سەرۆککۆماری عێراق دەڵێ کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتی جووتیارانى كوردستان له‌گه‌ڵ بەغدا

سەرۆککۆماری عێراق لە هەولێر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ''کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حکومەتی عێراق.''
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 11-5-2024) گەیشتە هەولێر و لەلایەن نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانەوە پێشوازیی لێ‌کرا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەیاندا "جێگرانى سه‌رۆك و ژمارەیەك لە وەزیر و به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان ئامادە بوون، بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەكه تاوتوێ کرا و، جەخت لەسەر گرنگيی پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و به‌رده‌وامیی هه‌وڵه‌كان و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرايه‌وه."
دوای دوو هەفتە لە رێگریکردن لە دروێنەی گەنمی جووتیارانی پێنج گوند لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ گوتی کێشەکان چارەسەربوون و جووتیاران دەتوانن دروێنە بکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا وەک لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هاتووە ''سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە کرد هاوکار دەبێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، هه‌روه‌ها کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی جووتیارانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حکومەتی عێراق."
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگيى هەوڵه‌کان بۆ پاراستنى ئارامی و سه‌قامگيرى و تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد، پوختهيهكیشی ده‌رباره‌ى دوايين سەردانی بۆ کۆماری ئیسلاميی ئێران و پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران‌دا خسته‌ڕوو.
نێچیرڤان بارزانی رۆژی یەکشەممە، 5-5-2024 گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە، سێشەممە، 7ـی ئایاریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تارانەوە باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کرد و رایگەیاند "سەردانەکەمان بۆ ئێران سەرەتایەکی نوێیە لە پەیوەندیی نێوان هەولێر و تاران."
په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كەی ئەمڕۆی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراق بوو.