عەلی فەیلی ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ كاروباری كوردانی فەیلی بۆ گوڵان:   كوردایەتی و نیشتمانپەروەری، بارزانی و كوردانی فەیلی پێكەوە كۆ دەكاتەوە و هەرگیز لێكتر جیا ناكرێنەوە

عەلی فەیلی  ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ كاروباری كوردانی فەیلی بۆ گوڵان:     كوردایەتی و نیشتمانپەروەری، بارزانی و كوردانی فەیلی پێكەوە كۆ دەكاتەوە و هەرگیز لێكتر جیا ناكرێنەوە

 

 

لە سەرەتای ساڵی هەشتاكان فەیلییەكان بەهۆی كوردبوونیان و بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و پاڵپشتیكردنیان بۆ بارزانیی نەمر، كەوتنە بەر دڕندەترین شاڵاوی كۆمەڵكوژی و سڕینەوەی ناسنامە، شاڵاوێك كە بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەكان دەچێتە قاڵبی جینۆسایدەوە، كە پێویست بوو بە شێوەی جینۆسایدی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە. سەرۆك بارزانی لە كۆنفڕانسی «زانستی-نێودەوڵەتیی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی»دا، جەختی لەسەر ئەم جینۆسایدە و پێویستیی ناساندنی و قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان و خانەوادەكانیان كردەوە. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ عەلی فەیلی كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردانی فەیلی و ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ كاروباری كوردانی فەیلی ساز دا، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

 

* بەو پێیەی ئەركی ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ كاروباری كوردانی فەیلیتان پێ سپێردراوە، بەتایبەتی كە جەنابی سەرۆك زۆرترین بەرگریی لە كەیسی كوردانی فەیلی كردووە، ئایا سەرەتا دەكرێت بزانین بۆچی بە درێژایی مێژوو لە عێراقدا كوردی فەیلی كەوتوونەتە بەر هێرشی كۆمەڵكوژی و جینۆساید؟

-      هەر چەندە كەیسی كۆمەڵكوژی و دەركردنی كوردانی فەیلی لە عێراقدا مێژوویەكی كۆنی هەیە و زۆربەی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی دەوڵەتی عێراق لە دژی ئەم پێكهاتە ڕەسەنەی كورد ئەم جینۆسایدەیان جێبەجێ كردووە، بەڵام ئەم كۆمەڵكوژییە لە سەرەتای ساڵی هەشتاكاندا ئاراستەیەكی زۆر دڕندانەتری بەخۆیەوە بینی و چووە چوارچێوەی جینۆساید و كوشتن و تەرحیل و تەعریب و بە زۆر ڕاگواستنی كوردانی فەیلی و زیندانیكردنی گەنجەكانیان و دواتر بێسەروشوێنكردنیان. ئەو سەردەمە حكومەتی عێراق لە سەروبەندی هەڵگیرسانی شەڕی عێراق- ئێران بوو، بۆیە پیاوانی موخابەرات بە پاساوی پاشكەوتەیی ئێرانی شاڵاوێكی ڕەشبگیری و فراوانیان دەست پێكرد و ماڵ و سامانی كوردانی فەیلیان تاڵان كرد و، بە زۆرەملێ زیاتر لە 600 هەزار كوردی فەیلیان ڕاپێچی ئێران كرد، بەڵام خۆی لە ڕاستیدا و بێ هیچ گومانێك كوردی فەیلی بە هۆكاری كوردبوون و نیشتمانپەروەرییان كەوتنە بەر ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستییە. ڕاستە كوردی فەیلی بە مەزهەب شیعەن، بەڵام كوردپەوەرییان زاڵترە لەسەر بۆچوونی مەزهەبی، بۆیە دیوێكی دیكەی ئەم شاڵاوە بۆ لێدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بوو، ڕق و كینەیەكی بەعسییەكانیش بوو لە بەرانبەر پاڵپشتی و هاوكاریكردنی كوردی فەیلی بۆ مەلا مستەفا بارزانی و هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، تەنانەت نزیكبوونەوە و خۆشەویستییان بۆ ڕێبەری نەتەوەیی كورد و كوردستان (مەلا مستەفا بارزانی) دڵەڕاوكێی لەلای دوژمن و نەیارانی كورد و لای ڕژێمی عێراق دروست كردبوو، چونكە شادەماری ئابووری و پیشەیی و كاسبی و بازرگانی و تەنانەت ڕۆشنبیری و هونەری لە ناو جەرگەی بەغدا لە دەست كوردی فەیلیدا بوو. ئەوە بوو لە ئەیلوولی ساڵی 1981 و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی عێراق- ئێران، شاڵاوی جینۆسایدی كوردانی فەیلی فراوانتر و دڕندانەتر بووەوە، شاڵاوێكی بێ وێنە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و، جینۆسایدی كوردانی فەیلی دژی هەموو پڕۆتۆكۆڵ و ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و لە بەرچاو بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لە عێراق بەڕێوە چوو، كە جگە لە دەركردنی 600 هەزار كەس و داگیركردنی ماڵ و سامانیان 12 هەزار گەنجیش لە عەكاشات لەگەڵ دیلە بارزانییەكاندا تاقیكردنەوەی كیمیاییان لەسەر ئەنجام دران و لە ناو حەوزی مەوادی كیمیایی و تێزابدا لاشەكانیان تواندنەوە، شوێنەوارەكانی تا ئەمڕۆش لە جەستەی كوردی فەیلی و خانەوادەكانیان و نەتەوەی كورد دیار و بەرچاوە.

