ئاستی یاری كاراتێ لە ئێستادا زۆر بەرەوپێشچووە

ئاستی یاری كاراتێ لە ئێستادا زۆر بەرەوپێشچووە

سەلار زیندین یاریزانی كاراتێ‌ یانەی هەڵەبجە

ئاستی یاری كاراتێ لە ئێستادا زۆر بەرەوپێشچووە
یانەی هەڵەبجە یەكێك لەم یانانەی كە گرنگی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر ئاستی كچان ، تیپی كاراتێ‌ كچانی یانەكەكەش یەكێك لە تیپە هەرە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراقە، ساڵانە لەگەڵ كردنەوەی خولە جۆراوجۆرەكان بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و كێبڕكێ كردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان و عێراق دەرەوەی عێراقیش، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەی هەڵەبجە سەلار زیندین محەمەد-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2007 و ئێستاش بەردەوامە لە تیپی كاراتێ‌ یانەی هەڵەبجە ، گۆڤاری گوڵان لە نزیكەوە چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد، ئەویش وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
*چۆن بوو هاتیتە نێو جیهانی وەرزشی؟
- بە هۆی ئارەزووی زۆرم بۆ یاری كاراتێ بوو.
*لە نێو ئەم هەموو وەرزشە چۆن بوو یاری كاراتێت هەڵبژارد؟
- هەر لە تەمەنێكی بچووكەوە حەز و ئارەزوویەكی زۆرم بۆ یاری كاراتێ هەبووە.
*هەست ناكەی یارییەكی قورست هەڵبژاردوە؟
- هەموو یارییەك بە پێی پێویست قورسە كاراتێش هەر وەك یارییەكانی تر قورسییەكی خۆی هەیە.
*ئاستی یارییەكانی كاراتێ چۆن دەبینی لە كوردستان؟
- دەتوانم بڵێم ئاستی یاری كاراتێ لە ئێستادا زۆر بەرەوپێشچووە و پێم وایە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئاستێكی زۆر باشتری دەبێت لە چاو ئێستادا.
*چی بكرێت باشە بۆ بەرەووپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
-ئەنجامدانی پاڵەوانێتی زیاتر كە لە ئێستادا بە ڕادەیەكی زۆر كەم پاڵەوانێتی ئەنجام دەدرێ و بە تایبەتی بۆ كچان زۆر بە كەمی پاڵەوانێتی بەرێوەدەچێت.
*ڕاستە دەلێن یانەكانی كوردستان تیپی كاراتێ‌ كچانیان لە یانەكانیان پشتگوێ خستووە؟
- بە پێچەوانەوە لەم چەند ساڵەی كۆتایی كاراتێ لە ئاستی كچان زۆر ڕووی لە زیاد بوون كردووە.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت وەكو كچە پاڵەوانێك؟
- پلانم بۆ داهاتوو ئەوەیە كە ببمە یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و بەشداری لە پاڵەوانێتی ئاسیا و جیهان بكەم، بەڵام بەداخەوە كە لە ئێستادا كچان ناتوانن بچنە هەڵبژاردوە بۆ یاری كاراتێ.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ‌؟
- بێگومان سەركەوتن هەستێكی تایبەتت پێ دەبەخشێ لە بەر ئەوەی سەركەوتن ئامانجمە لەم وەرزشەی هەڵمبژاردووە.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-بێ گومان كەس بە ڕكابەری خۆم نازانم.
*هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
- بەشداری كردن لە پاڵەونێتیەكانی جیهان و بەدەستهێنانی ئەنجامی باش.
*بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم وەرزشە دەكەن؟
- لە بەر ئەوەی وا بیر دەكەنەوە ئەم یارییە بۆ كوڕان گونجاوە، بەڵام لە ڕاستیدا بە پێچەوانەیە ئەم یارییە زیاتر لە كوڕ بۆ كچ پێویسترە.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
-نەخێر لە ئێستادا لە كوردستان زۆر بەكەمی گرێبەست پێشكەشی یاریزانی كاراتێ كچان دەكرێت.
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن بۆ وەرزش كردن؟
-خانەوادەكەم زۆر هاوكار و پاڵپشتن بە تایبەتی دایكی ئازیزم زۆر سوپاسیان دەكەم.
*ئەگەرلە كۆتایدا شتێكت ماوە ؟
- دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو خزمەتە بەردەوامەی یاریزانان دەكات لە شارەكانی كوردستان.

 

Top