سیپان شێروانی ئەندامی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:   كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كورد و سەرۆكی ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی كورد لە بەغدا زۆر گرنگ بوو

سیپان شێروانی  ئەندامی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     كۆبوونەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كورد و سەرۆكی ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی كورد لە بەغدا زۆر گرنگ بوو

 

 

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەم ماوەیەدا لەگەڵ وەزیر و بەرپرسە باڵاكانی كورد لە بەغدا و چەند سەرۆك فراكسیۆنی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووە، لەسەر ئەو زوڵم و غەدرەی حوكمڕانەكانی عێراق لە هەرێمی دەكەن. ئەمەو چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار تەوەری سەرەكیی دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ سیپان شێروانی ئەندامی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پێشەسازی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوون.

 

 

* سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كورد و سەرۆكی ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی كورد لە بەغدا كۆبوووە و جەختی لەسەر ئەو زوڵم و غەدرە كردەوە كە دەرهەق بە كورد دەكرێت لە لایەن بەغداوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە وەك خۆتان لە نزیكەوە ئاگاداری ئەو غەدرەن، ئایا حكومەتی عێراق بۆ وا دەكات؟

- لەو ڕۆژەوە كورد و كوردستان بووەتە بەشێك لە عێراق، دەسەڵاتدارەكانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكان لە سەرجەم نیزامە جیاوازەكانی (لە پاشایەتییەوە بگرە، تا دەگاتە دوایەمین نیزامی فیدڕاڵی كە لە عێراق هەیە)، هەمیشە زوڵمیان لە گەلی كورد كردووە. ئەو عەقڵییەتەی ئێستای حكومەتی فیدڕاڵی عێراقیش، ڕۆژانە بەربەست و كۆسپی جیاواز بۆ ئێمە دروست دەكات و هەمان ئەو عەقڵییەتەیە كە لە نیزامەكانی پێشوودا كوردیان ئەنفال و جینۆساید و كیمیاباران و زیندەبەچاڵ دەكرد، بەڵام بە حوكمی ئەوەی ئەو گۆڕانكارییانەی لە جیهان ڕوویان داوە و بە حوكمی ئەو نیزامە نوێیەی لە عێراقیش هەیە، هاوكات بە حوكمی بەهێزیی كورد و كوردستانیش لە چاو ساڵانی ڕابردوو، ناتوانن بەو شێوازە بەردەوام بن لەسەر ڕەفتار و كردەوە خراپەكانیان بەرانبەر بە كورد، ئەمەش غەدرێكی ئاشكرایە لە كورد دەكرێت. لە ئێستادا هیچ دۆسیەیەك نییە لە نێوان هەولێر و بەغدا كە تێیدا كەسانێك لە بەغدا مافە فیدڕاڵی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان نەخۆن. هەر بۆیە ئەو كۆبوونەوانە و هەڵوێستی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ و لە جێگای خۆیدا بوو، چونكە ئێمە هیچ نكۆڵی لەوە ناكەین كە پەرتەوازەیی ناوماڵی كوردی گەورەترین زیان لە مافەكانی گەلی كورد لە بەغدا دەدات، لە هەمان كاتدا یەكڕیزیی ناوماڵی كورد بەهێزترین فاكتەرە بۆ ئەوەی گەلی كورد بتوانێت مافە پێشێلكراوەكانی بگەڕێنێتەوە. ئەو هەنگاوەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند پەیامێكی هەبوو، یەكەم : بۆ هەموو لایەنە كوردییەكان كە هێشتا گومانیان هەیە لە ڕاست و دروستیی دۆزی كورد و گومانیان هەیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كارێك دەكات بۆ چارەسەری كێشەكان، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا ئەوە ڕوون كرایەوە و خرایەڕوو كە حكومەتی بەغدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بیانووی جیاواز دەهێنێتەوە بە بێ هۆكار و بۆ ئەوەی لایەنە كوردییەكانیش تێبگەن و بێن لە نزیكەوە وردەكاری و زانیاریی تەواو وەربگرن لەسەر ئەو شتانەی كە لەژێر پەردە و سەر پەردە هەیە، بۆ ئەوەی بەشێك بن لە گرووپی داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كورد، ئەمەش ئەركی سەرشانی نوێنەرانی كورد و كوردستانە لە بەغدا و هیچ ئەرك و كارێكی دیكەشمان نییە لەوە زیاتر لە بەغدا. دووەم پەیام: وەكو ئاماژەشم پێدا، ئەو یەكڕیزییە گەورەترین چەكە كە دەتوانرێت لە هەموو قۆناغەكان و بۆ هەموو ئەگەرێك سەركردەی سیاسیی كورد لەبەرانبەر ئەو زوڵمەی لە بەغدا لە ئێمە دەكرێت، بەكاری بهێنن. ئەگەر لایەنە كوردییەكان یەكدەنگ بن، ئەوە بە دڵنیایەوە هیچ گومانێكی تێدانییە كێشەكانی ئێمە چارەسەر دەبن.   

