مەلا هێمن بیرەسپانی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی بیرەسپان لە كەركووك بۆ گوڵان:   پێغەمبەر محەمەد (د.خ) فەرموویەتی: باشترین كەس ئەو كەسەیە كە خزمەتی نەتەوە و هۆزی خۆی دەكات و دادپەروەر بێت

مەلا هێمن بیرەسپانی  پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی بیرەسپان لە كەركووك بۆ گوڵان:     پێغەمبەر محەمەد (د.خ) فەرموویەتی: باشترین كەس ئەو كەسەیە كە خزمەتی نەتەوە و هۆزی خۆی دەكات و دادپەروەر بێت

 

 

 

بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئایینی ئیسلام دەكرێت دابەشی سەر «عیبادات و سیاسەت» بكرێت، وەكو ئەوەی ئیسلامی سیاسی دەیكات و، ئایا لە ئیسلامدا توندوتیژی هەیە و تا چەند ڕێز لە خاك و نەتەوە و نیشتمان دەگیرێت، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مامۆستا هێمن بیرەسپانی ڕاوێژكاری یاسایی و پسپۆڕ لە شەریعەتی ئایینی ئیسلام و بەرپرسی ناوچەی ئازادی لە لقی كەركووكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان ئەنجام دا.

 

* هەندێ گرووپ و حزب بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە كار بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و گەیشتن بە دەسەڵات دەكەن و ئایینی ئیسلامیان دابەشی سەر «عیبادات و سیاسەت كردووە». ئایا ئەم دابەشكردنەی ئیسلام بۆ ئیسلامی سیاسی و عیبادات تا چەند خزمەتی بە ئیسلام كردووە؟

- سەرەتا، (بە ناوی خودای بەخشندە و دلۆڤان و درود و سەلام لە سەر گیانی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی محەمەد، هەروەها لەسەر بنەماڵە و شوێنكەوتووانی هەتا ڕۆژی دوایی). ئایینی پیرۆزی ئیسلام دابەش دەبێتە سەر چەند خاڵی سەرەكی، یەكەم: بیروباوەڕ (عقیدة) كە ئەم خاڵە گرینگترینیانە. دووەم: فیقهی (العبادات والمعاملات)، واتە خواپەرستی و ڕەفتاركردن. سێیەم: ڕەوشت. لەم سێ بڕگەیەدا دەقێكی شەرعی و ڕوون و ئاشكرا نەهاتووە، فەرمان بكات كە سیاسەت بەشێك، یان بڕگەیەك بێت لە فەرزەكانی ئیسلام. سیاسەت لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلامدا داوا كراوە لە دەسەڵاتدار و سیاسەتمەدار كە بەرژەوەندیی خەڵك و كۆمەڵگە ڕەچاو بكەن و دادپەروەری و سەروەریی كۆمەڵگە بپارێزن و هەر یاسایەك كە بڕیاری لەسەر درا، پێچەوانەی ئەو دەقانە نەبێت كە كۆدەنگیی زانایانیان لەسەرە و بەشێكی دیكەی بریتییە لە كاروباری دارایی و كۆمەڵایەتی و داد و سیاسەتی دەرەوەی وڵات و هەرێمی كە هەموو ئەمانە ڕێگەپێدراوە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا كە تێیدا بەرژەوەندی بۆ خاك و نیشتمان و وڵات بگەڕێتەوە، ئەم بەشەش (سیاسەت) بە ڕاپرسی (الاجتهاد) دەكرێت و ئێمەش دەبینین سوپاس بۆ خوای گەورە هەرێمەكەمان كار بەم خاڵانە دەكات، كە ئاماژەمان پێ كردن. ئەوانەشی پێشەوا و ڕابەری ئەم میللەتە بوون، وەك شێخ عەبدولسەلام بارزانی و مەلا مستەفا بارزانی و جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كە مەرجەعی میللەتی كوردە و نەوەكانیان لە دەسەڵاتدا هەموو موسڵمان و قورئان خوێنن، هەروەها لە سیاسەت و دەسەڵاتیاندا كە ئێستا كاربەدەستن، ڕەچاوی ئەو خاڵانە دەكەن كە ئاماژەمان پێ كردوون. بۆیە هیچ پێویستییەكی شەرعی ناگەیەنێت بۆ هیچ لایەنێكی دیكە كە بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە سیاسەتمان پێ بفرۆشن و تەنیا ئەوان نوێنەرایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكەن. لەلایەكی دیكەوە ئەم ئایینە پیرۆزە موڵكی كۆمەڵێك و حزبێك و كەسانێك نییە، كە خۆیان بە ڕابەر و نوێنەری بزانن. لە ڕاستیدا ئەو كەس و گروپ و لایەنانەی كە بەناوی ئیسلامەوە كار دەكەن، ئەوە یاریكردنە بە هەستی موسڵمانان بۆ ئەوەی كورسی و دەسەڵات بەدەست بێنن. لە هەموو مێژووی موسڵماندا كە بیخوێنینەوە، دەبینن هەر لایەنێك وەك «ئیخوان موسلیمین» و حزبە ئیسلامییەكان بەگشتی كە ئایینیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی كورسی و دەسەڵات بەدەست بێنن، تەمەنیان كورت بووە و لەناو چوون.

