ئیتامار ڕابینۆڤیچ باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریكا بۆ گوڵان: ڕووسیا و ئێران هۆكاری سەرەكی بوون بۆ مانەوەی ئەسەد و ئێستاش هەردووكیان سەرقاڵن بە شەڕەوە
ئیتامار ڕابینۆڤیچ، باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل بووە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لە ئێستادا پڕۆفیسۆری مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی تەل ئەبیب، هەروەها بەڕێوەبەری (سەنتەری دایان)ـە بۆ دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ڕاگری كۆلێژی زانستە مرۆییەكان و سەرۆكی ئەم زانكۆیەش بووە. هەروەها وانەبێژە لە زانكۆی نیویۆرك، پێشتریش سەرۆكی بەشی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە هەمان زانكۆ. لە نێوان ساڵانی 1992-1996 باڵیۆزی ئیسرائیل بووە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و گفتوگۆكاری سەرەكی بووە لە دانوستاندنەكانی ئیسرائیل لەگەڵ سووریا. بۆ زانینی دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی لەبارەی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم دواییە لە سووریا و ئەو هێرشە كتوپڕ و سەركەوتووەی «دەستەی تەحریری شام» ئەنجامی دا و دەستی بەسەر چەند شاری گەورە و ستراتیژی وەك (حەلەب و حەما)دا گرت، هەروەها بۆ تاوتوێكردن و شرۆڤەكردنی ئەگەرەكانی هەڵكشانی زیاتری دۆخەكە و چڕبوونەوەی دەستتێوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* زیاتر لە دەیەیەكە سووریا بووەتە گۆڕەپانی چەندین پێشهاتی بەرچاو، هەر لە شەڕی ناوخۆییەوە، تاوەكو سەرهەڵدانی چەندین ڕێكخراوی توندڕەو و تیرۆریستی لەو وڵاتەدا، وەك داعش، هەروەها بە هۆی چەندین دەستتێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لە ئەنجامدا چەند وڵات بە ئاشكرا هێزی سەربازیی خۆیان لەو وڵاتەدا جێگیر كرد. پێش ئەوەی پرسیار دەربارەی نوێترین پێشهاتەكان بكەین، ئایا ئێوە چۆن لە بارودۆخی پێش هەڵكشانە سەربازییەكەی ئەم دواییە لە سووریا دەڕوانن؟
- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەو ڕاستییە بكەین كە سووریا بۆ ماوەیەك گرفتار بوو بە دەست شەڕی ناوخۆییەوە، بەڵام ئاشكرایە كە كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆیی سووریا بە واتای كۆتاییهاتنی قەیران و تەنگژەی ئەو وڵاتە نەهات. واتە دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە بكەین، كە ڕژێمی سووریا بە سەرۆكایەتیی بەشار ئەل ئەسەد تەنیا توانیبووی نزیكەی لە سەتا 70ی خاكی وڵاتەكەی كۆنتڕۆڵ بكاتەوە و دەسەڵاتی خۆی تێیدا بسەپێنێت.
* ئایا مەبەستتان ئەوەیە كە ئەو بەشەی دیكەی وڵاتەكە كە لەژێر دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی ڕژێمی سووریادا نەبوو، بواری ئەوەی دروست كرد، كە گرووپەكانی بەرهەڵستكار و دژ بە ڕژێمەكە، بەتایبەتی دەستەی تەحریری شام بتوانن ئامادەكاریی پێویست بكەن و لە هەمان كاتدا كاتەكە بە گونجاو بزانن بۆ ئەوەی جووڵەیەكی لەم چەشنە بكەن؟
- پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، نابێت لەم ڕووەوە ئەوە نادیدە بگرین كە كاتێك دەڵێین لە سەتا 70ی خاكی وڵاتەكە لە ژێر دەستی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەل ئەسەددا بوو، ئەوا بە تەنیا نەیتوانی ئەم كارە ئەنجام بدات. سوپای سووریا بە تەنیا نەیدەتوانی پارێزگاری لەم ناوچانە بكات، واتە ڕژێمی سووریا تەنیا بە پشتبەستن بە هێزەكانی خۆی نەیتوانی ئەم ئەنجامە بەدەست بهێنێت، بەڵكو لەم كارەیدا پشتبەستوو بوو بەو هاوكاری و یارمەتییانەی كە هەر دوو وڵاتی ئێران و ڕوسیا بۆیان دابین و دەستەبەر دەكرد، سەرباری ئەوەش بەڵام باقی بەشەكانی دیكەی وڵاتەكە لەژێر دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی وڵاتی توركیا و كوردەكان و گرووپە یاخیبووەكاندا بوون، بەتایبەت كە دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بە پارێزگای ئیدلیب بكەین كە 50 هەزار چەكداری جیهادی و ئیسلامی لەخۆ دەگرت.
