پڕۆفیسۆر گریگۆری ئەفتاندیلیان بۆ گوڵان:   تا ئایندەیەكی دوور سووریا بە پارچە پارچەیی دەمێنێتەوە

پڕۆفیسۆر گریگۆری ئەفتاندیلیان بۆ گوڵان:     تا ئایندەیەكی دوور سووریا بە پارچە پارچەیی دەمێنێتەوە

 

 

پڕۆفیسۆر گریگۆری ئەفتاندیلیان، پسپۆڕی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە، وانەبێژە لە سكووڵی پاردی بۆ دیراساتی جیهانی لە زانكۆی بۆستۆن، بۆ ماوەی پتر لە بیست ساڵ وەك شرۆڤەكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئیدارەی ئەمریكا كاری كردووە، هەروەها ڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجومەنی پیران بووە. بۆ شرۆڤەكردنی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا و هێرش و پەلامارەكانی دەستەی تەحریری شام و دەستبەسەرداگرتنی بەشێكی بەرفراوانی خاكی سووریا، و هۆكاری ئەم هەڵكشانە كتوپڕ و چاوەڕواننەكراوەی بارودۆخە سەربازییەكەی و هۆكاری شكستی سوپای سووریا لە پێشبینیكردن و بەرپێگرتن پێی، و ئەگەر و پێشهاتەكانی ئایندە و ڕۆڵی دەوڵەتە دەستتێوەردەرەكان لەم پەرەسەندنانە و ئاكام و لێكەوتەكانی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداوە.

 

 

 

* هەروەك ئاشكرایە ماوەیەكی زۆرە سووریا بە دەست چەندین شەڕ و تەنگژەوە دەناڵێنێت، ئەوە بوو لە دوای ئەوەی ناونرا «بەهاری عەرەبی»، ئەم وڵاتە بەرەو هەڵدێر و بەرەو بارێكی پڕ لە نەهامەتی و ناهەمواری چوو. خەڵكێكی زۆری ئەو وڵاتە بوونە قوربانی شەڕی ناوخۆیی و دەستتێوەردانی دەرەكی، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانیش بوونە پەنابەر و ئاوارە، ئێستاش دووبارە شەڕەكان بەرەو هەڵكشان چوونە و دووبارە خەڵكەكەی باجەكەی دەداتەوە، بەڵام لێرەدا دەمانەوێت ئەو پرسیارە بكەین، ئەو هۆكارانە چی بوون كە بوونە هۆی هاتنەئارای ئەم هەلومەرج و هەڵكشانە سەربازییە؟

-      بە تێڕوانینی من كردارە سەربازییەكانی ئەم دواییەی نێو وڵاتی سووریا دەرئەنجام و ئاكامی بڕیاری دەستەی تەحریری شام بوو، بۆ ئەوەی ئەو دۆخە لاواز و پەرتەوازەییەی هێزە پارێزەرەكانی ڕژێمی سووریا، وەك (حزبوڵڵا، ئێران و ڕووسیا) بە دەرفەت بزانێت. واتە سوودیان لەو هەلومەرجە وەرگرت كە هاتبۆوە ئاراوە، بەڵام نابێت لە هەمان كاتدا ئەوەش لەبەرچاو نەگرین، كە توركیاش ڕۆڵی هەبوو لەم هەوڵانەدا، چونكە دەبێت ئەوە بزانین كە ئەوە وڵاتی توركیا بوو كە جڵەوی بۆ یاخیبووە سوورییەكانی هاوپەیمانی خۆی شل كرد، بۆ ئەوەی دەست بە هێرش بكەن بۆ سەر پێگەكانی هێزەكانی سووریای دیموكراتی لە باكووری سووریا.

