یانەی سەنگەسەر هەوڵی گەڕانەوە دەدات
یانەی سەنگەسەر هەوڵی گەڕانەوە دەدات
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی سەنگەسەری دەڤەری پشدەر وەرزی ڕابردوو نەیتوانی هەڵی گەیشتن بە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بدات و هەر چەندە گەیشتوو بە یاری كۆتایی، بۆ ئەم وەرزەش یانەكە دەیەوێت بە گڕو تینێكی زۆرەوە و دەست بە ئامادەكارییەكانی خۆی بكات بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم وەرزە پلێتێكی سەركەوتن بۆ خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بەدەست بهێنێت،بەڵام یانەكە گرفتی دارایی هەیە و تاكو ئێستا هیچ لایەنێك هەوڵی چارەسەركردنی گرفتە داراییەكانی یانەكەی نەداوە، لەم بارەشەوە بەختیار عەبدوللا گەورە سەرۆكی یانەی وەرزشی سەنگەسەر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" بۆ وەرزی ئەم ساڵی خولی یانە پلە دووەكانی كوردستان بەشدار دەبین هەر چەندە تاكو ئێستا وادەی دەستپێكردنی خولەكە دیار نییە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ بە شێوازێكی زۆر باش خۆمان ئامادە بكەین و ئەوەی لە توانامان بێت خزمەتی وەرزشی دەڤەرەكەمانی بكەین و لە پێناو ناوی یانەكەمان و بەرزكردنەوەی وەرزشی شارەكەمان كەمتەرخەمی نەكەین، لە بارەی گرفتەكانی یانەكەشی بەختیار گەورە گوتیشی" ئێمە نایشارینەوە كەوا گرفتی داراییمان هەیە لە یانەكە و تاكو ئێستاش كەس هەوڵی چارەسەر كردنی گرفتەكانی ئێمەی نەداوە، ئامانجمان ئەوەیە بتوانین دەرگایەكی هاوكاری بۆ یانەكەمان بكەینەوە بۆ ئەوەی ئەمساڵ هەموو هەولێك بدەین تیپێكی بەهێز و تۆكمە بۆ خۆمان دروست بكەین و بتوانین كێبڕكێ یانەكانی تری كوردستان بكەین و هەوڵی بەدەست هێنانی گەیشتن بە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان بدەین.