* ئەگەر بارودۆخەكە هەر وا بڕوات، لە 2025 ئایندەی هەموو ئەو ڕێككەوتن و پەیوەندییانەی كە ئێستا هەیە چی بەسەردا دێت؟ ئایا ئەمە تا چەند زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت؟

- ئەو بوودجەیەی هەیە، بوودجەیەكی بەركارە بۆ سێ ساڵ (2023 و 2024 و 2025) دانراوە، پشكی كورد لەو بوودجەیە زوڵم و ستەمێكی زۆری تێدا دەكرێت و پڕە لە كێشە و گرفت و لە كاتێكدا كە ئەو بوودجەیە بەردەوام بێت بەو شێوازە، ئەوە لە ساڵی 2025 بەو عەقڵییەتەی كە تەیف سامی وەكو وەزیری دارایی بەكاری دەهێنێت، حەتمەن كێشەكان بەردەوام دەبن. ئەوە لە كاتێكدایە كە ناوچەكە بە بارودۆخێكی زۆر هەستیار تێدەپەڕێت، كە جەنگ و ئاگر لە دەوربەری عێراقە، ئەوەش حەتمەن كاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر تەواوی عێراق و داهاتووی عێراقیش دەبێت.

* بڕیارە ئەو ماددە دەستوورییەی كە تایبەتە بە تێچوونەكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە یاسای بوودجە هەموار بكرێتەوە. تا چەند ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەو نەفەسە شۆڤێنییەی دژی كورد بۆ ئەو هەمواركردنەوەیە مافەكان بۆ كورد دەگەڕێنێتەوە؟

- بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران بە جددی لەگەڵ ئەو هەمواركردنەوەی بوودجە نین، بەتایبەتی ئەو پەرلەمانتارانەی ئیشیان موزایەداتی سیاسییە و ئەو پەرلەمانتارانەی نەفەسیان شۆڤێنییە، هەمیشە لە دژی هەرێمی كوردستانن و هەر ماددەیەك و هەر یاسایەك بێت، ناوی هەرێمی كوردستانی تێدا بێت، ئەوە لە دژی دەوەستنەوە. هەر بۆیە بە بێ دیراسەكردنی سوود و زیانەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو قازانجەی كە كاریگەریی لەسەر ئابووریی بەغدا دەكات، ئەمانە ڕاستەوخۆ دژایەتیی خۆیان بۆ هەموارەكە دەربڕیوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە باس لە بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئەوانە دەڵێن نەوتان ڕادەست نەكردووە، كاتێكیش پێیان دەڵێین، وەرن بوودجە هەموار بكەنەوە كە بڕی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت كەڤەری خەرجییەكان بكات، ئەو كات نەوت ڕادەست دەكەین و هەناردەی دەكەینەوە، لەمەشدا وەڵامیان نەخێرە، واتە نە دەیانەوێت نەوت هەناردە بكرێتەوە و نە دەیانەوێت بوودجە بنێرن بە بیانووی ئەوەی كە نەوت ڕاەدست نەكراوە، كە ئەمانەش هەر هەمووی گوزارشت لەوە دەكات كە سیاسەتێكی دوژمنانە و شۆڤێنییانە لە دژی گەلی كورد و كوردستان پیادە دەكەن. ئەگەرچی ڕۆژی یەكشەممە (19/1/2025) لە خشتەی كاری پەرلەماندا دەنگدان هەیە لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای میزانییە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بۆیە لێرەدا داواكارین و هیوادارین لایەنە سیاسییەكان تەداخول بكەن، تاوەكو ڕێككەوتنێكی سیاسی بێتەدی و ئەو بابەتە موزایەداتی سیاسی پێوە نەكرێت و، لایەنە ئابووریەكان وەكو خۆی لەبەرچاو بگیرێت و پەسند بكرێت. لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەكو عێراق میزانییەیەكمان هەیە كە هەموو شتێكی پێكەوە بەستووەتەوە بە شێوازێكی زۆر ئاڵۆز و دەستكاری تێدایە و زۆر ئەگەر و مەرجیشی تێدایە كە بەشێك لە مەرجەكانی بۆ نموونە مادەدی (12) كە لە چەند بڕگەیەك پێكهاتووە، كە یەكەم بڕگە باس لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات، لە پاشان بڕگەی ئەلف و با و جیم و .. دێت كە لە بڕگەكانی (ب و ج و د) باسی ئیستیحقاقی هەرێمی كوردستان دەكات، كە ئەمەش پاش جێبەجێكردنی بڕگەكانی پێشوو و یەكێك لەو بڕگانەی پێشووش هەناردەكردنی نەوتە، هەر بۆیە ئەگەر بەپێی دەقی میزانییەكە بێت، ئەوە ئەگەری هەیە هەناردەكردنەوەی نەوتەكە كاریگەری هەبێت، بەڵام ئێمە لە عێراقێك دەژین كە زۆر زەحمەتە پابەندی یاساكان بن.    