* بەپێی ئەوەی‌ دەركەوتووە كە فیكری ئیسلامی سیاسیی بایەخ بە پرسی خاك و نەتەوە نادات و، پیرۆزییەكانی نەتەوە بێ بەها دەكەن، لێرەش لە كوردستان دەبینین كە لەو مەدەرەسانەی حزبە ئیسلامییەكان سەرپەرشتیان دەكەن، پڕۆگرامەكانیان سڕینەوەی هزری نەتەوەیی و نیشتمانییە، ئایا ئەو بیر و بەرنامانە چ كارەساتێكیان لێدەكەوێتەوە‌؟

- ئێستاش ئەم حزبە ئیسلامییانە هەر یەكێكیان دروستكراوی وڵات و گرووپ و نەتەوەیەكی دیكەی دوور لە نەتەوەی گەلی كوردن، بۆیە دەبینین دڵسۆزییان بۆ سەركردەكانی میللەتی خۆمان نییە، كە شۆڕش و خەباتیان كردووە بۆ خاك و نیشتمانمان، بەڵكو دڵسۆزی و ملكەچییان بۆ چەند سەركردە و سیاسەتمەدارێكە كە دژ بە میللەت و خاكمانن، ئەم جۆرە سیاسەتەی ئەوانە پەیڕەوی دەكەن، دوورە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام، چونكە ئەو ئایینە فێری كردووین كە دڵسۆزیمان بۆ خاك و نەتەوە و نیشتمان لە ئاستێكی بەرزدا بێت. لە موسنەدی (ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل)دا هاتووە كە دەفەرموێت: «پیاوێك هاتە خزمەتی پێغەمبەر (د.خ)، پرسیاری كرد: ئەی پێغەمبەری خوا، من خزمەتی نەتەوە و میللەتی خۆم دەكەم، ئایا لەم كارە تاوانبار نابم؟ پێغەمبەری خوا فەرمووی: خێرت دەگات لەم كارەدا و باشترین كەس ئەو كەسەیە كە خزمەتی نەتەوە و هۆزی خۆی دەكات و دادپەروەر بێت».

* ئێمەی كورد وەك گەلێكی موسڵمان خاوەنی مێژوویەكی پاكی موسڵمانیەتی و كوردایەتین و چەندین زانای گەورەی ئیسلامیمان هەبووە و هەیە. بۆچی ئیسلامی سیاسی ئەم مێژووە فەرامۆش دەكات و دەیەوێت مێژوویەكی دیكە لە كوردستان بڵاو بكاتەوە، كە ئەویش زیاتر مێژووی عەرەبییە؟

