كێشە باوەكانی خێزان و كاریگەرییە دەروونییەكان لەسەر تاك

كێشە باوەكانی خێزان و كاریگەرییە دەروونییەكان لەسەر تاك

 

 

كێشەی خێزان دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیی هەمیشەییە و كێشەكەش واتا «بوونی ناتەواوییەك لە بناغە، یان لادانێك لەناو چوارچێوەی كۆمەڵگەدا». كێشەی خێزانی چییە؟ كێشەی خێزانی بریتییە لە نەخۆشییەك، یان حاڵەتێك كە تووشی تاكی كۆمەڵگە دەبێتەوە، كە ئەمەش كاریگەریی خراپ لەسەر تاكەكەس وەك ئەندامێكی خێزان، یان لەسەر تەواوی خێزان دروست دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كۆمەڵگەیەك نییە كێشەی خێزانی تێدا نەبێت و ئەگەری هەیە، ئەم كێشانە پەل بكێشن بۆ حاڵەتی جیابوونەوەی هاوسەران و ئەنجامدانی تاوان! سەڕەڕای ئەوەش پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیش تێكدەچن. هەروەها چەندین لایەنی نەرێنی و خراپ لەسەر لایەنی دەروونیی ڕۆڵەكانی كۆمەڵگە دروست دەكات، وەك تووشبون بە گرفتی دەروونی، خەمۆكی، دڵەڕاوكێ، فشاری دوایی زەبری دەروونی، ترس (تۆقین)، سترێس، تووڕەبوون، گۆشەگیری، پڕبوون لە ڕق و كینە و هەستكردن بە كەمی لە ڕووی دەروونییەوە و چەندین شڵەژانی دیكەی دەروونی.

چەندین گیروگرفت هەن كە لە ئێستادا ڕووبەڕووی تاكەكانی خێزان دەبێتەوە و لەم سەردەمەدا باوترینیان بە گشتی پێكدێت لە: كێشەی دارایی و هەژاری، كێشەكانی پەیوەست بە كاركردن، كە زۆرجار ژینگەی كار دەتوانێت، ببێتە هۆی دروستبوونی كێشە لە ژیانی خێزاندا، هەروەها جیاوازیی تەمەن و ڕەگەز، چونكە بیركردنەوەكان لەسەر ڕەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگە كاریگەری دروست دەكات، نەبوونی پەیوەندیی توندوتۆڵ (چ لە ڕووی سۆزدارییەوە بێت، یان لە لایەنی كۆمەڵایەتی)، پەروەردەكردنی منداڵ (كە زۆرجار لە پەروەردەكردنی منداڵ ناكۆكی ڕوودەدات)، ئەوانەش هەموویان پێویستییان بە دادپەروەری لە دابەشكردنی ئەركەكانی ژیانی ڕۆژانە هەیە. هەروەها بوونی كۆمەڵێك یاسا و دابونەریتی كۆمەڵایەتی، ئەنجامدانی هەر كارێكی نائاسایی و ناشەرعی، وەك بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، یان مەی خوراردنەوە، یان هەر خوویێكی خراپ، كە دەچێتە قاڵبی شڵەژانەكانی دەروونی و لە هەمووی گرنگتریش بوونی دەرووندروستی و تەندروستییەكی باشە، چونكە ئەم لایەنە كاریگەریی ڕاستەوخۆی لە دروستبوونی كێشە خێزانییەكان هەیە.