* ڕووداو و پەرەسەندنەكانی چەند ڕۆژی ڕابڕدووی سووریا مایەی سەرسوڕمان بوون، ئەوە بوو چەكدارانی دەستەی تەحریری شام هێرشێكی كتوپڕ و بەربڵاو و بەرفراوانیان ئەنجام دا، كە بووە هۆی ئەوەی دەست بەسەر بەشێكی بەرچاوی خاكی ئەو وڵاتەدا بگرن، سوپای سووریاش تووشی شكست و شپرزەیی بووەوە. ئێوە چۆن لەم ڕووداوانە دەڕوانن؟ بە تێڕوانینی ئێوە بۆچی سوپای سووریا تووشی ئەم حاڵەتە بوو؟ ئایا بە هۆی نەبوونی زانیاریی هەواڵگری بوو، یان هۆكارەكەی ئەوە بوو كە سوپایەكی تۆكمە و بەهێز نەبوو؟
- سەرەتا ئێمە نابێت ئەوە لەبەرچاو نەگرین، كە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابڕدوودا هەندێ پێشهات هەبوون كە دەبێت ئاماژەیان پێبكرێت، چونكە ئەوەی بەدی دەكرا، ئەوە بوو كە هێزەكانی ڕووسیا لە نێو سووریا، و خودی ڕژێمی ئەو وڵاتە دەستیان كردبوو بە هەڵمەتی بۆردومانكردنی ناوچەكانی دەرەوەی دەسەڵات و كۆنتڕۆڵی حكومەتی سووریا، بەڵام هەرچۆنێك بێت و بە هۆی هاتنەئارای هەلومەرجێكی نوێ، حاڵەتێك دروست بوو كە سەری كێشا بۆ ئەوەی پێگەی حزبوڵڵای لوبنانی و تەنانەت پێگەی ئێران لە نێو سووریادا لاواز بوون، ئەویش بەهۆی گورزەكانی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵڵا لەو وڵاتەدا، هەروەها لەلایەكی دیكەوە و بە هۆی سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە شەڕەكەیەوە لەگەڵ ئۆكرانیا، كە بووە هۆی ئەوەی نەتوانێت بە هەمان شێوەی پێشتر پارێزگاری لە دەستڕۆیشتوویی خۆی بكات لەو وڵاتەدا، كە هەموو ئەمانەش بوونە هۆی ئەوەی كە بەرەی تەحریر ئەل شام سوود لە بارودۆخەكە وەربگرێت و هێرشێكی كتوپڕ و سەركەوتووانە ئەنجام بدات.
* باس لەوە دەكرێت كە دەستەی تەحریری شام نەیدەتوانی هێرشێكی لەم چەشنە ئەنجام بدات، ئەگەر پشتیوانییەكی بەرچاوی لێ نەكرایە لەلایەن توركیاوە، ئێوە لەم بارەیەوە ڕاتان چییە؟ بۆچی توركیا بڕیارێكی لەم چەشنەی دا، یان بواری دا، لەم كاتەدا دەستەی تەحریری شام ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدات؟
- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە دەستەی تەحریری شام پشتگەرم بوون بە توركیا، یان با بڵێین توركیا هاندەری ئەم دەستەیە بوو بۆ ئەوەی بوێریی ئەوە بكەن و بڕیاری ئەوە بدەن كە هێرشێكی لەم چەشنە ئەنجام بدەن، بەتایبەتی كە دەبێت ئەو ڕاستیەیە لەبەرچاو بگرین كە پێشتر بەشار ئەل ئەسەد هەوڵ و كۆششەكانی توركیای ڕەت كردەوە.
* دەوترێت شڵەژانی دۆخی سووریا و داكشانی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی ڕژێمی سووریا لەو وڵاتەدا و لاوازبوونی پێگەی حزبوڵڵا و گرووپەكانی دیكە كە سەرچاوەی هەڕەشەن بۆ سەر ئیسرائیل، دۆخێك دروست دەكات كە سوودمەندی سەرەكی تێیدا بریتییە لە ئیسرائیل، ئێوە تا چەند لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا هاوڕان؟
- ئەوە ڕاستە كە پێشتریش ئیسرائیل چەندین هێرشی لە نێو خاكی سووریادا ئەنجام داوە و گورزی لە كەسایەتی و ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنانی لە نێو سووریادا سرەواندووە، ئێستاش كە دۆخێك لە نێو ئەو وڵاتەدا دروست بووە، كە من هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم، ئیسرائیل سوودمەند بووە لە ڕەوتی ئەو ڕووداوانە لە سووریا.
* ئەوە ئاشكرایە كە دەوڵەتی ئیسرائیل لە نزیكەوە چاودێریی ئەم بارودۆخەی نێو وڵاتی سووریا دەكات، بەتایبەتی كە ئاماژە بەوە كرا، خودی ئیسرائیل، یان هێرش و گورزەكانی هۆكارێك بوون بۆ هاتنەئارای ئەم هەلومەرجە، ئایا پێت وایە ئیسرائیل خۆی بە ناچار بزانێت كە بە چەشنێك دەستتێوەردان بكات كە ڕاستەوخۆ لە دۆخەكەوە تێوەبگلێت؟
- لە ڕاستیدا ئەگەر باس لەوە بكەین كە ئایا ئیسرائیل دەكەوێتە نێو ڕووبەڕووبوونەوە، یان تێوەگلانێكی ڕاستەوخۆ لەم دۆخەوە، ئەوا من پێم وانییە، واتە دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە كە ئیسرائیل ڕابكێشرێتە نێو ئەم شەڕ و ناكۆكییەوە لە سووریا و تێوەبگلێت.