ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان باشە

ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان باشە

سۆز ئومێد یاریزانی باسكەی دەربەندیخان

ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان باشە
لە قەزای دەربەندیخان گرنگی زۆر بە یارییە جۆراوجۆرەكانی وەرزشیی ئافرەتان دەدرێت، یانەی وەرزشیی دەربەندیخانیش یەكێك لەو یانانەی كە گرینگی زۆر بە یاری تۆپی باسكە دەدات لە خولەكانی كوردستان و عێراق،لەم ناوچەیە گرنگی زۆر بە وەرزشی ئافرەتانیش دەدرێت لە پاڵ پیاوان، چەندین كچە یاریزانی بەتوانا هەیە لە یارییە جۆراوجۆرەكان ئاست و ئەنجامیان بەرچاوە، كچە یاریزانانی ئەم دەڤەرە دەیانەوێ لە رێگەی وەرزشەوە زیاتر ئاستی خۆیان بەرەوو پێش ببەن، لە یاری باسكەش شارەكە خاوەنی ژمارەیەك یاریزانی ئاست بەرزەن، یەكێك لەم كچە یاریزانانەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەویش سۆزی ئومێد-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان یاری تەنیا یاری بۆ یانەی دەربەندیخان كردوە، لەدایك بووی ساڵی 2005 قەزای دەربەندیخان ماوەی شەش ساڵە لە تیپەكە بەردەوامە ، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو بڕیارت دا یاری تۆپی باسكە هەڵبژێریت؟
- سەرەتای دەست پێكردنم و چوونم بۆ یاری باسكە لە ڕێگەی خانەوادەكەم بە تایبەت باوكم و دایكم بوو، ئەوان زۆر هاوكارم بوون بە تایبەت دایكم زۆر پشتگیریمە ماوەی شەش ساڵە بەردەوامم لەم یارییە.
*هەست ناكەی وەرزشێكی زیاتر تەكنیكیت هەڵبژاردوە زیاتر كێبڕكییە؟
- لەگەڵ ئەم یارییە دەژیت و وردە وردە فێر دەبیت، ڕاستە ورەدەكاری زۆرە بەڵام تێكەڵت دەبێ و ئەو حەزەی هەتە بۆ باسكە قورسیەكانت لا ئاسان دەكات.
*بۆچی یاری تۆپی باسكە لە ئاستی پێویستدا نییە؟
- بە پێی پێویست گرنگی پێ نادرێ و كەمتەرخەمی تێدا دەكرێ، هێشتا خەڵكانێك هەن زۆر بە هەلە بیر دەكەنەوە هەندێكیان وەرزش بە عەیبە دەبینن بە تایبەت بۆ ئافرەتان و زیاتر گرنگی بە تۆپی پێی دەدرێ نەك یاری باسكە؟
* ئەم وەرزشە بە شێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە لە شارەكان بە تایبەت بۆ كچان هۆكاری چییە؟
- بە گشتی وەرزش بۆ ئافرەت و بە تایبەت لە كوردستاندا بەشێوەیەكی باش پێشوازی لێ نەكراوە، چونكە پاڵەوانێتی زۆر كەمە و چەند تیپێكی باسكە لە كوردستاندا هەیە و بەشداری پاڵەوانێتی عێراقی دەكەن ئەویش بە پێی توانای یانەكە لە ڕووی داراییەوە.
*ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- بە شێوەیەكی گشتی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان باشە، بەڵام كەموكورتی زۆرە سەپۆرتیشی كەكە ئەوەش ئەگەر پەرەی پێ بدرێ و پشتگیری بكرێ زۆر باش دەبێ یاریزانی زۆر باشی هەیە،بەڵام بە پێی پێویست گرنگیان پێ نادرێت بۆیە دەرناكەون.
*چی بكرێت باشە بۆ هێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشكاری كورد بۆ نێو ئەم یارییە؟
- دروست كردنی تیپی زیاتر و هاندانیان بە تایبەت لەلایەنی خێزانەكانیانەوە، وە دانانی هەر یاریزانێك لەو ئاستەی كە شایەنێتی و پێدانی هەڵ بۆ پێشكەش كردنی ئاستیان.
*بەرنامەت چیە وەكو كچە یاریزانێك بۆ داهاتوو؟
-بەردەوام بوونم و بەدەستهێنانی زۆرترین سەركەوتن، بتوانم ببمە یاریزانێكی پیشەگەر لە یانەكانی دەرەوە ئاستێكی باش پێشكەش بكەم لەگەڵ ئەوەشدا رێزی خۆم لە كۆمەڵگەدا لە دەست نەدەم.
*پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- خولی باشترمان هەبێ بۆ بوون بە ڕاهێنەر، پشتگیری مادی و مەعنەویمان هەبێ بۆ یاریزانە ئاست بەرزەكان و سزاش بۆ یاریزانە ئاست نزمەكان.
*گرفتی ئەم یارییە زیاتر لە چی دەبینی؟
-نەبوونی پاپشتگیری لەلایەن خێزانەكانەوە و نەبوونی پشتگیری لەلایەن دەستەی كارگێڕیی یانەكان و نەبوونی ڕوحیەت لە یاریزانان و تاك یاری كردنیان بۆ خۆ دەرخستن.
*خەونی وەرزشیت چیە بۆداهاتوو وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بەهیوای ئەوەم لە عێراق و بە تایبەت لە كوردستان لە ئاستێكدا ببینم ئافرەتان بتوانن وەرزش وەك سەرچاوەی بژێوی ژیان بەكار بێنن و ئاسانكاری زیاتریان بۆ بكرێ بۆ بەرەوپێشچوون.
*هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە لەلایەن یانەكانی عێراقی؟
- هیچ گرێبەستێكم پێشكەش نەكراوە.
*ئامانجت چیە لەم وەرزشە؟
-ببم بە یاریزانێكی پیشەگەر لە دەرەوەی ووڵات یاری بكەم و خزمەتی شارەكەم و وڵاتەكەم بكەم لە رێگەی وەرزشەوە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان هیوادارم ئەم جۆرە ناساندنە وەرزشیانە زیاتر پەرەی پێ بدرێ، چونكە ڕوحیەت پەیدا دەكات بۆ یاریزان وا لە یاریزان دەكات بڕوا بە خۆبوونی زیاتر بێ.

Top