فایزە فەرج راهێنەری یانەی نەورۆز: كچەكان لە وەرزشكردن سستن

فایزە فەرج راهێنەری یانەی نەورۆز: كچەكان لە وەرزشكردن سستن
فایزە فەرج یەكێك بوو لە وەرزشوانە دێرینەكانی شاری سلێمانی و ساڵانێكی زۆر خزمەتی وەرزشی ئەمشارەی كردووە، دوای ئەوەی وازی لە یاریكردن هێنا رووی كردە بواری راهێنەرایەتی و بووە راهێنەری یانەی نەورۆز بۆ پایسكیل سواری و هەروەها راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە لە یارییە سیانییەكان، بە پێویستمان زانی لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ئەنجام بدەین.
* بۆچی یاری سیانییەكان لە كوردستان زۆر باو نییە؟
- ئەمە راستە، چونكە یارییەكە تازە هاتووتە كوردستان و وەرزشوانەكان زۆر ئاشنای ئەم یارییە نینە، بۆیە یاریزان زۆر بە كەمی روو لەم یارییە دەكات، پێشبینی دەكرێت لەساڵانی داهاتوو ئاستی ئەم یارییە پێشبكەوێت.
* بۆچی كچ بە كەمی روو لە وەرزش دەكات لە كوردستان؟
- ئەمە چەندین هۆ دەگرێتەوە، گرنكترین هۆ بۆ بارودۆخی كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە كە دایك و باوك رێگە لە كچەكانیان دەگرن بۆ ئەوەی وەرزش نەكەن و هەروەها نەبوونی شوێنی گونجاو وەكو هۆڵ و یاریگا و نەبوونی پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی و هەروەها یاریزانە كچەكان خۆیان سستن لە وەرزش كردن ئەمانە هۆكاری سەرەكین، كە كچ لە كوردستان بە كەمی روو لە وەرزش دەكات.
* ئایا پاڵپشتی ماددی تا چەند رۆڵی خۆی دەبینێ لەپێشخستنی وەرزشی ئافرەتان؟
- ئەوەی راستی بێت پاڵپشتی ماددی رۆڵێكی گرنگە بۆ ئەوەی وەرزشی ئافرەتان پێش بكەوێت، چونكە ئەگەر ماددە نەبێت، ئەوە ناتوانین ئاستی ئافرەتەكان پێش بخەین.
* تا چەند یانەكان پاڵپشتی وەرزشی ئافرەتان دەكەن؟
- ئەگەر باسی یانەی نەورۆز بكەین، ئەوە زۆر پاڵپشتی وەرزشی ئافرەتان دەكەن و هەموو شتێكیان بۆ دابین دەكەن و بەشداری لە پاڵەوانەتییەكانی دەرەوە و ناوەی عێراق دەكەن، بەڵام بەگشتی یانەكان لە كوردستان وەكو پێویست هانی ئافرەت نادەن بۆ ئەوەی بێنە نێو وەرزش و هیچ پێداویستییەكان بۆ دابین ناكەن.
* ئایا رۆڵی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان چییە؟
- بەشێك لە نزمبوونی ئاستی وەرزشی كچان لەكوردستان لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان لێی بەرپرسیارە، بۆنموونە یاری سیانییەكان یەكێكە لە یارییە هەرە مەترسییەكان بەتایبەتی بۆ ئافرەتان، چونكە سێ یاری لەخۆ دەگرێت، كەچی هیچ شتێكیان بۆ دابین نەكردوون، بۆیە دەبێت لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان رۆڵی زیاتر و چالاكتر بێت بۆ ئەوەی ئاستی ئافرەتان لە كوردستان پێشبكەوێت.
* دوا وتەت چییە؟
- هیوادارم لەساڵانی داهاتوو ئاستی وەرزشكارانی كچان لەكوردستان زیاتر پێش بكەوێت و گشت پێداویستییەكیان بۆ دابین بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین هەڵبژاردەی كوردستان دروست بكەین.
Top