* ئەوەی ڕووی داوە پێشهات و پەرەسەندنێكی كەم نەبووە، چونكە ئاشكرایە كە پانتاییەكی بەرچاوی خاكی سووریا كەوتووەتە ژێر دەستی «دەستەی تەحریری شام» و بگرە گەورەترین شاری ئەو وڵاتەی كۆنتڕۆڵ كردووە، لە ئێستاشدا ئەم دەستەیە لە هێرشەكانی بەردەوامە و خاكی زیاتر دەخاتە ژێر دەستی خۆیەوە، تەنانەت باس لە ئەگەری ڕووخانی ڕژێمی سووریاش دەكرێت. لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم هەڵكشانە سەربازییە چ كاریگەرییەكی لەسەر ئەم وڵاتە دەبێت لە ئایندەی نزیك و لە مەودای دووردا و بۆچی سوپای سووریا تووشی شكستێكی لەم جۆرە بووە؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی پەیوەست بێت بە دەرئەنجام و ئاكامە كورت مەوداكانی ئەم هێرش و پێشهاتانە ئەوەیە كە ڕژێمی سووریا داوا لە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئێران دەكات، بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن و هاوكاری بكەن لە پاراستنی ئەو خاكەی لە ژێر دەسەڵاتیدا ماوەتەوە، هەروەها لە هەوڵدان بۆ گرتنەوەی چەند شارێكی وەك (حەلەب و حەما) كە لە ئێستادا لە ژێر دەستی دەستەی تەحریری شامدایە. بەڵام ئەگەر لە ئایندەی دوور بڕوانین، ئەوا من پێم وانییە گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ ڕوو بدات، لەبەر ئەوەی خاكی سووریا بە دابەشكراوی و پارچە پارچە كراوی دەمێنێتەوە لە نێوان ڕژێمی ئەو وڵاتە و گرووپە جۆراوجۆرەكاندا.

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە شەڕ و تەنگژەی سووریا دەرئەنجام و ئاكامی تەنیا لەو وڵاتەدا قەتیس نابێت، بەڵكو پەلكێشان و پەلهاویشتنی هەیە بۆ وڵاتانی دیكە، بەتایبەتی وڵاتە دراوسێكان، كە ئێمە لە ساڵی 2014دا بینیمان كە عێراق تووشی چ دۆخێك بوو كە بەشێكی هۆكارەكەی پەیوەست بوو بە دۆخی سووریاوە، لە هەمان كاتدا دەبینین چەندین وڵاتی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا و توركیا و ئێران كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی و تەنانەت هێزی سەربازیشیان لەم وڵاتەدا هەیە، ئێوە چۆن لەم دۆخە دەڕوانن؟

- ئەوە ڕوونە كە گەمەكارە دەرەكییەكان پشتیوانكاریی خۆیان هەیە لە نێو وڵاتی سووریادا. ئەوەتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاڵپشتی لە هێزەكانی سووریای دیموكراتی دەكات، ئەگەرچی ڕەنگە ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ كۆتایی بەم پەیوەندییە بهێنێت، ئەویش لەبەر ئەوەی هێزەكانی سووریای دیموكراتی لایەنی شەڕكاری سەرەكی بوون لە دژی ڕێكخراوی داعش. لەلایەكی دیكەوە وڵاتی توركیا پشتیوانی دەكات لەوەی پێی دەوترێت سوپای نیشتیمانیی سووریا، كە پێكهاتووە لە جاشە عەرەبە سوورییەكان كە لە دژی كورد شەڕ دەكەن، ئەوەش ئاشكرایە كە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئێران، هەروەها توركیا پارێزگاری لە دەستەی تەحریری شام لە پارێزگای ئیدلیب دەكەن.

* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد، كە ئەگەری ئەوە هەیە ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ بۆی هەیە كۆتایی بە پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و هێزەكانی سووریای دیموكراتی بهێنێت. كەواتە ئایا پێت وایە لە سەردەمی ترەمپدا ئەمریكا بڕیاری كشاندنەوەی هێزە سەربازییەكانی دەدات لە نێو وڵاتی سووریادا؟ ئەگەر ئەم بڕیارە بدرێت و ئەم هێزانە بكێشرێنەوە، پێت وانییە ئایا دۆخی سووریا بەرەو ئاڵۆزی و گرژی و هەڵكشانی زیاتری شەڕ دەچێت؟