 * زۆر باسی نزیكی و خۆشەویستیی كوردانی فەیلی بۆ مەلا مستەفا بارزانی دەكرێت، تەنانەت باس لەوە دەكرێت كوردی فەیلی لای مەلا مستەفا بارزانی ڕێز و مەكانەتی تایبەتیی خۆیان هەبووە. ئایا تا چەند كوردی فەیلی ڕۆڵیان لە پاڵپشتی و پشتیوانیی شۆڕشی ئەیلوولدا هەبووە؟

- مەلا مستەفا بارزانی زۆر پاڵپشتی و پشتگیریی ئەو پێكهاتانەی دەكرد كە كەوتبوونە بەر زوڵم و چەوسانەوە و، بەردەوام بەرگریی لە مافەكانیان دەكرد، بۆیە هەموو كوردپەروەرێك لە ناویشیاندا كوردانی فەیلی، (مەلا مستەفا بارزانی)یان خۆش دەویست. لەبیرمە باوكم (ئەحمەد فەیلی) پێی دەگوتین: «دەنگی تفەنگەكەی مەلا مستەفا بارزانی نەبێت، ئێمە لێرە كەرامەتمان نامێنێت..»، هەر واش بوو، تا مەلا مستەفا بارزانی هەبوو، كەس نەیدەوێرا دەست بۆ كوردی فەیلی ببات و كۆمەڵكوژیان بكات. كاتێك مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتیی سۆڤێتی پێشوو گەڕایەوە، لە بەسراوە كوردانی فەیلی پێشوازییان لێكرد تا گەیشتە بەغدا، ئەو دەمە وەهاب ئاغای جوندیان لە پێشوازیی بارزانیی نەمردا بووە و كاتێك بینیویەتی كوردی فەیلی بەو جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە مەلا مستەفا دەكەن، ناوی كوڕێكی دەنێت «فەیلی»، تەنانەت لە ڕێككەوتنی 11ی ئادار و ڕێپێوانەكەی پاڵپشتیكردنی بەدەستهێنانی ئەو مافە نەتەوەییەدا، كوردی فەیلی بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی و پشتگیریی ڕێككەوتنی 11ی ئادار بەشدارییەكی فراوانیان لەو ڕێپێوانەدا كرد، ئەم ژمارە زۆرەی كوردانی فەیلی حزبی بەعس و شۆڤێنییەكانی شۆك كرد.

