داواکاریم ئەوەیە هەتا بتوانن هاوکاری پڕۆژە وەرزشییەکان بكه م
سروشت عومەر ڕاهێنەری فێرگەكان لە پارێزگای سلێمانی
داواکاریم ئەوەیە هەتا بتوانن هاوکاری پڕۆژە وەرزشییەکان بكه م
هەبوونی فێرگە وەرزشییەكان لە ئێستادا بۆتە هۆكارێكی باش بۆ پەروەردە و دروست كردنی یاریزانان لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان، فێرگەی فیوچەرستارش یەكێك لەو ژمارە فێرگانەی شاری سلێمانی كە خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە یاریزانانی ئەستەكانی تەمەنە لە یاری تۆپی پێی، جگە لەوەی یەكێك لە ڕاهێنەرە بەتواناكان سەرپەرشتی یاریزانانی ئەو فێرگەیە دەكات بۆ ئەوەی بتوانێ لە داهاتوو خزمەتێكی زۆر بە یاری تۆپی پێی بكات و ژمارەیەكی زۆر لە منداڵانی شارەكە پێشكەشی یانەكانی كوردستان بكات، یەكێك لە ڕاهێنەرەكانی فێرگەكەش سروشت عومەر-ە ،ناوبراو وەكو یاریزان بۆ یانەكانی ئافرەتانی هەولێر و ئافرۆدێت و سیروانی نوێ و نەفتی میسان و بەلەدی شاری بەغداد یاری كردوە، ئێستاش ڕاهێنەری ئەو فێرگەیە لە شاری سلێمانی، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1999پارێزگای سلێمانییە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*ئاستی یاری تۆپی فوتساڵ چۆن دەبینی ؟
- لەگەڵ کرانەوە و پێشکەوتنی کۆمەڵگە ئاستی تۆپی پێی کچانیش بەشێوەیەکی بەرچاو چۆتە پێشەوە و هۆشیارییەکی زۆری وەرزشی پەیدابووە لەناو تاک و خێزانی کۆمەڵگەکەمان کەهاوکاری کچەکانیان دەکەن بۆ هاتنە ناو یارییەکە و ئەمەش وایکردوە کە ڕێژەی یاریزانەکان زۆربێت و ڕۆژ بەڕۆژ ئاستی بەرەو بەرزبونەوە بڕوات .
*بەرێوەچوونی پاڵەوانێتی بۆ ماوەیەکی کەم تا چەند سوود بە یاریزانان دەكه ینێ؟
- بەڕاستی پاڵەوانێتییە ماوە کورتەکان تەنها وەکو چالاکییەکی خۆشی سەیر دەکرێت، و سودەکەشی دیاری کراوە ئەگەر چالاکی و پاڵەوانێتییەکان ماوە درێژبن بەدڵنیاییەوە سودی زۆری دەبێت.
*پێت باشە چی بکرێت بۆ ئەوەی یاری تۆپی فوتساڵی کچان بەرەوو پێش بچێت؟
- پێویستە کردنی چالاکی و خول و پاڵەوانێتییەکان زیاتر بکرێت و گرنگی بدرێت بە فێرگە و ئەکادیمیاکان تا زۆرترین یاریزانی کچ بەشداری تێدابکات بۆ ئەوەی لەڕێی ئەوەوە زۆرترین یاریزانی بەهرەمەند دەربکەوێت و ئاستی یارییەکە بەرەو پێش بجێت.
٤*گرفتی یارییەکانی تۆپی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
- نەبوونی تیمی زۆری کچان و نەبوونی هۆڵەکانی فوتساڵ بۆ ئەنجامدانی یارییەکە و گرنگی نەدان بەیارییەکە لەلایەن بەرپرسانی وەرزشەوە لەگرفتە سەرەکییەکانی ئەم یارییەن.
*بڕیارت نەداوە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی یانەیەک بگریتە ئاستۆ؟
- بەهۆی کەمی یانەکان و چالاکی و خولەکان، نەخێر بڕیارم نەداوە لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەرکی ڕاهێنەری یانەیەکیش بگرمە دەست بەس بۆ کاتی ئەو خولە دەبێت کە دەکرێتەوە، منیش حەز دەکەم لە کاره كانم پلانی درێژ خایەنم هەبێت و کاتم زۆر لەبەردەست بێت بۆ ئەو تیمەی کە کاری لێ دەکەم .
*بەنیازی چی بۆ داھاتووی خۆت وەکو کچە ڕاهێنەرێک؟
- گەورەکردنی ئەم پڕۆژەیەی کە ئێستا کاری تێدا دەکەم بە بەهێزکردنی تیمی کچانەکەی و پەروەردەکردنی کۆمەڵێک یاریزانی باشی بەتوانا کەبەیەکەوە گەورەبن و تا بتوانین لە داهاتوویەکی نزیک ببین بە ژمارەیەکی گەورە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.
*لەگەڵ ئەوەی یانەکان پشت بە ڕاھێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
- بەبڕوای من ئەوە شتێکی ئاساییە و بەشێکە لەپڕۆسەکە، بەڵام وەکو حەز حەز ئەکەم زیاتر پشت بەتوانا ناوخۆییەکان ببەسترێت.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- داواکاریم ئەوەیە هەتا بتوانن هاوکاری پڕۆژە وەرزشییەکان و کادرە لاوەکانی بواری وەرزش بن و هەوڵ بدەن لاوەکان بهێننە پێشەوە تا تواناکانیان دەربخەن .
*خەونی وەرزشیت چیە وەکو یاریزانێک؟
- بەڕاستی من ئێستا وەک ڕاهێنەرێک بەردەوامم و یاری ناکەم لەبەر ئەوە ئەتوانم بڵێم بون بەڕاهێنەرێکی باش و بەتوانا و پەروەردەکردن و دروستکردنی تیمێکی زۆر باشی کچان.
*کردنەوەی ئەم فێرگانە تا چەند سوودی هەیە بۆ دۆزینەوەی یاریزانان؟
- سودێکی زۆری هەیە لەبەر ئەوەی ئێستا وەک ساڵانی پێشتر نییە منداڵ لە کۆڵانەکاندا یاری بکەن و فێرگەکان هەڵدەبژێرن بۆ یاری کردن لەوێشەوە توانا و بەهرەکانیان دەر دەکەوێت .
* ئێوە بە چ شێوازێک بەدوای یاریزانان دەگەڕێن؟
- فێرخوازەکان ئێمە دەدۆزنەوە و لامان یاری دەکەن و باشترینەکان ئاستەکانیان جیا دەکرێتەوە و بەو شێوەیە ئەچنە قۆناغی داهاتوو.
* بەرنامەت چییە بۆ داهاتوو؟
- بەردەوام بوون لەکاری ڕاهێنەرایەتی و گەورەکردنی ئەو فێرگەیەی کاری تێدا دەکەم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەم هیوای بەردەوامیتیان بۆ ئەخوازم، یەکێکن لەهۆکارەکانی بەرەوپێشچوونی وەرزشی کچان بە گرینگیدانتان بە بوارەکە.