ستیفن بلانك توێژەری باڵا لە پڕۆگرامی ئۆراسیا لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە بۆ گوڵان:   كەوتنی بەشار ئەسەد پێی وتین ڕووسیا ناتوانێت بەرگری لە هاوپەیمانەكانی بكات

ستیفن بلانك  توێژەری باڵا لە پڕۆگرامی ئۆراسیا لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە بۆ گوڵان:     كەوتنی بەشار ئەسەد پێی وتین ڕووسیا ناتوانێت بەرگری لە هاوپەیمانەكانی بكات

 

 

سیتفن بلانك، توێژەری باڵایە لە پڕۆگرامی ئۆراسیا لە ئەنستیتیوتی توێژینەوەكانی سیاسەتی دەرەوە و زیاتر لە 900 وتار و توێژینەوەی بڵاو كردووەتەوە، لەسەر سیاسەتی سەربازی و دەرەكیی یەكێتیی سۆڤیەت و ڕووسیا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئاسیا و ئەوروپا، چەندین جاریش لە كۆنگرێسی ئەمریكادا ئامادە بووە بۆ باسكردن لە بارەی كاروبارەكانی ڕووسیا، چین و ئاسیای ناوەڕاست و ڕاوێژی پێ كراوە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا و ناوەندەكانی توێژینەوە. گوڵان لە میانەی دیدارێكدا چەند پرسی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، لە پەیوەندی بە پەرەسەندنەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و، گرێدانەوەی بە پێشهاتە پێشبینینەكراوەكانی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی كەوتنی ڕژێمی بەشار ئەل ئەسەد لە سووریا، و كەمبوونەوەی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ڕووسیا لەو وڵاتەدا و ئاكام و دەرهاویشتەكانی كەمبوونەوەی ئەم دەستڕۆیشتووییەی ڕووسیا لەسەر شەڕەكەی لەگەڵ ئۆكرانیا و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* ئاشكرایە كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا نەك هەر لە ئێستادا ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە كە كۆتایی پێبێت و یەكلا ببێتەوە، بەڵكو زیاتر هەڵكشانی بە خۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئۆكرانیا هێرشی كرد و دەستیگرت بەسەر بەشێكی خاكی ڕووسیادا، پاش ئەوەی ئیدارەی ویلایەتە یەكگكرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن، ڕێگەی بە ئۆكرانیا دا، مووشەكە دوورمەوداكانی ئەمریكا بۆ ئامانجەكانی نێو خاكی ڕووسیا بەكار بهێنێت. ئێوە چۆن لەم پەرەسەندنانە دەڕوانن و ئایا پێتان وایە ئاراستەی شەڕەكە بەرەو كوێ دەچێت؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە پرسی ڕەوتی شەڕەكە و ئەگەری ئەوەی بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات، پتر بەندە بەوەی كە ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ چ هەڵوێست و سیاسەتێك دەگرێتەبەر لەم ڕووەوە، بەتایبەتی كە خودی دۆناڵد ترەمپ هەڵایەكی زۆری دروست كردووە و باس لە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ سەرۆكی ڕووسیا(ڤلادمیر پوتین) دەكات، كە من باوەڕم وایە ئەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ پوتیندا بكات، ئەوا ئەمە دەرئەنجامێكی زۆر خراپە، چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی سەركەوتنێك بە ڤلادمیر پوتین ببەخشێت، كە شایستەی نییە. چونكە ئەگەر بە ڕاشكاوی بدوێم، ئەوا پێم وانییە دۆناڵد ترەمپ هیچ تێگەیشتنێكی هەبێت لەبارەی خواست و ویستی پوتین، یان سەبارەت بە ئامانجەكانی پوتینەوە، بەڵكو خەمی سەرەكیی ترەمپ ئەوەیە كە وێنەیەكی جوان و ئەرێنی بۆ خۆی دروست بكات، بە بێ ئەوەی لەوە تێبگات كە چی دەگوزەرێت و مەترسییەكە لە كوێدایە.

