ســــەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: لەیلا قاسم و هاوڕێکانی نموونەی بەرخۆدانی گەلێکن

ســــەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: لەیلا قاسم و هاوڕێکانی نموونەی بەرخۆدانی گەلێکن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی 50 ساڵەی شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا دەڵێت، ئەوان "نموونەی بەرخۆدانی گەلێکن."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی ئێکسدا نووسیویەتی: "له‌ يادى په‌نجا ساڵه‌ى شه‌هيدكردنياندا، سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيد له‌يلا قاسم و هه‌ڤاڵانى ده‌نێرين."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئه‌وان نموونه‌ى گيانفيدايى و به‌رخۆدانى گه‌لێكن كه‌ له‌پێناو ئازادى و سه‌رفرازيدا، هه‌ميشه‌ ئاماده‌ بووه‌ هه‌موو قوربانييه‌ك ببه‌خشێت، به‌ڵام هه‌رگيز راده‌ست نه‌بێت. له‌يلا قاسم نموونه‌ى كچێكى شكۆمه‌ندى كوردستانه‌ كه‌ بۆ هه‌ميشه‌ يادى ده‌مێنێته‌وه‌."

لەیلا قاسم کە نازناوی "بووکی کوردستان"یشی لێنراوە، لە ساڵی 1952 لە خانەقین لەدایکبووە و 12ی ئایاری 1974 لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لەسێدارە دران.

 

لە ساڵی 1974دا، پێنج گەنجی کورد، لەلایەن حکومەتی بەعسەوە لەسێدارە دران، ئەوان لەیلا قاسم، نەریمان فوئاد مەستی، جەواد ھەمەوەندی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران بوون.

لە کاژێر 07:00ی بەرەبەیانی 12ی ئایاری 1974، ئەو پێنج گەنجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارەدران. ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، لە میدیا جیهانییەکانی ئەوکات بڵاوکرایەوە و لەسێدارەدانی وەکو لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسیی عێراق باسکرا.

دوای شەهیدکردنیان، کەسوکاریان تەرمەکان وەردەگرنەوە و دەبینین، چاوەکانی شەهید ئازاد دەرهێنرابوون، لەکاتی هەڵواسیندا هەردوو قۆڵەکانی لای شانی شکابوون، بە حەربە (چەقۆی سەربازی) جەستەی بریندار کرابوو.

Top