هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی

هەرێمی كوردستان كاراكتەرێكی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتی

هەموو لایەك دەزانن كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مامەڵەكردن لەگەڵ هاوكێشە و جەمسەربەندییەكانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی و راگڕتنی هاوسەنگی پەیوەندییەكان لەو ناوچە پڕكێشە و ئاڵۆزییانە و پارێزگاریكردن لە بەرژوەندییەكان ، كارێكی هەروا سادە وساكار نییە و هەموو سیاسەتوان و دیپلۆماتكارێك ناتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە .
ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كە هەمووان لۆژیكانە ئەو راستییە بزانن و هەرسیشی بكەن كە چاڵ هەڵكەتن و قەیرانسازی یەك لەدوای یەك و گەمارۆدانی هەرێمی كوردستان نەك هەر هیچ كاریگەرییەكی نابێت ، بەڵكو ئیتر ئەو سەردەمە بە سەرچووە كە گۆشەگیر بكرێت و ئیتر دۆزی كورد و هەرێمی كوردستان گەیشتووتە قۆناغێكی گرنگ و بووەتە كاراكتەرێكی سیاسی و نێودەوڵەتیی و خاوەن كیلیلی چارەسەرییە بۆ پاراستنی هاوكێشە ناوچەیی و نێودەڵەتییكان ،بەتایبەتی سیاسەتی ژیرانەی سەرۆك بارزانی ، وەك ڕێبەرێكی كارێزما وخوێندنەوەی وردبینانەی لە ناوچەكە وخاوەن ستراتیژ و دیدگای ژیرانەی هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكاندا .
سەردان وبانگهێشتە فەرمییەكان لە سەر ئاستی سەرۆككۆماری و گەورەبەرپرسانی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بەتایبەتی تاران و ئەنقەر ، ئاماژەیەكی روونە بەوەی كە هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی گرنگ و پێشكەوتوویی دیپلۆماسیی دایە و خاوەن كاریگەری و سەنگ وپێگەی خۆیەتی لە ناوچەكە و جیهاندا ، ئەوەش گەواهیدەری ئەو راستییەیە كە هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییەی ژیرانەكەی خاوەن كەسایەتیی بەهێز و دیپلۆماسی كاران، ئەمڕۆ یاسبەیش بەرهەمەكەی دەركەوێت ، جگە لەوەی كە ئەو رۆڵ و پێگە ودیپلۆماسییەتەی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسیەكانی ناوچەكە دا هەستی پێدەكرێت .
ئاشكرایە، بەهۆی گۆرانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەیی ونێودەوڵەتیی و لەنێو ئەو جەمسەربەندییانە و شەڕوململانێیەندا ، راستەوخۆ بێت یانیش ناڕاستەخۆ كاریگەرییان لە سەر هەرێمی كوردستان هەبوو ، بەڵام ئەوەی بەلایی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان گرنگ بوو ، پارێزگاریكردن لە قەوارە و دەستكەوتەكانی و ڕاگرتنی هاوسەنگی وخۆپاراستن بوو لەو ململانێی جەمسەربەندییەكان ، بۆیە ، سەردانە سەركەوتووانەكەی مەسروور بارزانی ، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمەریكا و دیدار وكۆبوونەوەی لەگەڵ گەورەبەرپرسانی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی و كۆنگرێس و ئاسایشی نەتەوەیی بەدەستهێنانی پشتیوانی واشتنۆن بۆ هەرێمی كوردستان وەك هاوپەیمانییەكی گرنگ و مێژووی بەتایبەتی لەبارەی مافەرەوا دەستوورییەكانی لە عێراق گرنگ و پربایەخ بوو.
هەروەها سەردانی فەرمی ،سەرۆككۆماری توركیا، بە شاندێكی پایەبەرز بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و دیداروكۆبوونەوە لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتی سەرۆك مسعود بارزانی ، جەختكردنەوە لە سەر رۆڵ و پێگەی سترایتژی هەرێمی كوردستان بۆ فەراهەمكردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكە بەگرنگ زانیووە ، بەهەمان شێوە سەردانی فەرمی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێران ودیداروكۆبوونەوە لەگەڵ رێبەر وسەرۆككۆماری و وەزیری دەرەوە و سەرۆكی پەرلەمان وچەندین گەورە بەرپرسی تر و هەڵدانەوەی لاپەرەیەكی نوێی لە پەیوەندییەكانی هەولێر و تاران و جەختكردنەوە لەوەی كە هەرێمی كوردستان تایبەتمەندی گرنگی لەناوچەكە داهەیە بۆ سەقامگیری و گفتوگۆی ڕاشكاوانە لەگەڵ هەر دوو وڵاتی توركیا و ئێران لە سەر بنەمای لەیەكتر تێگەیشتن ، ئاماژەیەكی روونە بەوەی كە هەرێمی كوردستان خاوەن پێگەیەكی سیاسی ودیپلۆماسی متمانەپێكراوی بەهێزدایە و ناكرێت لە نێو هاوكێشەكاندا رۆڵ و سەنگی نادیدە بگرێت ، بەڵكو بە بێ هەرێمی كوردستان ئەستەمە هاوسەنگی وسەقامگیری لە ناوچەكە بێتەدی.
بەتایبەتی بوونی دوو كەسایەتیی بەهێزی و دیپلۆماتكاریی ژیری وەك نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكی هەرێم و مەسروور بارزانی ، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان وەك كاراكتەرێكی بەهێز و خاوەن كەسایەتی بەهێز كە پەروەردەكاروجێبەجێكاری نەخشەڕێ و ستراتیژی سەرۆك بارزانی ین ، بەهەنگاوەكانیان لەلایەن كار بۆ پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان ولایەكی تریش بەرگریكاری مافی هەموو پێكهاتەكان دەكەن و ئیتر هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك ڕەگ و ڕیشەی لە سەر ئاستی ناوچەیی ونێودەوڵەتی داكوتاوە ، بووەتە كاراكتەرێكی بەهێزی ناوچەكە كە دژایەتیكردن و چاڵ هەڵكەندن نەك هەر هیچ كاریگەرییەكی نابێت بەڵكو ئەمرۆ هەرێمی كوردستان هێزێكی كاریگەرە و بووەتە بەشێكی گرنگ لە هاوكێشەكانی ناوچەكە و نێودەوڵەتیشدا كە ئەوەش داننانە بەو راستییە كە مامەڵەكردن هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی بەرژوەندییە هاوبەشەكان واتا سەقامگیری و پارێزراو بوونی بەرژوەندییە هاوبەشەكان لەنێویشیاندا بەرژوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان.

Top