لە میانەی خولی (٤٨)ی پانۆرامای خولی گشتگیر لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات
لە میانەی وتارێکدا کە لە کردنەوەی خولی (٤٨)ی پانۆرامای خولی گشتگیر لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ پێشکەشی کرد سەبارەت بە گفتوگۆکردنی ڕاپۆرتی چوارەمی کۆماری عێراق، دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پەیوەست بە هەرێم لە چوارچێوەی پانۆرامای خولی گشتگیر کە خۆی لە یاسا، ڕێنمایی و هەنگاوی پراکتیکیدا دەبینێتەوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە دەستپێکی وتارەکەیدا ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان حکومەتی هەرێم پلانی مافەکانی مرۆڤی (2021-2025) ئامادە کردووە کە هاوتەریب و تەواوکەری پلانی نیشتمانییە بۆ مافەکانی مرۆڤ بە هاوکاری دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەیلولی 2021 پلانەکەی پەسەند کرد و تا ئێستا (10) ڕێكارمان دەرکردووە بۆ پەرەپێدانی سیاساتی درێژمەودا، ڕێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکانی گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن گەیشتۆتە (74%)، دەسەڵاتی یاسادانان (31%) و دەسەڵاتی دادوەری (67%) ئەم ڕێژانەش رەنگدانەوەی هەوڵەکانی حکومەتە بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیر.
ئەوەشی ئاشکرا کرد تا ئێستا (75%) راسپاردەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان، نەهێشتنی جیاکاری و گوتاری رق لێبوونەوە جێبەجێکراون، حکومەتی هەرێم چەندین یاسا و ڕێنمایی تایبەتی دەرکردووە، هەروەها زیاتر لە (٢١٠٠) پیاوی ئایینی ڕێزیان لێگیرا لە بەرامبەر هاندانیان بۆ پتەوكردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە لە کۆمەڵگادا.
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وتی: لە سێ ساڵی رابردوودا (1456) کەس بە تیرۆر و (٦٨٩) بە سیخوڕی سزادراون و لەمیانەی هەوڵەکانی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنی تیرۆریستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش یونیتاد زیاتر لە (42.000) فایل دەکاتە (٤٠٨,٥٤٠) لاپەڕە لە تاوانەکانی داعش بەسیستەمێکی دیجیتاڵی دیکیۆمێنت کراون. هەروەها یونیتاد (57.4) گێگا بایت لە زانیاری و بەڵگەنامە کۆدکراوەکانی رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کردووە، لەلایەکی دیکەوە لە میانەی هەوڵەکانی ڕزگار کردنی رفێندراوان بەردەوامن و توانراوە (3.580) کەس ڕزگار بکرێن و یارمەتی دارایی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پێشکەش بە زیاتر لە (3.500) ڕزگار بوو دەکرێ.
ئەوەشی روونکردەوە کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ راسپاردەکانی گەڕێ سێیەمی پانۆرامای خولی گشتگیر لە یاسا ناوخۆکاندا پێناسەی تاوانی ئەشکەنجەدان کراوە بەپێی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی تاکەکان لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆیی لە رەشنووسی یاسای نەهێشتنی ئەشکەنجەدان کە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و لە داهاتوودا خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە (٣٢) کەیسی ئەشکەنجەدان ئیحالەی دادگا کراوە و (٣١) کەسیش بە کەیسی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی توندوتیژی غەرامە کراون. هەر سەبارەت بەم پرسە حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات جەنجاڵی چاکسازییەکان چارەسەر بکات لە ڕێگای بونیادنانی چوار چاکسازیی نوێی گەوران، منداڵان و ئافرەتان، هەروەها (344) سزا دراو کار دەکەن و (3.665) سزا دراویش سوودیان لە وۆرکشۆپ و سیمینارەکان بینیوە و زیاتر لە (40.000) خزمەتگوزاری تەندروستی جۆراوجۆر پێشکەش کراوە.
شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی یەکێکی دیکە بوو لەو بابەتانەی کە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی ئاماژەی پێکرد و لەم ڕووەوە وتی: لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی توانراوە (50%) ڕاسپاردەکانی پانۆرامای گشتگیر جێبەجێکراوە، بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی لە ساڵی 2024دا (573) داوای یاسایی تۆمار کراوە لەوانە (223) داوا ئیحالە دادگا کراوە و (1047) داوا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و (97) کەس سزا دراون و لە ئێستادا ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن.
لە بارەی پاراستنی مافی منداڵان و کرێکاران خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی وتی: بە ئامانجی پاراستنی منداڵان لە هەموو جۆرە توندوتیژی و مامەڵەی نەشیاو بەپێی پێوەر و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی هەرێم سیاسەتی پاراستنی منداڵانی پەسەند کردووە. لە بواری کاردا (34) لیژنە پێکهاتوون لەوانە لیژنەی بازاڕ، لیژنەکان (22.651) سەردانیان بۆ پرۆژەکانی ئەنجامداوە، هەروەها حکومەتی هەرێم زیاتر لە (100.000) هەلی کاری فەراهەم کردووە و بەپێی بڕیارێک نابێ ڕێژەی کرێکارانی خۆماڵی لە پرۆژەکاندا کەمتر بێت لە (75%). لەلایەکی دیکەوە بۆ زامنکردنی مافەکانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت داتابەیسێک دانراوە کە زانیاری تەواو لە خۆ دەگرێت دەربارەی و کارتێکی زیرەکیان پێدراوە بۆ ئاسانکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری. و بڕیار وایە (9.000) یەکەی نیشتەجێبوون بونیاد بنرێت کە ڕێژەی (3%)ی بۆ کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت تەرخان دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2024ی سەبارەت بە نەخۆشخانەی دەروونی بۆ ئافرەتان دەرکرد، بە ئامانجی دابینکردنی چارەسەر و چاکسازی بۆ ئەو ئافرەتانەی بەدەست نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: هەرێمی کوردستان میوانداری نزیکەی (1,009,788) ئاوارە و پەنابەر دەکات و پێداویستییەکانیان دابین دەکات لە بواری نیشتەجێکردن، تەندروستی، پەروەردە، تەنیا لە بواری پەروەردەشدا ژمارەی قوتابیانی ئاوارە و پەنابەر بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) گەیشتووەتە نزیکەی (36,300) قوتابی لە کەمپەکاندا.
لە کۆتایی وتارەکەیدا د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی وتی: لە جێبەجێکردنی هەندێک ڕاسپاردەدا ڕووبەڕووی ئالنگاری کارگێڕی و دارایی بووینەوە، وەک هەموارکردنەوە یان دەرکردنی یاسای نوێی نیشتمانی لەگەڵ ئەوەشدا جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی لە خولەکانی پێشووی پانۆرامای خولی گشتگیر ئاڕاستە کرابوون کاریگەریی هەبوو لە بەهێزکردنی بنەماکانی حوکمڕانی باش.