ئاكرێ و هەندرێن شەڕی بەدەستهێنانی نازناوی جامەكە دەكەن

ئاكرێ و هەندرێن شەڕی بەدەستهێنانی نازناوی جامەكە دەكەن

سبەی لە یاری فیناڵی جامی كوردستان
ئاكرێ و هەندرێن شەڕی بەدەستهێنانی نازناوی جامەكە دەكەن
یەكێتی تۆپی پێی كوردستان وەكو بەرنامەی ساڵانەی خۆی هەڵدەستێ‌ بە ئەنجامی یارییەكانی جامی كوردستان بۆ یانەكانی كوردستان، دوای ئەنجامدانی چەندین یاریش لە نێوان یانە بەشداربووەكان هەردوو یانەی هەندرێنی شاری هەولێر و ئاكرێ پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی نایابی یانەكانی كوردستان گەیشتنە یاری كۆتایی جامەكە، بڕیارە سبەی دوو شەممە لە كاتژمێر 5ی ئێوارە لە سەر یاریگای نێودەوڵەتی یانەی زاخۆ هەردوو یانە رووبەڕووی یەكتری ببەنەوە، بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی هەردوو یانە ئامادەكاری باشیان كردوە هەر چەندە لە هەفتەی ڕابردوو هەردوو یانە دوو یاری قورسیان ئەنجامدا وە لە بەرامبەر یانەكانی سەیدسادق و زاخۆ و ئەوكات توانیویانە بگەنە فیناڵی جامی كوردستان، یانەی هەندرێن دەیەوێت لەم یارییە ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنێت دوای ئەوەی لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان ئەم وەرزە نەیتوانی پلەكانی پێشەوە دەستەبەر بكات، بەڵام بە نوێنەرایەتی پایتەختی كوردستان ئەم یارییە ئەنجام دەدات و یاریزانەكانی لەوپەری ئامادەباشیدان و دەیانەوێ مێژووییەكی نوێ لە جامی كوردستان بنوسنەوە و جامەكەش بگەرێنەوە پایتەختی هەرێمی كوردستان، لە بەرامبەریشدا یانەی ئاكرێ پاڵەوانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بۆ یارییەكەی سبەی بە ورەیەكی بەرزەوە هاتۆتە زاخۆ بۆ ئەوەی بتوانێ‌ ئەنجامێكی گەورە بەدەست بهێنێت و نازناوەی جامی كوردستانیش بخاتە پاڵ نازناوی خولی نایاب، بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی ئاكرێ بە شێوەیەكی باش ئامادەكارییان كردوە و چاوەڕوانی ئەنجامی شایستەن.
كارزان كانەبی

Top