- زانایانی ڕاستەقینەی میللەتی كورد بە درێژایی مێژوو خزمەتێكی زۆریان گەیاندووە بە پەیامی پیرۆزی ئیسلام و ڕۆڵی گرنگیان تۆمار كردووە و هەڵقوڵاوی خەمی میللەتەكەیان بوون. بۆیە لە هەموو شۆڕشە كوردییەكاندا مامۆستایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت ڕۆڵی خۆیان بینیوە، هەروەها پێشەوا بوون كە خوێنی خۆیان بەخت كردووە بۆ خاكی كوردستان، بۆ نموونە پێشەوا قازی محەمەد، شێخ مەحموودی حەفید، شێخ سەعیدی پیران، شێخ عەبدولسەلامی بارزانی و مەلا مستەفای بارزانی كە ئەمانە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی میللەتی كورد بوون و، مانەوەی هزری نەتەوەیی ( كوردی) لەسەر دەستی ئەم پێشەوایانە گەیشتووەتە ئێستا، بەڵام ئەم حزبە ئیسلامییانەی كە دروست كراون، دەستیان تێكەڵاوە لەگەڵ دوژمنانی میللەتەكەمان و وا فێری شوێنكەوتووانیان دەكەن، كە دەبێت هاوسۆزییان بۆ ئەو پەیڕەو پڕۆگرامە هەبێت، كە ئەو حزبە دایمەزراندووە بە ناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، نەك سۆزی بۆ خاك و نیشتمان و زانا و سەركردەی خۆی بێت، بەمەش دەردەكەوێت ئەمانە دڵسۆزی و هاوسۆزییان بۆ خاك و نیشتمانی خۆیان نییە. ئەمە بەرنامەیەكی دڕێژراوە لە لایەن عەرەبە شۆڤێنییەكانەوە، ئەوانەی كە بایەخدان بە نەتەوەی عەرەبی خۆیان دەخەنە پێش بایەخدان بە ئایینی ئیسلام و زۆر جار دەبینرێت و دەبینین لە دروشمەكانیاندا دووپاتی دەكەنەوە وەك «الامة العربیة الاسلامیة»، كە عەرەب پێش ئایینی ئیسلام دەخەن و ئەو كارانەی ئەنجامی دەدەن، پێچەوانەی ئایینی ڕاستەقینەی ئیسلامە. ئەگەر ئەم حزبە ئیسلامییانە كورد بن، دەبێت هاوسۆزیی خۆیان بۆ خاك و نیشتمانی خۆیان بێت، كە خوای گەورە بە پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت:(وَأَنْذِرْ عَشِيرَتَكَ الْأَقْرَبِينَ) - الشعراء:214. هەروەها ئیبراهیم باوكی پێغەمبەران لەبارەی خۆشەویستنی خاك و ددانی خێرنان بە نیشتمانەكەت دەفەرموێت: (رَبِّ اجْعَلْ هَذَا بَلَدًا آمِنًا وَارْزُقْ أَهْلَهُ مِنَ الثَّمَرَاتِ) - سورة البقرة 126، واتە خودایە ئارامی بدەیتە وڵاتەكەم و ڕزق و ڕۆزییان زۆر بكەیت.

* باس لە بەرهەمهێنانی توندوتیژی و تیرۆر دەكرێت لە فیكری ئیسلامی سیاسی، ئایا لە ئیسلامدا توندوتیژی جێگای دەبێتەوە؟ ئایا تا چەند توندوتیژی كۆمەڵگە بەرەو ناسەقامگیری و كاولبوون دەبات؟

