پــڕۆفــیــســـۆر فـــوئـــاد ئـــیــــزەدی بــــۆ گــــوڵان: ئــیـــســــرائــیـــل دەیــــەوێـــت ســـووریـــا بــبـــێــتـــە وڵاتــێـــكـــی هـــاوشـــێـــوەی ئــــەردەن یـــان مـیــســـر

پــڕۆفــیــســـۆر فـــوئـــاد ئـــیــــزەدی بــــۆ گــــوڵان:  ئــیـــســــرائــیـــل دەیــــەوێـــت ســـووریـــا بــبـــێــتـــە وڵاتــێـــكـــی هـــاوشـــێـــوەی ئــــەردەن یـــان مـیــســـر

 

 

فوئاد ئیزەدی، پڕۆفیسۆری دیپلۆماسییەتی گشتیی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكایە لە زانكۆی تاران. بۆ مەبەستی شرۆڤەكردن و لێكدانەوەی ڕووداوە گرنگ و گەورەكانی ئەم دواییەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی كێشە و بارگرژییەكانی ئێران لەگەڵ ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ و، پەیوەندییەكانی ئێران و عێراق و لە نێویاندا هەرێمی كوردستان، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.

 

* هەروەك ئاشكرایە كە لە سووریادا پەرەسەندن و پێشهاتی خێرا هاتنە ئاراوە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە ڕووخانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد و هەڵاتنی لەو وڵاتە، ئێوە چۆن لەو هێزانە دەڕوانن كە توانییان شكست بەم ڕژێمە بهێنن و لە ئێستادا جڵەوی ئەم وڵاتەیان كەوتووەتە دەست؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە ئەوانە ڕێكخراوی تیرۆریستین، ئەویش لەو ڕوانگەیەوە كە تەنانەت لە تێڕوانینی خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاشدا وەك ڕێكخراوی تیرۆریستی ناسراون، ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی كە پێشتر ئەمانە لە ڕێكخراوی داعشەوە هاتوونەتە ئاراوە و كاری تیرۆریستییان ئەنجام داوە، هەرچۆنێك بێت بوونی ئەمانە نە لە بەرژەوەندیی سووریادایە و نە لە بەرژەوەندیی وڵاتە دراوسێكانی سووریاشدایە.

* بەڵام هێرشی دەستەی تەحریری شام و كەوتنی یەك لە دوای یەكی شارە گەورەكانی سووریا و پاشەكشەی سوپای ڕژێمەكەی بەشار و پاشان ڕووخانی، مایەی سەرسوڕمان و شۆك بوون، بە چەشنێك كە ڕەنگە هیچ كەسێك پێشبینیی ئەوەی نەكردبێت كە ڕەوتی ڕووداوەكان بەم خێراییە بەرەوپێش بچێت و ئەو دەرئەنجامەی لێ بكەوێتەوە، بە دیدی ئێوە ئەو هۆكارانە چی بوون كە بوونەهۆی ئەوەی بارودۆخەكە بەم ئاڕاستەیەدا بڕوات؟

-  لە ڕاستیدا ئێمە دەتوانین لەم ڕووەوە ئاماژە بە چەند هۆكارێك بكەین، یەكێكە لەوانە ئەوەبوو كە لە سووریادا حكومەتێكی لاواز هەبوو، هەروەها داهات و سەرچاوەیەكی زۆری دارایی لە بەردەستی ئەم حكومەت و ڕژێمەدا نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبوو سوپای سووریا دۆخەكەی زۆر بە جددی وەربگرتایە و هەنگاوی هەڵگرتایە بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە، بە پێچەوانەوە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكانی بەرهەڵستكاری بەشار ئەسەد داراییەكی باشیان بۆ دابین و دەستەبەر كرابوو، هەروەها چەك و تفاقی باشتریان بۆ فەراهەم كرابوو، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەو سەركەوتنە بەدەست بهێنن، ئەگەرچی من پێم وانییە ئەم سەركەوتنەیان بەردەوام بێت.