لێرەدا دەمەوێت زیاتر جەخت بكەمەوە لەسەر كێشە دەروونییەكان، چونكە سۆزداری، زادەی خۆشەویستی و ڕێز و لێكتێگەیشتن و هاوكاریی دوو لایەنی نێوان ئەندامانی خێزانە، بۆیە یەكێك لە هۆكارەكانی كێشەی دەروونی، زادەی جیاوازیی ئاستی زیرەكیی نێوان هاوسەرەكانە، یان یەكێك لە ئەندامانی خێزان كە تووشی سستیی ئەقڵی دەبێتەوە، هەروەها كێشەی دەروونی وادەكات، پەروەردەیەكی هەڵە بەرانبەر بە منداڵ پەیڕەو بكرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پەروەردەیەكی سەقەت بۆ خودی تاكەكە و خێزان و كۆمەڵگە، جگە لەوەش ئەگەری زیاتری هەیە بۆ ئەوەی تاك، تووشی نەخۆشی و شڵەژانە دەروونییەكان ببێتەوە، بەوەش ئەگەری هەیە، تاك زۆرجار پەنا بباتە بەر جیابوونەوە و تەڵاق كە ئەمەش دووبارە قوربانییەكی دیكەی لێ دەكەوێتەوە، چونكە جگە لەوەی كاریگەریی نەرێنیی دەروونی لەسەر هەردوو هاوسەر دروست دەكات، منداڵیش دەكاتە قوربانیی سەرەكی، چونكە تەمەنی منداڵی قۆناغێكی هەستیارە و هەر گرفتێك لەم قۆناغەدا ڕوو بدات، ئەگەری زیاتری هەیە تاك لە قۆناغەكانی داهاتوو تووشی كێشە دەروونییەكان ببێتەوە.

 زۆر گرنگە هەوڵ بدرێت، منداڵ لە تەمەنە هەستیارەكەیدا، لە ڕووی سۆز و خۆشەویستیی باوانەوە فەرامۆش نەكرێت، بەپێچەوانەوەش زۆر نازپێدانی منداڵ دەبێتە هۆی كێشەیەكی دیكە و باری دەرووندروستییەكەی تێك دەدات.

لێرەدا دەمەویت بڵێم: زاراوەی خێزان ئاماژەیە بۆ كۆمەڵیك كەسی پەیوەندیدار كە لە یەك شوێنی نیشتەجێبوون دەژین. گرنگە لە ئێستادا تاكەكانی خێزان بتوانن خۆیان لەگەڵ بارودۆخ و ژینگەی دەوروبەر بگونجێنن و درك بەوە بكەن، كۆمەڵێك بەرپرسیارەتییان لەسەر شانە، چونكە نەوەی داهاتوو ئاراستەی كۆمەڵگە دەكەن و لەهەمان كاتدا گرنگە پەیوەندیە كۆمەڵایەتییان لەگەڵ ژینگەی ناوەوەی خێزان و دەرەوە بەهێز بكەن، چونكە ئەوە لەسەر لایەنی دەروونیی تاكەكانی كۆمەڵگە كاریگەری دروست دەكات.

هەروەكو ئاشكرایە كە جەستە و دەروون جیاواز نین بۆیە سەیر نییە كە نەخۆشی دەروونی كاریگەری لەسەر جەستە هەبێت، كەواتە ئەكرێت كێشەی تەندروستی دەروونی ببێتە هۆكار بۆ سەرهەڵدانی گرفتی تەندروستی جەستەیی و بە پێچەوانەوەش هەر ڕاستە، بێگومان هەر دوو لایەنی جەستە و دەروون كاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاك هەیە، هەروەها ڕۆڵی سەرەكی دەبینن لە گۆڕانكارییە فسیۆلۆژی، سۆزداری، تێكچوونی هۆڕمۆنەكان، سووڕی خەوتن، لاوازی لە پڕۆسە مەعریفییەكان، كەمی وزە، هەستیاری زۆر و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، هەموو ئەمانەش كاریگەری نەرێنی لەسەر لایەنی ڕەفتار و كوالێتی ژیان دروست دەكەن.

ماوەتەوە بڵێم هەر وەك چۆن گرنگی بە لایەنی تەندروستی جەستەیی خۆمان دەدەین پێویستە بە هەمان شێوە گرنگی بە لایەنی دەروونی تاك بدرێت، چونكە لە ئەنجامدا هەبوونی دەروونێكی ئارام و تەندروست وادەكات تەندروستی جەستەیی باش و ئەرێنی بەرهەم بێت، بە پێچەوانەشەوە كاریگەری نەرێنی دروست دەكات، بۆیە پێویستە گرنگی بدەینە هەردوو لایەنی جەستەیی و دەروونی تاك بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاسوودە و بەرهەمدار بژین.

 

 

ئیمان محەمەد شێركاوەیی

 

Top