی باشی وەرزش بكەم.
*سەركەوتن چ مانایەك دەبەخشێ‌ لای تۆ؟
- سەەرتا بوونی ئامانج و بوونی ئیرادەیەكی بەهێز وات لێ دەكات سەربكەویت، سەركەوتن چیژێكی گەورەیی هەیە لام هەتا زیاتر بەرەوپێش بچم.

*لە ناوچەكەی ئێوە تا چەند گرنگی بە ئافرەتان دەدرێ، هیچ ڕێگرییەك هەیە ؟
- لە ساڵانی پێشوو ئەو ڕێگرییە زۆر بوو، بەڵام لە ئێستادا باشتر بووە و یاریزانی كچمان زۆر بووە بگرە زیاتریش دەبێت بە خزمەتكردنی ئەم وەرزشە وا دەكات ئافرەتان زیاتر بەشداربن.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك چیە لەم یارییە؟
- ئومێدم هەیە وەك باشترین یاریزان هەڵبژێردرێم وەكو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقیش وەربگیرێم.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی بۆ یاری كردن؟
- بەڵێ هەبووە بەڵام لەبەر دڵسۆزی و خۆشەویستیم بۆ یانەكەم و مامۆستاكەم ڕەتم كردۆتەوە.
*كێ بەهاوكار و پاڵپشتی خۆت دەزانی؟
- لەسەرەتا و ئێستاشم باوكم وەك هاوڕێیەكی باشم پاڵپشتمە.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان لەم ڕێگەیەوە ڕاوبۆچوونی یاریزانەكان نیشان دەدات و خزمەتێكی باشی وەرزش دەكەن.

 

Top