فیلمەکەی شوان عەتووف لە کۆڵەمبیا خەڵاتکرا

فیلمەکەی شوان عەتووف لە کۆڵەمبیا خەڵاتکرا
کورتە فیلمی "ماڵ و کلیل" لە دەرھێنانی شوان عەتووف، خەڵاتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤیلاڤیکێنسیو" لە کۆڵەمبیا بەدەستھێنا.

کورتە فیلمی چیرۆکی "ماڵ و کلیل" Home And Key لە نووسین و دەرھێنانی شوان عەتووف کە بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی ھونەری سینەمای سلێمانییە و لە لایەن کۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" لە باشووری کوردستان و وڵاتی بەریتانیا لە ئاستی دنیادا بڵاودەبێتەوە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤیلاڤیکێنسیو" لە وڵاتی کۆڵۆمبیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی چیرۆکی و لەڕاستیدا دوازدەیەمین خەڵاتی نێودەوڵەتی ئەم فیلمە کوردییە بە "شوان عەتووف" بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ڤیلاڤیکێنسیو" پلانێکی جێگرە بۆ سینەماکارانی سەرتاسەری دنیا کە لەم رێگایەوە لەگەڵ فیلمە نێودەوڵەتیی، ناوچەیی و نەتەوەییەکانیان ئاشنا بن و ھەروەھا بە بینینی بەرھەمی فیلمسازانی کۆڵۆمبی لە چیرۆکەکانی کۆمەڵایەتیی، فەرھەنگیی، سیاسیی، ئابووریی و بە تایبەت ژیانی ئەم وڵاتە لە نزیکەوە ئاسنا بن.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە بەشەکانی پێشبڕکێی "نێودەوڵەتی"، "ناوچەیی"، "نەتەوەیی"، "دیکۆمێنتاریی" و کورتە فیلمەکانی "چیرۆکی"، "دیکۆمێنتی"، "ئەنیمەیشێن" و "ئەزموونی" لە رۆژانی ٢٣ تا ٢٧ تەمموز/ یۆڵیۆی ٢٠١٥ لە شاری مێتا لە شاری کۆڵۆمبیا بەڕێوەچوو

"ماڵ و کلیل" کە تا ئێستا لە ٥١ فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە ئاستی جیھان نمایشکراوە و ١٢

خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتیی بەدەستھێناوە لە دوایین بەشداری نێودەوڵەتی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شوان عەتووف" لە بەشی پێشبڕکێی چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" لە شاری رۆم لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی "کۆمەڵایەتی" فیستیڤاڵ بە "شوان عەتووف" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان بەخشرا.
چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تراک سینەماتۆگرافیک" بە بەشداری بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە سێ بەشی پێشبڕکێی "کۆمەڵایەتیی"، "ئەنیمەیش" و "سەربەست" لە رۆژانی ٢٥ تا ٢٨ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە قەڵای "نۆتۆنۆ" لە ناوچەی نۆتۆنۆ لە شاری رۆما لە ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

Top