من لە وەرزش خەونم هەیە
سۆلاڤ یوسف یاریزانی بالەی یانەی تەقتەق
من لە وەرزش خەونم هەیە
یانەی وەرزشی تەقتەقی سەر بە پارێزگای هەولێر یەكێك لەم دەڤەرانەی كوردستانە كەوا خەڵكەكەی خۆشەویستی زۆریان بۆ وەرزشە جۆراوجۆرەكان هەیە، تیپی بالەی كچانی یانەكەش لای كارگێڕیی تیپەكە بەردەوام بەشداریان پێ كراوە لە خول و پاڵەوانێتیەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، یانەكە لە ئاستی بالەی كچان تیپێكی بەهێزە و خاون چەندین كچە یاریزانی بە توانایە و لە داهاتوو دەتواندرێ بۆ هەڵبژاردەی عێراقی پشتیان پێ ببەسترێ، كچانی ئەم دەڤەرە خۆشەویستی زۆریان هەیە بۆ یاری بالە بە تایبەت و دەڤەرەكە خاوەنی چەندین كچە یاریزانی بەتوانایە یەكێك لە كچە بەتواناكانی یانەكە كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكە سۆڵاڤ یوسف-ە ناسراوە بە لەدایك بووی ساڵی 2004 ی قەزای تەقتەق و ئێستاش بەردەوامە لە تیپی بالەی كچانی تەقتەق قوتابی زانكۆی كۆیە و جگە لە تیپەكەی خۆی یاری بۆ یانەی كۆیەش كردوە ، گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*وەكو كچێك چی وای لێ كردیت بچیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
- خانەوادەکەم خانەوادەیەکی وەرزشین وە وەرزش دۆستن ، بۆ هیچ چالاکییەکی وەرزشی ڕێگریان لێ نەکردووم ، ئاوات و ئارەزووی خۆشم یاری بالە بوو لە وەرزش، وە خێزانەکەشم پاڵپشتیان کردووم، بۆیە توانیم بەبێ گرینگی دان بە ڕەگەز بێمە ناو جیهانی وەرزشی.
* یاری بالە وەكو حەز یان بۆ وەرزش هەڵتبژاردوە؟
- من لە وەرزش خەونم هەیە، ئارەزووم هەیە، بۆیە ئەنجامی ده ده م ، بەبێ بەرنامە و ئامانجیش نایکەم.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
- هیچ وەرزشێک نییە ئاسان بێت ، لەبەر ئەوەی وەرزش تاکە شتێکە بەپێی ماندوو بوونی خۆت بەرامبەرەکەی وەردەگریتەوە ، هیچ کەسێک ناتوانێت بە پاڵ دانەوە لە ماڵەوە بگات بە کۆمەڵیک ئاست لە وەرزش، بۆیە هەموو وەرزشێک قورسە و مرۆڤی بەهێزیش دەبێت کاری قورس و گەورە ئەنجام بدات . .
*یاری بالە چ ئاستێكی تێپەڕاندوە لە كوردستان؟
- هەم وەکو یانە هەم وەکو یەکێتی تۆپی بالە ، بالە لە ئاستێکی خراپ دایە لەبەر ئەوەی بەراورد بە تۆپی پێی ئەو گرینگیە زۆرەی پێ نادرێت سەرەڕای ئەوەی لە تۆپی پێشدا چەند کەم و کورتییەک هەیە، بەڵام لە بالە زیاترە و کەمتر گرینگی پێ دەدرێت .
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان؟
- وەکو خولەکانی تۆپی پێی ساڵانە کاتی کردنەوەیان دیار بێت و، وە جێگیر بێت هەموو ساڵێک دڵنیایی بێت تاوەکو یاریزان بتوانێت هەوڵی بۆ بدات و خۆی بۆ ئامادە بکات .
*زۆر جار گوێ بیستی ئەوە دەبین دەڵێن یانەكانی كوردستان تیپی تۆپی بالەی كچانیان نادەن و پشتگوێ خستووە؟
- بەڵێ ڕاستە زۆربەی یانەکان تۆپی بالەیان پشتگوێ خستووە بەتایبەت لە کچان.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- ئارەزوو دەکەم وەک یاریزان بەردەوام بم لە بالە تاکو ئەو کاتەی توانام هەیە ، وە لە داهاتووشدا هەر لە بواری بالە بمینێمەوە یان لە بواری وەرزش بمێنمەوە جا لەهەر پایەکدا بێت.
*سەركەوتن چ مانایەك دەگەینێ لای تۆ؟
- سەرکەوتن واتە ئەوەی کە تۆ لە دوێنێی خۆت باشتر بیت ، هەر کاتێک کە تۆ لە دوێنێی خۆت باشتر بوویت کەواتە سەرکەوتووی ئەگەر پلانت بۆ ڕۆژی دواتریشت هەبێت.
*لە ناوچەی ئێوە تا چەند گرنگی بە ئافرەتان دەدرێ بۆ وەرزش كردن، ڕێگرییان لێ ناكرێ ؟
- لە ناوچەکەی ئێمە پشتگیری خانمان وەکو پێویست ناکرێت لە چاو ئەوەی کە یاریزانێکی زۆرمان هەبوو ساڵانی پێشوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ماڵەوە پشتگیری نەکران نەیان توانی بەردەوام بن ، وە ئەم ساڵ لە کۆتا پاڵاوانێتی تەنها ٣ سێ یاریزانی کچی ناوچەکەی خۆمان بەشدار بوو .
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك چیە لەم یارییە؟
- کچان کەمتر هیوایان بە وەرزش هەیە لە چاو کوڕانەوە لەبەر ئەوەی کار ئاسانی زیاتر بۆ ئەوان کراوە هەرچەندە لە بارودۆخی ژیاندا قورسایی بەسەر ئەوانیش هەیە، بەڵام لە پاڵاوانێتی و یانەکان کار ئاسانی زیاتر بۆ ئەوان کراوە.
* كێ بە پاڵپشت و پشتیوانی خۆت دەزانی؟
- خانەوادەکەم و هەر ڕاهێنەرێکی بەڕێز کە هاوکارم بوبێت بە پاڵپشت و پشتیوانی خۆمی دەزانم .
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەم هەموو خزمەتە زۆرە، هیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم هاوپیشەکانم دەخوازم وە إن شاوالله ئەگەر هەمووشمان نەبێت بەشێکمان بە خەونەکانمان بگەین لەم یارییە .