هەڵبژاردن، دەستی واشنتن لە سووریا دەبەستێتەوە

هەڵبژاردن، دەستی واشنتن لە سووریا دەبەستێتەوە

هەفتەی پێشوو ئەمریكا ئاگربەستە لەرزۆكەكەی لەگەڵ رووسیا هەڵپەسارد، بەم پێیەش هیواكان بۆ دەستپێكردنی دانوستاندنەكانی ئاشتیی سووریا و هاوكارییەكانی نێوان واشنتن و مۆسكۆ بۆ لێدانی داعش و بەرەی فەتحی شام (لقی قاعیدەی سووریا) كۆتاییان هات.

بە گوتەی جۆش ئێرنست، گوتەبێژی كۆشكی سپی، بەهۆی بەشداریی بەرفراوانی رووسیا لە بۆردومانەكانی حەلەب "هیچ نەماوە ئەمریكا و رووسیا گفتوگۆی لەسەر بكەن". ئەگەرچی گوتەبێژەكەی كۆشكی سپی هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەستەكەی بە "تراژیدی" ناوبرد، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا ئەلتەرناتیڤ یان پلانی Bی ئەمریكا چی دەبێ، ئەگەر هەڵپەرساردنی رێككەوتنەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەكجاری گۆڕا.

شارەزایانی سیاسی ئەمریكی و رووسی پێیانوایە رووسیا دوایین هەفتەكانی باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا، دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی پێگەی خۆی و بەشار ئەسەد لە سووریا بەهێز بكات، لەبەر ئەوەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا، مەزندەی ئەوە ناكات ئیدارەی ئێستای كۆشكی سپی لە ماوەی چوار مانگی داهاتوودا بەشداری راستەوخۆ لە جەنگی سووریادا بكات.

نیكۆلای پێترۆڤ، شارەزای سیاسی لە رووسیا، پێیوایە "پوتین پەلەیەتی" بۆ ئەوەی بەر لە هاتنەسەر كاری سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا گورزی خۆی بوەشێنێ، بۆ ئەوەی ئەو كاتە ئیدارەی كۆشكی سپی لەگەڵ "واقیعێكی نوێی سووریادا بەرەوڕوو بێت و ناچاریش بێت قەبوڵی بكات".

ژمارەیەك بەرپرسی هەواڵگریی ئەمریكاش بۆ رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی ئەمریكییان ئاشكرا كردووە كە "ئێستا ئامانجی سەرەكی رووسیا ئەوەیە هەر چۆنێك بێت رۆژهەڵاتی حەلەب لەدەستی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن دەربهێنێ‌"، بەم شێوەیەش پانتایی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی سووریا بەرفراوانتر بكەن، بۆ ئەوەی دیمەشق و مۆسكۆ لە كاتی دەستپێكردنی هەر دانوستاندنێك لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سووریادا لە پێگەیەكی بەهێزترەوە قسە لەسەر داهاتووی سووریا بكەن.

رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە سووریا دەڵێت "رەنگە كۆتایی ئەم رەوتە نوێیەی رووسیا ئەوە بێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بگەنە خاڵی بنبەست، بەڵام لەو كاتەدا بەشار ئەسەد، سەرۆككۆماری سووریا، لە پێگەیەكی بەهێزتردا بێت". فۆرد، كە یەكێك لە رەخنەگرە سەرختەكانی سیاسەتی ئۆباما لە سووریایە، بە دووری دەزانێت "ئۆپۆزیسیۆن خۆی رادەستی رژێم بكات یان جەنگەكە بوەستێنن، بەڵام بەهۆی لەدەستدانی حەلەبەوە دەكەونە پەراوێزەوە".

ماوەی ساڵێك بەسەر دەستپێكردنی هێرشە ئاسمانییەكانی رووسیا لە سووریا تێدەپەڕێ كە لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا گرنگترین دەستتێوردانی سەربازیی راستەوخۆی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە. ئەم دەستتێوەردانەش لە لایەكەوە پێگەی حكومەتی سووریای بەهێزكردووە و لەلایەكی دیكەشەوە بژارەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ چارەسەری قەیرانی سووریای سنووردار كردووەتەوە.

ئەمریكا لە ماوەی زیاتر لە یەك ساڵی رابردوودا هێزی ئاسمانی بۆ پاراستنی ناوچەكانی باكووری سووریا بەكارهێناوە، بەڵام ئامادەنەبووە ناوی ئەم ناوچەیە بنێت "زۆنی ئارام یان دژەفڕین". بەڵام ئەگەر حكومەتی سووریا بتوانێ لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی خۆی و رووسیا، حەلەب لە ئۆپۆزیسیۆن وەربگرێتەوە، ئەوە كێشەی گەورە بۆ هێرشە ئاسمانییەكانی داهاتووی ئەمریكا لە باكووری سووریا دروستدەكات، تەنانەت ئەگەر ئەم هێرشانە لە دژی گرووپەكانی نزیك لە قاعیدەشەوە بن.

بژارەكانی بەردەستی ئۆباما و دیموكراتەكان

ئۆباما تەنیا چوار مانگی لە كۆشكی سپیدا ماوە، بۆیەش ئەستەمە لەم ماوە كورتەدا دەست بۆ ئەلتەرناتیڤێكی گەورە بەرێت، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی ئۆباما هەر لە رۆژی یەكەمی سەرهەڵدانەكانی سووریا بە دوورەپەرێزی مامەڵەی لەگەڵ رەوشی سووریادا كردووە.

