نیو جیم هاوای بەڕێوەبەری كارگێڕیی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان:   تەنیا سه‌دا ده‌ی دەوڵەتان ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی كەشوهەوا

نیو جیم هاوای  بەڕێوەبەری كارگێڕیی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان:     تەنیا سه‌دا ده‌ی دەوڵەتان ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی كەشوهەوا

 

 

نیو جێم هاوای، بەڕێوەبەری جێبەجێكار و ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانە و لە هەمان كاتدا لە ناو كۆڕبەندەكەشدا سەرۆكی سەنتەری «سرووشت و كەشوهەوایە»، پێشتر ڕاوێژكاری كارگێڕی بووە لە كۆمپانیای ماكینزی ئەمریكی و ماوەیەكیش لە حكومەتی سەنگافورە لەگەڵ وەزارەتەكانی دارایی و پیشەسازی و نووسینگەی سەرۆك وەزیران كاری كردووە. لە ساڵی 2023 ڕۆژنامەی تایم وەك یەكێك لەو سەركردانە دیاریی كردووە كە لەسەر ئاستی جیهان كاری گرنگی بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی كەشوهەوا كردووە. سەبارەت بە ستراتیژیەتی ڕێكخستنی كۆڕبەندی داڤۆس 2025 و بایەخدانی كۆڕبەندی ئەمساڵ بە گۆڕینی كەشوهەوا و پڕۆگرامەكانی كۆڕبەندەكە بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو.

 

ناونیشانی سەرەكیی كۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس «هاوكاریكردنە بۆ سەردەمی زیرەكی»، كە دیارە مەبەست لێی زیرەكیی دەستكردە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئێمە ئەگەر هەسارەیەكی تەندروستمان نەبێت، ئەوا سەردەمی زیرەكیی دەستكردیشمان نابێت، بۆیە دەبێت زۆر زیرەكانە هەموو لایەك بیر لەوە بكەینەوە، كە بە بێ هاوكاریی هەمەلایەنە، ناتوانین ڕێگە لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بگرین.

گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا گەیشتوونەتە ئاستی مەترسیی ڕاستەقینە، هەمووشمان هەستمان بەو مەترسییە كردووە، پار دیسان ساڵێكی ڕیكۆردی بوو بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لە ئێستادا بەرزبوونەوەی پلەی 1.54 پلەی سەدی لە سەردەمی پێش سەردەمی پیشەسازی بەرزتر بووەتەوە.

زانایان بە توندی لەوە هۆشیارمان دەكەنەوە كە نیشانەكانی گۆڕینی كەشوهەوا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە سرووشت خەریكە توانای خۆی بۆ تواندنەوەی كاربۆن و هەڵمژینی كاربۆن لەدەست دەدات، لە ئێستادا توانای سرووشت هەر ئەوەندەیە كە بتوانێت تەنیا چارەكێك لەو كاربۆنە بمژێت كە لە پیشەسازییەكانەوە تیكەڵاوی ژینگە دەكرێن.

لەم هەفتەیەدا هاوكات لەگەڵ كۆڕبەندی داڤۆس، دیكۆمێنتێك لەبارەی گۆڕینی كەشوهەوا بڵاو دەكرێتەوە، كە بریتییە لە هاوبەشیكردن لەگەڵ «پڕۆژەی ئاشكراكردنی كاربۆن- «Carbon Disclosure Projectسەبارەت ئاستی پێشكەوتنی دۆسێی كۆمپانیاكان تایبەت بە «سرووشت و ژینگە»، ئەم دیكۆمێنتە شرۆڤەی ئەو كۆمپانییانە لەخۆ دەگرێت، كە سەرمایەكەیان سێ یەكی بەهای بازاڕەكانی جیهان پێك دەهێنن.

ئامارەكان ئەوەیان دەرخستووە كە تەنیا 10%ی دەوڵەتان ڕێوشوێنی پێویست و بەڵگەدار بە دۆسێی «سرووشت و ژینگە»یان گرتووەتەبەر، بۆیە لە بەشێكی زۆری پڕۆگرامی ئەمساڵی كۆڕبەندی داڤۆس جەخت لەسەر ئەو پرسانە دەكرێنەوە كە هۆكارن بۆ گۆڕینی كەشوهەوا و دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ ڕێگرتن لە خێرایی گۆڕینی كەشوهەوا، كە ئێستا هەستی پێ دەكەین. هەر بۆ نموونە لە بواری وزەدا ئێمە پێویستمان بەوەیە لەسەر سێ گرفتی سەرەكی هەڵوەستە بكەینەوە، كە بریتی دەبن لە «چۆنیەتیی مانەوەی وزە بە نرخی گونجاو، چۆن پارێزراو دەبێت، سەوز بێت، دژە ژینگە نەبێت، هەروەها چۆن بتوانین پشتگیریی ئەو پڕۆژانە بكەین كە بە قەبارەی گەورە كار لەسەر وزە نوێبووەوەكان دەكەن.

هەر بۆیە بەشێكی زۆر وتویژی پەنێڵەكان تایبەت دەبن بە قسەكردن لەسەر چارەسەركردنی ئەو كێشانە، بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی كۆڕبەندی ئەمساڵ تایبەت دەبێت بە «سەردەمی زیرەكی»، ئەوا تەكنەلۆژیای داتا، لەوانەیە ببێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ كەمكردنەوەی تێچووی توێژینەوەكان و بڵاوكردنەوەیان لەسەر ئاستێكی فراوانتر، هەروەها لەم كۆڕبەندەدا چەندین دەستپێشخەری دەخرێنە ڕوو، وەك هاوپەیمانیی «هەنگاوی یەكەم-First Mover Coalition» كە دەبێتە دروستكردنی هاوپەیمانییەكی جیهانی لە نێوان كۆمپانیاكاندا كە داوا لە كۆمپانیاكان دەكات «تەكنەلۆژیای دۆستی ژینگە- « Green Technology بكڕن و بەكاری بهێنن، هەروەها پشتگیریی ئەو گرووپ و دامەزراوانە بكەن، كە هاندان دروست دەكەن بۆ گەیشتن بە «سفر كاربوون». لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم هەوڵانە دەستیان پێ كراوە، بۆیە لەم كۆڕبەندەدا دیسان هەوڵەكان دەخرێنەوە گەڕ، بۆ ئەوەی هەوڵەكانی ڕابردوو زیاتر و هەمەلایەنە بكرێن، هەتا بتوانین هەنگاوی دیكە بچینە پێشەوە.

لە دوماهیدا دەمەوێت تیشك بخەمە سەر لایەنێكی دیكەی سەركەوتنی كۆڕبەندی داڤۆس، كە ئەمساڵ بۆ یەكەمین جار لە دوایین شەوی ڕێوڕەسمی كۆڕبەندەكەدا پێشكەشی دەكەین، ئەویش دابەشكردنی خەڵاتی ڕێككەوتنی سەوزە « GAIA» كە دەدرێتە ئەو دامەزراوانەی كە ئامادەن گۆڕانكاری لە میتۆدی خۆیاندا بكەن لە پێناوی پاراستنی «سرووشت و ژینگە»دا، ئەمەش هەموو بوارەكانی «زانست، تەكنەلۆژیا، كۆمپانیاكان، سەركردەكان» دەگرێتەوە، لەپێناوی ئەوەی بەردەوام بین لە گێڕانەوەی ئومێد و هەروەها پیشاندانی ئیمكانییات بۆ كاركردن بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكانی ژینگە.

 

Top