نێچیرڤان بارزانی: تاوەکو یەک کوردی ئێزدیی رفێندراو مابێت، لە رزگارکردنیان بەردەوام دەبین

نێچیرڤان بارزانی: تاوەکو یەک کوردی ئێزدیی رفێندراو مابێت، لە رزگارکردنیان بەردەوام دەبین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە کوردانی ئێزدی؛ هەتاوەکو یەک کوردی ئێزدیی رفێندراو مابێت، "کاری ئێمە بۆ رزگارکردنیان بەردەوام دەبێت."
 
نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 12-5-2024) لە 31ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی بنکەی رۆشنبیریی لالش، لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە کوردانی ئێزدی کرد و، گوتی "هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم و هەردەم پشتیوان دەبم بۆ ئەوەی ئەویش وەک کانییەکی سازگار کە دەڕژێتە نێو رووباری رۆشنبیریی کوردی، لە خزمەت بەردەوام بێت."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی جارێکی دیکە خوشک و برا ئێزدییەکانمان "دڵنیا دەکەمەوە لەوەی پشتیوانی ماف و داخوازییەکانیان دەبم و هەتاوەکو یەک ئێزدی رفێندراو مابێت، کارکردنمان بۆ رزگارکردنیان بەردەوام دەبێت. لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عێراق و جیهانیش چی لەدەستمان بێت، خزمەتیان دەکەین."
 
پێش شەڕی داعش لە شنگال لە ساڵی 2014، ژمارەی کوردانی ئێزدی 550 هەزار کەس بووە، لەوکاتە بەدواوە، لەو ژمارەیە نزیکەی 120 هەزاریان چوونەتە دەرەوەی وڵات و زیاتر لە 135 هەزار کەسیشیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014دا رفێندراون، 6417 کەس بووە؛ 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون.
 

Top