ئەگەر هەر كوردێكی فەیلی پەیوەندیی بە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە نەكردبوو و توانای دارایی باش بوو، بە كۆمەكی دارایی هاوكاریی شۆڕشی ئەیلوولی دەكرد، تەنانەت چەندین ماڵی شەهیدی پێشمەرگە هەبوون، كوردانی فەیلی كۆمەك و ئابوونەیان بۆ خێزان و منداڵە شەهیدەكان كۆ دەكردەوە. ئەو كات یارمەتی و كۆمەكی كوردانی فەیلی بۆ شۆڕش تەنیا لە بەغدا نزیكەی 45 هەزار دیناری ئەو سەردەمە بووە، ئەمەش پارەیەكی زۆر بوو بۆ شۆڕش و هاوكاریكردنی خێزانی شەهیدان. كوردانی فەیلی لە ناو شۆڕشدا خاوەنی پۆست و پلەی بەرز بوون، لەوانە «حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پارتی، عادل موراد سكرتێری قوتابیان، عەبدولڕەزاق فەیلی و یەدوڵڵا كەریم فەیلی سكرتێری لاوان، هەروەها سكرتێری ئافرەتان زەكییە ئیسماعیل هەقی بوو، كە یەكەمین دادوەری ئافرەت بووە لەسەر ئاستی هەموو عێراق، شەهید لەیلا قاسم لەگەڵ دەیان كادیردی دیكەی بەناوبانگی كوردی فەیلی ڕۆڵیان لە ناو ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان لە ناو شۆڕشدا هەبوو، واتا زۆربەی جومگەكانی حزب بە دەستی كوردی فەیلییەوە بووە، تەنانەت یەكەم ئێزگەی كوردیی دەنگی كورد بە پارچەپارچەكراوی لەسەر دەستی كوردانی فەیلی لە بەغداوە گەیەندرایە هەولێر و دواتر بۆ دیانا و لەوێشەوە گەیاندرایە چیاكانی كوردستان، لەوێش لەبەر شارەزایی كوردی فەیلی بە زمانی عەرەبی، بێژەری كوردی فەیلی هەواڵە عەرەبییەكانی كانی دەخوێندەوە. بارزانیی نەمر لەبەر دڵسۆزی و لێهاتوویی كوردانی فەیلی متمانەی تەواوی پێیان هەبوو، ئەوانیش بە ڕۆح و گیان قوربانی مەلا مستەفا بارزانی بوون و لە شاندی دانوستانەكاندا بۆ ڕێكخستن و پەیوەندیكردن زیاتر فەیلییەكان هەبوون.

ئەم پەیوەندییە ڕۆحییە لە سەردەمی شۆڕشی گوڵان و لەگەڵ كاك ئیدریسی هەمیشە زیندوو و سەرۆك مسعود بارزانی بەردەوام بوو. ڕاستە ناوچەكانمان لەسەر سنوور بە حوكمی بوونی كەسوكارمان لەوێ بووین و سەركردایەتی لە ڕاژان و كەرەج دوور بوو، بەڵام بەردەوام دەیانگوت كوردانی فەیلی چییان دەوێت، بۆیان بكەن، لە بیرم دێت، لە بۆردومانی زێوە كوردانی فەیلی وێڕای ئاوارەبوونیان كۆمەكیان كۆكردەوە و ناردیان بۆ هاوكاریكردنی براكانمان لە زێوە. 

* دوورخستنەوە و داگیركردنی ماڵ و سامانی كوردانی فەیلی هەر لە ناو جەرگەی بەغدا نەبوو، سەبارەت بە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە كە كەوتنە بەر شاڵاوی تەعریب و داگیركردنی خاك و باغ و گوندەكان، لەوێ چی ڕوویدا؟

- تەرحیل و تەعریب و سڕینەوەی شوناسی كوردانی فەیلی بەشێكی سەرەكیی جینۆسایدی كوردانی فەیلی بوو، چ لە ناو بەغدا و لە گەڕەك و بازاڕەكانی «شۆرجە، حەی ئەكراد، كیفاح، جەمیلە، شێخ عەبدولقادر» كە ئەوان ڕۆڵی گەورەیان لە گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە ناو جەرگەی بەغدا و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا هەبووە، ناوچەیەكی فراوانیان هەبوو هەر لە كەلارەوە بۆ خانەقین و بەدرەوجەسان و زورباتییە و جەلەولا، كوت و عەزیزییە و عەلی غەربی قزرابات، شارەبان، خانەقین، مەندەلی، ڕۆژهەڵاتی پارێزگاكانی دیالە و كوت و تا دەگاتە ناسرییە و عەمارە نیشتەجێ بوون، بە درێژایی سنوور لەگەڵ ئێران بەو دیوی ئێرانیشەوە هەر كوردی فەیلییە.