* لە ڕۆژنامەكانی ئێراندا ئەم پەرەسەندن و هەڵكشان و ڕووداوە چاوەڕوان نەكراوانە بە مایەی شۆك و تاسێنەر وەسف كران، لەم ڕوانگەیەوە پێتان وایە كاردانەوەی ئێران و شێوازی مامەڵەی ئێران چی دەبێت لەگەڵ ئەم دۆخەدا؟

- من دەمەوێت لێرەدا ئەوەتان بە بیر بهێنمەوە كە كاتێك داعش سەركەوتوو بوو لە داگیركردنی بەشێكی زۆری خاكی سووریا، دەستی دایە كاری تیرۆریستی و پاشان پانتاییەكی زۆری خاكی عێراقی داگیر كرد، لە نێویاندا بەشێكی هەرێمی كوردستانیش، لەم سۆنگەیەوە ئێمە خوازیاری ئەوە نین كە ئەم گرووپانەی سووریا دەست بدەنە ئەنجامدانی ئەو كارانەی كە خزمەت بە ئاشتی لە ناوچەكەدا ناكەن، ئەگەرچی ئێمە ئەوە بەدی دەكەین كە ئەوان هاوكارن بۆ ئیسرائیل، لەو ڕوانگەیەوە كە نایانەوێت یارمەتییەكانی ئێران لە ڕێی سووریاوە بگاتە لوبنان. هەرچۆنێك بێت، ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە توركیا بەشدارە لە هێنانەئارای ئەم دۆخە، بەهۆی ئەوەی توركیاش دەیەوێت دەستڕۆیشتوویی خۆی لە نێو سووریادا درێژ بكاتەوە و ڕێگە لە هاوكاریی ئێران بۆ لوبنان بگرێت. بە هەر حاڵ دەبێت ئەوە بڵێم كە ئێران پێشتر هەوڵ و كۆششی دیپلۆماتیی خستەگەڕ، ئەوە بوو وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی سەردانی ئەنقەرەی كرد، ئەویش لەبەر ئەوەی ئێران خوازیاری شەڕ و ناكۆكی نییە، بەڵكو دەیەوێت ئاشتی بەرپا ببێت، بەڵام ئەوەی بەدیمان كرد ئەوە بوو ئەو لایەنانەی دەستیاندایە ئەم شەڕە خوازیاری ئەوە نەبوو ڕایبگرن.

* ئێوە ئاماژەتان بە ڕۆڵی توركیا كرد، كە نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئەم هێزانە نەیاندەتوانی ئەو ئەدایەیان دژ بە ڕژێمەكەی بەشار ئەسەد هەبێت ئەگەر بێتو توركیا بە چەشنێكی بەرچاو هاوكار نەبووایە، ئێوە چ لێكدانەوەیەكتان بۆ ئامانج و ڕۆڵی توركیا لە ناو سووریادا هەیە؟

- بە داخەوە توركیا لەو ڕوانگەیەوە ئەم كارە دەكات كە دەیەوێت لەگەڵ ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ بگاتە ڕێككەوتنێك، ئەمەش هەڵەیەكە كە لەلایەن توركیاوە دەكرێت، چونكە هاوكاریكردنی ئەم جۆرە گرووپانە دەبێتە هۆی ئەوەی دواتر لە فەرمانیان دەربچن و لێی هەڵبگەڕێنەوە و زیانی پێ بگەیەنن .

* دەگوترێت ئەم گۆڕانكارییانەی نێو سووریا بەشێكیان دەرئەنجامی هەوڵ و كۆششێكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ناوچەكە لەسەر كۆمەڵێك پرەنسیپی جیاواز، كە نابێت لێرەدا ئەوەش لە یاد بكەین كە پێشتر سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل (بنیامین نەتنیاهۆ) هۆشداریی بە بەشار ئەسەد دا، بەوەی نابێت یاری بە ئاگر بكات، خوێندنەوەی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- گومان لەوەدا نییە كە ئیسرائیل دەیەوێت سووریا ببێتە وڵاتێكی هاوشێوەی ئەردەن یان میسر، كە پێشتر كێشەیان لەگەڵ حكومەتی سووریادا هەبوو ئەوە بوو بۆ كاركردن دژ بە حكومەتی پێشووی سووریا هاوكاریی داعشی دەكرد و تەنانەت بریندارەكانی لە نێو نەخۆشخانەكانی ئیسرائیلدا چارەسەر دەكرد، و بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە، ئەوا بەڵێ هەوڵێكی هەمە لایەنەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و توركیا و ئەو گرووپە تیرۆریستانە بوو كە ئەم دۆخەیان هێنایە ئاراوە.