- خوای گەورە دەفەرموێت (يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لَا تَغْلُوا فِي دِينِكُمْ وَلَا تَقُولُوا عَلَي اللَّهِ إِلَّا الْحَقَّ....) - سورة النساء 171 و پێغەمبەری ئیسلامیش دەفەرموێت: (ئامان زیادەڕۆیی نەكەن، هەموو ئایینەكانی پێشوو بە زیادەڕۆیی لەناوچوون.) ڕواه ئەحمەد . بۆیە بە زیادەڕۆیی لە ئاییندا توندڕەوی دروست دەبێت و توندڕەوییش پێچەوانەی فەرمانەكانی خوا و پێغەمبەرەكەیەتی، چونكە كۆمەڵگە پەرتەوازە دەكات و فێری ڕق و كینە و تەنانەت خوێنڕشتنیشی دەكات و ئەو شەڕ و كوشتارانەی لە مێژووی ئیسلامدا ڕوویان داوە و خوێنی تێدا ڕژاوە، هەمووی هۆكاری توندڕەوی بووە. بۆیە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: (وَلَا تَكُونُواْ كَٱلَّذِينَ تَفَرَّقُواْ وَٱخْتَلَفُواْ مِن* بَعْدِ مَا جَآءَهُمُ ٱلْبَيِّنَٰتُ * وَأُوْلَٰٓئِكَ لَهُمْ عَذَابٌ عَظِيمٌ) - سورة ال عمران 105. واتە وەك ئەوانە مەبن كە جیاكاری و پەرتەوازەییان دروست دەكرد. ئێوە ئایینێكی ڕاست و دروستان بۆ هاتووە كە ئەو بابەتانەی تێدا چارەسەر كردووە. ئەگەر خوای پەروەردگار لە كاروباری ئاییندا ڕێگە بە توندڕەوی نەدات، لە سیاسەتدا چۆن ڕێگە دەدات؟ هەروەها دەفەرموێت (وَكَذَلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا) - سورة البقرة 143. خوای گەورە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە میانڕەو وەسف دەكات. زانایانی ئیسلام دەفەرموون وەك پێشەوا ئیمامی شافعی (ئەو بۆچوونەی لای من پەسەندە، دەكرێت هەڵە بێت، ئەو بۆچوونەشی لای بەرانبەرەكەم هەیە، كە بە هەڵەی دەزانم، ئەگەری ئەوەی بۆ دادەنێم كە ڕاست بێت)، ئەمە ئەوەمان فێر دەكات لە كاتی بۆچوونی جیاوازدا دەبێت سنوورەكان پارێزراو بێت .

* لە ئیسلامدا دەبێت كێ فتوا بدات؟ ئایا دەكرێت هەر كەس و لایەن و گرووپێك بەتایبەتی ئیسلامی سیاسییەكان لەلای خۆیانەوە فتوا بدەن، یان دەبێت لێژنەیەكی تایبەتی لە زانا و موفتییەكان لەسەر پرسەكان فتوا بدات‌؟

- خوای پەروەردگار كاری فتوای ڕاسپاردە نەكردووە بە هەموو كەسێك، بەڵكو بەو زانایانەی ڕاسپاردووە كە پێیان دەوترێ ڕۆچوون لە زانستە شەرعییەكان (المجتهد)، كە پەروەردگار دەرهەقیان دەفەرموێت: (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ) النحل 43، ئەگەر هاتوو پرسیارتان هەبوو، ڕوو بكەنە زانایان بۆ وەرگرتنی وەڵامی پرسیارەكانتان، هەروەها لە ئایەتێكی دیكەدا پەروەردگار دەفەرموێت: (وَمَا يَعْلَمُ تَأْوِيلَهُ إِلَّا اللَّهُ وَالرَّاسِخُونَ فِي الْعِلْمِ يَقُولُونَ آمَنَّا بِهِ..)ال عمران،7 هەروەها دەفەرموێت: (وَأَنزَلْنَآ إِلَيْكَ ٱلذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ وَلَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ)سورەتی النحل 44، یا محەمەد ئێمە تۆمان ڕەوانە كردووە تا بە خەڵكی ڕابگەیەنیت و بیر بكەنەوە. خوای گەورە لە ئایەتێكی دیكەدا ئاماژە بەوە دەكات، كە دەسەڵاتداران دەبێت كۆمەڵە زانایەك ڕاسپێرن بۆ ڕاپەڕاندنی كاری موسڵمانان بۆ ئەوەی پەرتەوازەیی لە نێوان موسڵمانان دروست نەبێت و فتوای نادروست و ناشەرعی نەدرێت و دوور بێت لە مەرامی خوا و پێغمبەری خوا (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ فَإِنْ تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَي اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِنْ كُنْتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ذَلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا) -النساء: 59.

Top