* لە 2025 گرنگترینی ئەو دۆسێیانەی لە بەردەم پەرلەماندایە، بەتایبەتی هەڵبژاردنەكانی عێراقە، ئایا تا چەند كوتلە و پارتە سیاسییەكان دەتوانن لەم ساڵەدا خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنانە ئامادە بكەن؟

- بەپێی دەستوور دەبێت لە كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت. وەكو دەزانین كە ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە كە لە بەرواری سوێندخواردنی یەكەم دانیشتنەوە كە لە (9/1/2022) سوێندمان خوارد ئەوە دەبێت لە (9/1/2026)كە ماوەی چوار ساڵەكەی پەرلەمان تەواو دەبێت، بەڵام (45)ڕۆژ پێش تەواوبوونی ماوەی تەمەنی پەرلەمان كە دەكاتە كۆتاییەكانی مانگی (11)ی ساڵی2025 دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و یاسای هەڵبژاردنیش پێشتر پەسندمان كردووە، ئەو كات لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان یەكخرا و لەلایەك تەمەنی ئەنجومەنی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان درێژ كرایەوە، لەلایەكی دیكەشەوە بیروڕایەك هەیە كە ئەو بڕیارە پێچەوانەی دەسەڵاتەكانە و ئەمە تەنیا لە دەسەڵاتی پەرلەماندایە، بۆیە ئەمە جارێ یەكێكە لە بابەتە یەكلانەكراوەكان، ئەگەرچی من لەو بڕوایەدام، بەڵێ هەڵبژاردن دەكرێت ئەگەر هیچ هۆكارێكی دەرەكی و چاوەڕواننەكراو ڕوو نەدات، بۆ نموونە ئەگەری وەكو شەڕ.   

* سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا تا چەند گرنگ بوو و چ خوێندنەوەیەكت بۆی هەیە؟

- جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانێكی گرنگ و پڕ بەرهەمی لە بەغدا ئەنجام دا، ئەم سەردانەی جەنابیان لە كاتێكی هەستیاردایە، هەم لە ڕووی نێودەوڵەتی و هەم ناوچەكە و هەم ناوخۆ و هەم كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا. جەنابیان كە بەشداری لە كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتی كرد، باسی لە كێشەی مووچەی هەرێمی كوردستان كرد و جەختیشی لەسەر چارەسەركردنی ئەو كێشانە كردووەتەوە، لەلایەكی دیكەوە ئەو پەیامەی ناڕازیبوونی گەلی كورد و كوردستان و حكومەتی كوردستانی بە بەغدا ڕاگەیاندووە، كە ئەو دۆخە ناكرێت بەو شێوازە بەردەوام بێت. ئەگەرنا ئەگەرەكانی بەردەممان كراوەن. لە هەمان كاتدا لە سەردانەكەدا لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای حزبی و حكوومی كۆبوونەوە و ئەو كۆبوونەوانەی جەنابی سەرۆكی هەرێم لە هەموو ڕوویێكەوە دەبێتە هۆكارێك بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و گومانی تێدا نییە، زۆرجار لە ئەنجامی كۆبوونەوە و گفتوگۆی دوو سەركردە هەندێ كێشە، یان هەموو كێشەكان چارەسەر دەكرێن، یان ڕێگای چارەسەركردنەكان دەستنیشان دەكرێت، بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەكو عێراقدا كە یاسا مرونەی تێدایە و زۆر جار بڕیارەكان میزاجی شەخسی پێوە دیارە، هەر بۆیە سەردانكەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بەدڵنیاییەوە ئەنجام و دەرهاوێشتەی باشی دەبێت.

Top