* بەڵام سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ، باس لەوە دەكات كە دەتوانێت كۆتایی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بهێنێت و لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیش زۆر جەختی لەسەر ئەمە دەكردەوە، خوێندنەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- ئەوەی لە ئێستادا لە ئارادایە، ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ باس لە پێنەدانی چەك بە ئۆكرانیا و ڕێگەلێگرتن لە هێرشكردنی بۆ سەر ئامانجەكانی ڕووسیا دەكات. من لێرەدا دەمەوێت ئەوە دووپات بكەمەوە، كە هەموو خەمی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە كە ڕێككەوتنێك بهێنێتە ئاراوە، ئەگەرچی گرنگ نییە، بە لای ئەوەوە كە ناوەڕۆكی ئەو ڕێككەوتنە و بڕگە و بەندەكانی چی دەبن. ئەگەر بە ڕوونی بڵێم، ئەوا پێم وانییە ترەمپ بزانێت باسی چی دەكات.

* بەڵام ئەو لێكدانەوەیەش هەیە كە پێی وایە دۆناڵد ترەمپ پتر كار بە ئاراستەی ڕێككەوتن، یان با بڵێین گرتنەبەری ڕێگاچارەی دیپلۆماسی دەكات، بۆ چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی شەڕ و ناكۆكییەكان، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- من پێم وانییە ئەولەوییەتی ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ بریتی بێت لە گرتنەبەری ڕێگاچارەی دیپلۆماسی، بەڵكو ئەوەی هەیە، ئەوەیە كە ئەولەوییەتی خودی دۆناڵد ترەمپ ئەوەیە كە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ڤلادمیر پوتیندا هەبێت. لێرەدا ئەوە دووبارە دەكەمەوە كە ئەو تێگەیشتنێكی دروستی نییە بۆ ئەوەی كە ڕوودەدات و دەگوزەرێت. هەروەها ترەمپ ئەوە لەبەرچاو ناگرێت كە ئەمریكا كۆمەڵێك بەرژەوەندیی هەیە لەسەر ئاستی جیهان و لە بواری سیاسەتی دەرەوەیدا، بەڵكو ئەو تەنیا بیر لە بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆی دەكاتەوە.

*  كەواتە ئایا باوەڕت وایە دۆناڵد ترەمپ، ئۆكرانیا ناچار بكات، بەوەی سازشی سەخت بۆ ڕووسیا بكات؟

- بۆی هەیە هەوڵێكی لەم چەشنە بدات و لە ڕاستیدا پێدەچێت ئاڕاستەی كاركردنی بەم شێوەیە بێت.

ڕوونە كە دۆناڵد ترەمپ زۆر بایەخ بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان نادات، و ڕەنگە پێی وابێت ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاكلایەنانە كار بكات، ئەوا بتوانێت ئامانجەكانی باشتر بەدەست بهێنێت.

* كەواتە ئایا دروستە بڵێین: ناكرێت چاوەڕێی ئەوە بكەین كە ترەمپ هاوكارییەكی زۆر لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا بكات، بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا؟

- بەڵێ ئەمە وایە، چونكە من پێم وایە ئەو هیچ تێگەیشتنێكی بۆ ڕۆڵی ناتۆ و هیچ لەبەرچاوگرتنێكی بۆ ئاسایشی ئەوروپا نییە، بەڵكو ئەو تەنیا و تەنیا دەیەوێت ڕێككەوتن بكات، ئەگەرچی ڕێككەوتنەكەش خراپ بێت.