* ئێوە لە وەڵامی پرسیارێكدا ئاماژەتان بەوە كرد كە ئەم ڕووداو و پەرەسەندنەكان لە بەشێكیاندا پەیوەندیدارن بە ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ئایا لەم ڕووەوە چۆن لە ئەگەریی پەیوەندییەكانی ئێران و ئەمریكا دەڕوانیت لە سایەی ئیدارەی نوێی ئەمریكادا، بە تایبەتی كە باس لەوە دەكرێت دووبارە سزای سەخت و قورس بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێتەوە؟

- ڕوونە كە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی ترەمپ هەمان ڕێكار و هەنگاو لە ئاست ئێراندا دەگرێتەبەر كە ئیدارەی یەكەمی ترەمپ پیادەی كردن، ئەوە بوو چوار ساڵ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری لە بەرانبەر ئێراندا گرتەبەر، بەڵام من پێم وایە هەروەك چۆن لە جاری یەكەم و لە ئیدارەی یەكەمدا هیچیان نەچنییەوە لەم گوشارانە، ئەوا لە ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپیشدا تووشی هەمان نائومێدی دەبنەوە، پێم وایە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا دووبارە ئێران ئەمە دەسەلمێنێتەوە، چونكە دەبێت ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە جیهان بەرەوپێش دەچێت و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش هێزێكە كە لە داكشاندایە.

* لە ئێستادا ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا زۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێران بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆوە بینیوە، ئایا پێتان وا نییە لە ئیدارەی داهاتووی ئەمریكادا دەرفەتێك دروست ببێت بۆ گفتوگۆكردنێكی جددی لەسەر ئەم پرۆگرامە، بە تایبەتی كە باس لەوە دەكرێت ترەمپ خۆی بە پیاوی ڕێككەوتنەكان دەزانێت؟

-  ئێمە دەبێت ئەوە بزانین كە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا لە سەروەختی پێش ئیدارەی یەكەمی دۆناڵد ترەمپدا ئەنجام درا و، دواتر دۆناڵد ترەمپ لێ كشایەوە و ئیدارەكەی جۆ بایدن دەیتوانی بگەڕێتەوە نێو ئەم ڕێككەوتنە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا من پێم وانییە بتوانین لە گفتوگۆكردن لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هیچ بەدەست بهێنن.

* هەر لە پەیوەندی بە ئێرانەوە، باس لەوە دەكرێت كە ئەم وڵاتە توانیویەتی پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕووسیا و چین بدات، ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران لە بەرامبەر ئەمریكا لە پێگەیەكی بەهێزتردا بێت؟

-   لە ڕاستیدا نابێت ئێمە ئەوە نادیدە بگرین كە جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەڕوات، ئەمەش لەبەر ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هێزێكە لە داكشاندایە، كە دەبێتە هۆی ئەوەی فشارەكانی لەسەر وڵاتێكی وەك ئێران دەرئەنجامێكی ئەوتۆی لێ نەكەوێتەوە، لەلایەكی دیكەوە چین و ڕووسیاش خوازیاری ئەوە نیین كە تەنیا هێزێك، بە چەشنی ئەمریكا، زاڵ و باڵادەست بێت لەسەر شانۆی جیهان.

* ئێران و عێراق پەیوەندییەكی تایبەت لە نێوانیاندا هەیە، ئێوە چۆن سەیری ئەگەر و ئاراستەكانی ئەم پەیوەندییە دەكەن؟

- ئاشكرایە كە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران پەیوەندییەكی چڕن و لە ئاستێكی باشدان، كە دەبینین شاندی پایە بڵندی هەردولا سەردانی یەكتری دەكەن، كە دەكرێت بڵێین هەمان شت ڕاستە بۆ پەیوەندییەكانی ئێران لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، بە تایبەتی كە بینیمیان سەرۆك كۆماری ئێران (مەسعود پزیشكیان) لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق و لە نێویاندا بۆ هەرێمی كوردستان بە كوردی لێدوانی دا، هەمو ئەمانەش جەختكردنەوەن لەسەر پەیوەندییە كەلتووری و فەرهەنگییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەو بازرگانییەش كە لە ئارادایە لە سوود و بەرژەوەندیی هەردوولادایە.

 

Top