مەسرور بارزانی لەبارەی مووچەی مانگی چوار: چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی بەغداین
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ پێدانی مووچەی مانگی نیسان چاوەڕێی بەغدا دەکەن و لەبارەی بەبانکیکردنی مووچە دەڵێت، نزیکەی 400 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ناونووس کراون.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "تا ئێستا چاوەڕێین بۆ ئەوەی بەغدا بڕیاری کۆتایی بدات لەبارەی مووچەی مانگی چوار و هیوادارین مانگی پێنجیش لەکاتێکی زوودا [بنێردرێت]."
گوتیشی: "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە، وەکو ئەرک هەموومان جێبەجێ کردووە. هەرچی داواکاریی حکومەتی فیدراڵی هەبووە، کە هەرێم جێبەجێی بکات بۆ ئەوەی نەبێ بەکێشە، بۆ ناردنی مووچەی خەڵکی کوردستان، ئێمە جێبەجێمان کردووە. ئەوەی تر لەسەر خودی حکومەتی فیدراڵی دەمێنێ، کە بۆچی ئەم دواخستنە دەکرێت، هیوادارم ئەو کاتە خەڵکەکە پرسیارەکان ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی بکەن."
لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، گوتی: "ماوەیەکی زۆرە ئەم هەوڵەمان داوە. نزیکەی 400 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان ناونووس کراون بە رێگەی بانکی بۆ ئەوەی بتوانن مووچەی خۆیان وەربگرن. ئەوەی حکومەتی هەرێم دەستیپێکردووە، دروستکردنی توانایی ئابووری بۆ هاووڵاتییانە، پێدانی هێزی ئابوورییە بە هاووڵاتییان. هەر کەسێک دژی تەوتین هەر شتێک بڵێ، دژی ئەوەیە کە هاووڵاتی خاوەنی بڕیاری خۆی بێت خاوەنی ئەکاونتی خۆی بێت و خاوەنی بڕیاری ئابووریی خۆی بێت. ئەوەی حکومەت کردوویەتی، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە."
رۆژی 7ـی ئایار، سەرچاوەیەکى ئاگادار لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵ چاوەڕوانى رادەستکردنى داهاتى نانەوتیی هەرێمى کوردستانە بۆ ئەوەى پارەى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بنێرێت.
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ناردنى پارەى مووچە بۆ مانگى نیسان، بەندە بە رادەستکردنى داهاتى نێوخۆى هەرێمى کوردستانەوە و لەگەڵ رادەستکردنەکە دەنێردرێت."
رێککەوتن لەنێوان هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کراوە لەبارەى رادەستکردنى داهاتى نانەوتى، بۆ قۆناخى یەکەم 50%ـی داهاتى گومرگ و باج بە نەختینەیی دەخرێتە سەر هەژمارى تایبەتى وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بانکى ناوەندیى عێراق.
مستەفا گەرعاوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: رادەستکردنى داهات و بەجێکردنى مووچە، بەربەستن لەبەردەم ناردنى مووچەى مانگى نیسان و، گوتى "بەگوێرەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى، دەبێت ئەو دوو هەنگاوە جێبەجێبکرێن بۆ ناردنى مووچە."
بەگوێرەى زانیارییەکانى رووداو، بڕیارە لە چەند رۆژى داهاتوودا ئەو بەشەى داهاتى نانەوتى لەلایەن وەزارەتى داراییەوە بخرێتە سەر هەژمارى بانکیی وەزارەتى دارایی فیدراڵى.
لە 24ـی نیسانى 2024 ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیاری دا، پشکى حکومەتى فیدراڵى لە داهاتى نانەوتى، رادەستی بەغدا بکرێت.
رۆژی 9-04-2024 مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشکرا، هەرچەندە بڕیار بوو لەدوای 20ـی نیسان لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.