- من پێم وایە ئەگەر ئیدارەی داهاتووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ بڕیار بدات، هێزەكانی وڵاتەكەی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بكشێتەوە، ئەوا دۆخێك دروست دەبێت، یان ئەگەری ئەوە دێتە ئاراوە كە توركیا پێشڕەوی بكات بەرەو خاكی ژێر دەستی هێزەكانی سووریای دیموكراتی و كۆتایی بە هەرێمە خۆبەڕێوبەرییە كوردییەكەی ئەو وڵاتە بهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕوڵی توركیا لە سووریادا بەرچاوتر و مەترسیدارتر بێت. هەرچۆنێك بێت، ئەگەری ئەوە هەیە كە تا ئایندەیەكی نزیكیش هەر دوو وڵاتی ڕووسیا و ئێران پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد لە سووریا بكەن.

* پرسیارێكی دیكەمان پەیوەستە بە كاریگەری و لێكەوتەكانی ئەم هەڵكشانە لەسەر وڵاتی ئیسرائیل، كە ئاشكرایە ئیسرائیل چەندین گورز و هێرشی ئەنجام داوە لە نێو خاكی سووریادا بۆ لاوازكردنی ئەو گرووپانەی بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی خۆیان هەژمار دەكات. پێتان وایە دۆخەكە لەسەر ئیسرائیل چ دەرئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی پەیوەست بێت بە «بەرزاییەكانی جۆلان»ـەوە، كە لە ژێر دەسەڵات و داگیركاریی ئیسرائیلدایە، ئەوا من پێم وا نییە گۆڕانكارییەكی گەورە ڕوو بدات لەم ڕووەوە، واتە لەم ڕوانگەیەوە ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لەسەر درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەم ناوچەیەوە، ئەگەرچی ناو بە ناویش دەكەوێتە شەڕ و پێكدادانەوە لەگەڵ گرووپە جۆراوجۆرە نزیكەكان لێیەوە.

* كەواتە لە دەرئەنجامی هەموو ئەوانەی ڕوویان داوە، ئایا دەكرێت بڵێین ئیسرائیل لایەنی سوودمەندی سەرەكییە، ئەویش بە حوكمی لاوازبوونی گرووپەكانی دژ بە ئیسرائیل لە نێو سووریادا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە حزبوڵڵای لوبنانەوە؟ ئایا ئێوە پێتان وایە ئەم دۆخە چ كاریگەرییەكی لەسەر ئێران دەبێت، بەتایبەتی كە لە نێو ڕۆژنامەكانی ئێراندا ئەم هێرش و پەلامارانە بە مایەی تاسان و بە پیلانگێڕی و چەند دەستەواژەیەكی دیكەی هاوشێوە وەسف كران؟

- ئەوە دروستە كە بڵێین كە لە مەودای كورت و لە ئایندەی نزیكدا ئیسرائیل لایەنی سوودمەندی سەرەكییە لەو ناسەقامگیرییەی لە نێو وڵاتی سووریادا هاتووەتە ئاراوە و دروست بووە، چونكە ئەم ناسەقامگیرییە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران و ڕژێمی سووریا لاواز دەربكەون، بە شێوەیەك كە ئەم دوو لایەنە (ئێران و سووریا) هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ شەڕكردن و بەرەنگاربوونەوەی دەستەی تەحریری شام لەبری ئەوەی بەرهەڵستییەكانیان لە بەرانبەر دەوڵەتی ئیسرائیلدا چڕ بكەنەوە. بەڵام ئەگەر لە ئایندەی دوور بڕوانین، ئەوا ناكرێت بڵێین ئەم ناسەقامگیری و دۆخە پڕ لە هەڵكشانە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەشكێنەوە، بەتایبەتی ئەگەر گرووپی توندڕەوی وەك دەستەی تەحریری شام دەست بەسەر سووریادا بگرن، چونكە ئاشكرایە كە ئەم گرووپە خاوەن ئایدیۆلۆژیایەكی ڕادیكاڵن.

Top