* ئایا ئەم شێوازی كاركردن و ڕێگاچارانەی دۆناڵد لە بواری كاروبارە نێودەوڵەتییەكان و لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە دەیگرێتەبەر- بە تایبەتی هەڵوێستی نەرمی لە ئاست ڕووسیادا- زیان بە بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ئەمریكا ناگەیەنێت؟

- ئەم جۆرە كاركردنەی دۆناڵد ترەمپ، ئەو پەیامە بە ڤلادمیر پوتین دەدات، كە ئەمریكا بەو چەشنە لاوازە كە بیری لێ دەكردەوە، هەروەها ئەو تێگەیشتنەش لای پوتین دروست دەكات، كە ترەمپ كەسایەتییەكە دەكرێت بە شێوەیەك كاری لەسەر بكرێت، كە بتوانێت ئاراستە بكرێت. لە ڕاستیدا ئەمە دۆخێك دروست دەكات كە ڕووسیا ئەنجامدانی هەر كارێك بە ڕەوا بزانێت، ئەمەش مایەی كارەسات دەبێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە كە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كاراكتەرە خراپەكانی دیكەی جیهان بوێریی زیاتریان بۆ دروست بێت.

* ئەگەر پرسەكە پەیوەست بكەینەوە بە پێشهات و ڕووداوەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەتایبەتی ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەل ئەسەد لە سووریا، ئەوا ئاشكرایە كە ئەم پەرەسەندنانە بوونەتە هۆی كەمبوونەوە، یان داكشانی دەستڕۆیشتوویی ڕووسیا لەو وڵاتەدا. ئایا پێت وایە ئەمە هیچ ئاكام و دەرهاویشتەیەكی لەسەر شەڕەكەی لەگەڵ ئۆكرانیا دەبێت؟

- لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵ بخەمەڕوو، یەكەمیان ئەوەیە كە پەرەسەندنەكانی سووریا و ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد پەردە هەڵماڵین بوو لەسەر ئەو ڕاستییەی كە ڕووسیا ناتوانێت بەرگری لە هاوپەیمانەكانی بكات، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت، كە ڕووسیا وێنا و ناوبانگی خۆی لە دەست دا. خاڵی دووەم ئەوەیە كە ئەگەر حكومەتی نوێی سووریا داوا لە ڕووسیا بكات، بنكەكانی لە نێو وڵاتەكەیدا چۆڵ بكات، ئەوا ڕووسیا ئەو بنكانە جێ دەهێڵێت، ئەگەرچی ئەگەری ئەوەش هەیە كە گفتوگۆ لەم بارەیەوە بكەن، بەڵام ئەگەر بنكەكان بەجێ بهێڵێت، ئەوا ئەمە بە مانای ئەوە دێت كە ڕووسیا كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی خۆی لە سووریا لەدەست دەدات، چونكە هێشتا بە تەواوی ئەم كاریگەرییەی لەدەست نەداوە، بەڵام ئەگەر ئەم بنكانە لە دەست بدات، ئەوا پێگە و پایەیەكی سەرەكی لەدەست دەدات بۆ ململانێكردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و برەودان بە هێزی خۆی لەم ناوچەیەدا دەدۆڕێنێت.

* ئایا لاوازبوونی ڕووسیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەرفەت و بواری ئەوە دروست ناكات، كە هێزە جیهانییەكانی دیكە بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چین، برەو بە دەستڕۆیشتوویی و پێگەی خۆیان لەم ناوچەیەدا بدەن؟

- من پێم وایە ئەمە پانتاییەك دەخوڵقێنێت بۆ ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا برەو بە دەستڕۆیشتوویی خۆی لەم ناوچەیەدا بدات، لە هەمان كاتدا هەلی ئەوە بۆ چین دروست دەبێت، كە ڕۆڵێكی گەورەتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینێت. ئەگەرچی دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە دەستڕۆیشتوویی چین زیاتر ڕەهەندێكی ئابووری هەیە، لە كاتێكدا ئەمریكا لە هەر دوو ڕەهەندی ئابووری و سەربازییەكە كاریگەرە لەسەر ئەم ناوچەیە. كەواتە لاوازبوونی پێگەی ڕووسیا لەم ناوچەیەدا دەبێتە هۆی ئەوەی چین و ئەمریكا ڕۆڵێكی بەهێزتریان هەبێت. لێرەدا دەمەوێت بە دڵنیاییەوە بڵێم كە یەكێك لە دەرئەنجامەكانی بەهێزبوونی پێگەی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا ئەوەیە كە گوشارێكی زیاتر لەسەر ئێران دروست دەكات.

Top