* لە كۆنفڕانسی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی فەیلی، سەرۆك بارزانی داوای كرد سەنتەرێك بۆ كوردی فەیلی دابمەزرێت، دامەزرانی ئەو سەنتەرە بەكوێ گەیشتووە؟

- ڕاستە دامەزرانی سەنتەری كوردانی فەیلی لەبەر چەند هۆكارێك دواكەوت، بەڵام لە ئێستادا لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە، لەم ڕۆژانەدا شاندێكی گەورەی كوردانی فەیلی لە خزمەتی سەرۆك بارزانی بوون و پێی گوتن، لە ساڵی نوێ دوای نۆژەنكردنەوەی بینایەكی تایبەت ئەم سەنتەرە لە ناو شاری هەولێر دادەمەزرێت و داتابەیس و سەنتەر و بەڵگەنامە و شوێنەوارێكی كەلەپووری كوردانی فەیلی لەخۆ دەگرێت .

* دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆچی نەتوانرا لە ڕووی مەعنەوی و ماددییەوە مافی كوردانی فەیلی بگەڕێندرێتەوە؟ ئایا ئاستەنگ و بەربەست هەبوو لە بەردەم گەڕانەوەی كوردانی فەیلی و قەرەبووكردنەوەی خانەوادەی قوربانییەكاندا؟

- بەداخەوە دوای ڕووخانەكەی ڕژێمی بەعسیش، كوردانی فەیلی بەهۆی نائارامی و ناسەقامگیری عێراق بەگشتی و ناوچەكانیان بەتایبەتی نەتوانراوە لە هەندەران بگەڕێنەوە، ئەوەشی گەڕاوەتەوە نەیتوانیوە هەموو مافەكانی خۆی بگەڕێنێتەوە. هەرچەندە ئێمە لە عێراق بڕیاری دادگای تاوانەكان و بڕیاری پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانمان هەیە، كە ئەوەی ڕووی داوە دەرهەق بە كوردانی فەیلی، جینۆسایدە و دەبێت وەكو جینۆساید مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بەڵام ئەمە وەكو مەرەكەبی سەر كاغەز ماوەتەوە و جێبەجێ نەكراوە، بگرە لەبەر ئەوەی ڕوفاتی زۆر لە گەنجەكانمان لە زیندانەكان و تاقیگەكانی كیمیایی تاقیكردنەوەیان لەسەر ئەنجام دراوە، ڕوفاتەكانیان نەماوە، بۆیە ئەوانیش زۆریان هەر ڕوفاتەكانیان بێسەروشوێن ماونەتەوە. تەنانەت موڵك و ماڵەكانی كوردانی فەیلی كڕین و فرۆشتنی پێوە كراوە، كە بە100 هەزار خانوو، دووكان و شوێن و زەوی مەزەندە دەكرێن و بەهاكەی بە تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت و تا ئێستا دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ خاوەنە ڕەسەنەكەی نەگەڕێندراوەتەوە، یان قەرەبوو نەكراوەتەوە.

قەرەبووكردنەوەی ماڵ و موڵكێك كە لە ئێستادا لەناو جەرگەی بەغدایە، بە پارەیەكی زۆر دەخەمڵێنرێت، بۆیە ئەمە بڕیارێكی سیاسی دەوێت، چونكە بڕیاری دادگا بە یەكجار قەرەبوو ناكرێتەوە، بۆ نموونە خانوویەك نرخەكەی بە دد ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، كەچی ساڵی 10 ملیۆن دیناری دەدەنێ، واتە بە50 ساڵ پارەكەی دەدەنەوە.

 

Top