یەكێك لە بژارەكانی بەردەستی كۆشكی سپی ئەوەیە تێچوونی جەنگەكە لەسەر رووسیا بەرزبكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەكرێت هاوشێوەی كاتی سەرهەڵدانی قەیرانی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، ئەمریكا بە هاوكاری وڵاتانی رۆژئاوایی پەنا بۆ سزای دارایی و بازرگانی لە دژی رووسیا بەرێت.

مۆسكۆ بەردەوام هەوڵی داوە زیانە مرۆییەكانی جەنگەكە لەسەر سوپای رووسیا و سووریا كەم بكاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش زیاتر پشت بە هێرشە ئاسمانییەكان بەستراوە. هەر بۆیەش بژارێكی دیكەی بەردەمی ئەمریكا داگیرساندنی گڵۆپی سەوزە بۆ وڵاتانی عەرەبی و توركیا، بۆ ئەوەی چەكی دژەـ فڕۆكە بدەن ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، بەمەش تێچوونی تەكنەلۆژی و مرۆیی جەنگەكە لەسەر رووسیا بەرزبكەنەوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵی ئەمریكی لەسەر زاری بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكا ئاشكرای كردووە، بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری وڵاتانی ناوچەكە كۆمەڵێك كۆبوونەوەی نهێنیان رێكخستووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئاگربەستەكەی نێوان رووسیا و ئەمریكا بیر لە پلانی B بكەنەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكانی وۆڵ ستریت وڵاتانی عەرەبی سوننەی ناوچەكە بێهیوا بوون لەوەی ئۆباما سیاسەتی خۆی لە سووریا بگۆڕێت و هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی گوشار لەسەر ئەسەد چڕبكاتەوە، بۆیەش چاوەڕێ دەكەن بزانن "سیاسەتی كلینتن یان ترامپ چی دەبێ".

پێشتر هیلاری كلینتن، بەربژێری دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، رایگەیاندبوو پشتگیری لە دروستكردنی ناوچەی دژە فڕین لە سووریا دەكات، ئەمەش پێویستی بە بەشداری زیاتر و كاراتری ئەمریكا لە قەیرانی سووریایە. كلینتن، كە لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2013 وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە، گوتبووشی دەبێ هاویكاری نهێنی پێشكەش بە چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن بكرێ.

ئەندرو جەی. تابلەر، لێكۆڵەر لە كاروباری سووریا لە پەیمانگای واشنتن دەڵێت "بەرپرسانی رووسی راستەوخۆ پێیانگوتووم كە بە بۆچوونی ئەوان ئەگەری بەكارهێنانی هێز لە لایەن هیلاری كلینتنەوە زۆر زیاترە لە ئیدارەی ئۆباما". تابلەر پێشبینیش دەكات هەتا هاتنەسەر كاری ئیداری داهاتووی ئەمریكا رۆژهەڵاتی شاری حەلەب لە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن دەركرابێ و حكومەتی سووریا لە باكوور هەتا باشووری وڵاتی لە ئۆپۆزیسیۆن وەرگرتبێتەوە.

ئەمە رێك ئەو ئەنجامەیە كە ساڵێك لەمەوبەر حكومەتی ئەمریكا پێشبینی نەدەكرد، تەنانەت هەندێك لە بەرپرسانی ئەمریكی پێشبینی ئەوەیان دەكرد رووسیا دواجار ناچار بێت ئەسەد بەرەو چارەسەری سیاسی هانبدات، بەڵام هەموو مەزندەكانی ئەمریكا نەك هەر هەڵە دەرچوون، بەڵكو ئێستا ئەمریكا بۆ هەموو هەنگاوێكی داهاتووی خۆی دەبێ ئاگای لە كاردانەوەی رووسیاش بێ.

جەنگی سووریا جەنگێكی نێودەوڵەتییە، هەر بۆیەش پریشكەكانی ئەم جەنگە تەنیا لە سنوورەكانی ئەم وڵاتە و بابەتەكانی پەیوەندیدار بە چارەسەركردنی قەیرانەكەدا نامێنێتەوە. رۆژی دووشەممەی رابردوو دوای هەڵپەساردنی رێككەوتنی ئاگربەستی سووریا لەلایەن ئەمریكاوە. ڤلادیمیر پوتین یەكەم كارتی خۆی بەڕووی ئەمریكا بەرزكردەوە و رایگەیاند وڵاتەكەی پەیماننامەی تایبەت بە كەمكردنەوە كۆگای پلۆتۆنیۆم هەڵدەپەسێرێ.

ئەم هەنگاوەی رووسیا لە لایەكەوە دەریدەخات مۆسكۆ لە بەكارهێنانی كارتی ئەتۆمی بۆ دروستكردنی گوشار لەسەر واشنتن سڵ ناكاتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە لە بایەخی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران كەم دەكاتەوە، كە ئیدارەی ئۆباما بە یەكێك لە سەركەوتنە دیپلۆماتیكە گەورەكانی خۆی لە بواری رێگریكردن لە بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی وەسفی دەكرد.
Rudaw-
Top