سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکات

سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکات

ئەمرۆ یەکشەممە 5/12، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی کرد، لە دوای ئەوەی یاسای ئەنجومەنەکە و پەیڕەوی ناوخۆی کەوتە بواری جێبەجێکردن.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی ئامانجەکانی ئەنجومەنە کرا کە بریتین لە کارکردن لە پێناوی پاراستنی کوالیتی پەروەردە وخوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی برەودان بە کولتووری هەڵسەنگاندن بەڕەچاوکردنی میکانیزم وپێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە دوای گونجاندنی لەگەڵ بارودۆخی هەرێم بەجۆرێک کە شیاوی جێبەجێکردن بن بە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی وزانستیی دامەزراوەکان وپڕۆگرامەکانی خوێندن.

لە سەرەتای کۆبونەوەکە، ئامانج و هەنگاو و ستاندارد و پلانەکانی دەستەی متمانەبەخشین بە پرۆگرام و ناوەندەکانی خوێندن خرایەڕوو لە بەر ڕۆشنایی پەیڕەوی پەسەندکراوی ئەنجومەنەکە.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی باڵا بڕیاریدا بە پێکهێنانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان وپڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و دەستنیشانکردنی ئەندامەکانی دەستەکە ، پاشان ئەمینداری گشتیی دەستەکە دەستنیشان کراو پلان وستراتیژ وسیاسەتی کاری دەستەکە پەسەند کرا کە بڕیارە لە دەستپێکی کارەکانی دەستەکە چەند زانکۆ و قوتابخانە و ناوەندێکی خوێندنی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی وەک پڕۆژەی تاقیکاریی بخرێتە بەردەم پرۆسەی متمانەبەخشین و جێبەجێکردنی ئامرازەکانی پێداچوونەوە بە گوێرەی پێوەرەکان بۆ دەستەبەری نایابی ئەکادیمیی وپەروەردەیی بە پاڵپشتیی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی.
 
 

Top