ئەمریكاو بەریتانیا داوای ئاگربەستی بەپەلە لە یەمەن دەكەن

ئەمریكاو بەریتانیا داوای ئاگربەستی بەپەلە لە یەمەن دەكەن
ئەمریكاو بەریتانیا داوای ئاگربەستی بەپەلەو بێ مەرج لەلایەنەكانی یەمەن دەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە توندوتیژییەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

چەند رۆژێكە گرژی‌و ئاڵۆزییەكان لەیەمەن پەرەی سەندووەو پێكدادانەكان لەنێوان حوسییەكان كە ئێران پشتگیرییان دەكات لەبەرامبەر حكومەتی ئەو وڵاتەدا كە وڵاتانی كەنداو پشتیوانی دەكات، چڕبوونەتەوە.

جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ رایگەیاند ئەگەر لایەنە دژبەیەكەكانی یەمەن قبوڵی بكەن‌و بەرەو ئاگربەست بڕۆن، دواتر وەلید شێخ ئەحمەد عەلی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر وردەكارییەكانی ئیش دەكات‌و رایدەگەیەنێت چۆن‌و لە كەیدا كاری پێدەكرێت، ئەوەش بەپێی رۆیتەرز.

"ئێستا كاتی جێبەجێكردنی بێمەرجی ئاگربەستەو دواتر رۆیشتن بەرەو مێزی گفتوگۆ" جۆن كێری وای وت، دوای كۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا بەریتانییەكەی بۆریس جۆنسۆن ئەمڕۆ لەشاری لەندەن.

هەروەها وتیشی كە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو نێردەی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئاشتی لەیەمەن داوای راگەیاندنی ئاگربەست دەكەن بەزوترین كات "مەبەستمان دوو شەممە یان سێ شەممەیە".

یەمەن یەكێكە لەهەژارترین وڵاتە عەرەبییەكان، بەهاری عەرەبی ساڵی 2011ی بەشێك لەوڵاتە عەرەبییەكان ئەو وڵاتەشی گرتەوەو لەو كاتەوە ئاڵۆزییەكانی بەردەوامەو لەئێستادا گۆڕدراوە بۆ شەڕێكی ناوخۆیی.

حوسییەكان كە گروپێكی شیعەی توندڕەون‌و ئێران پاڵپشتییان دەكات، بەشێكی زۆری ئەو وڵاتەیان لەبەشی رۆژئاواوە لەژێر دەستدایەو لەگەڵ حكومەتی یەمەندا لەشەڕێكی بەردەوامدان.

وڵاتانی هاوپەیمانی عەرەبیش بەسەرۆكایەتی سعودییە پاڵپشتی حكومەتەكەی یەمەن دەكەن‌و بەردەوام بەفڕۆكەی جەنگی بۆردومانیان دەكەن.

لەمانگی ئاداری 2015ەوە لەیەمەن 6800 كەس كوژراون‌و 35 هەزاری دیكەش برینداربوون، ئەوەش بەپێی بی بی سی.
Xandan-
Top