فڕۆکەیەکی جۆری ئەیرباسی کۆریای باشوور ئاگری گرت
کاربەدەستانی ئاگرکوژێنەوەی کۆریای باشوور ڕایانگەیاند: کە فڕۆکەیەکی جۆری ئەیرباس لەکاتی نیشتنەوەیدا لەو وڵاتە ئاگری گرتووە.
فڕۆکەیەکی جۆری ئەیرباس کە سەر بە کۆمپانیای ئەیربوسانی کۆریای باشوورە لە کاتی نیشتنەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی « جیم های » لە باشووری ئەم وڵاتە ئاگری گرت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، فڕۆکەکە 169 سەرنشین و حەوت ئەندامی دەستەی فڕۆکەوانی تێدابووە کە دوای ڕووداوەکە هەموویان فڕۆكەكەیان جێهێشتووە.
بەرپرسانی ئاگرکوژێنەوەی کۆریای باشوور ڕایانگەیاندووە، کە ئەم فڕۆکەیە جۆری "KS.298690"ە و لەم ڕووداوەدا سێ کەس بە سوکی بریندار بوون.
هەروەها میدیاکانی کۆریای باشوور بڵاویانکردەوە، كە ئاگرەکە لە پشتەوەی فڕۆکەکە دەستیپێکردووە. بەڵام تا ئێستا هۆکارەکەی ڕوون نییە.
لە هەمان کاتدا کۆریای باشوور شایەتحاڵی کوشندەترین ڕووداوی فڕۆکەوانی بوو لە سەرەتای ئەم مانگەدا، کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی تێدا گیانیان لەدەستدا.
هاوکات کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێرباس ڕایگەیاند: کە ئاگاداری ئەو ڕاپۆرتانەی پەیوەستن بەم ڕووداوەیە و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کۆمپانیای ئایربوسان.
کۆمپانیای ئایربوسان و ئاسیانا تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم ڕووداوە نەداوە.
ئەم فڕۆکەیە فڕۆکەیەکی تەمەن ١٧ ساڵەی ئەیرباسە جۆری "A321ceo" و ژمارەی لاشەی "HL7763"یە.
گوڵان: سەردار خەلیل