نێچیرڤان بارزانی: یەکێتیی ئافره‌تان سەلماندوویه‌تی هاوبەشێکی سەرەکییه لە گەشەپێدانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیدا
نێچیرڤان بارزانی، لە یادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، پەیامێک ئاراستەی یەکێتییەکە دەکات و دەڵێت، "یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان سەلماندوویه‌تی هاوبەشێکی سەرەکییه لە گەشەپێدانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیدا".
نێچیرڤان بارزانی "بە گەرمی" پیرۆزبایی لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکات و دەڵێت، "لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1952، هێمای خەباتی نیشتمانی و کاری بەردەوام بووە بۆ به‌دیهێنانی مافەکانی ئافره‌تان و به‌هێزکردنی پێگەیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا".
ئەمڕۆ 72 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان تێپەڕدەبێت. نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، یەکێتییەکە هەمیشە سەرچاوەی هێز و داهێنان بووه بۆ به‌رگریکردن له مافه‌کان و مسۆگه‌رکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئافره‌تانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دەڵێت، "لەم یاده‌دا به رێزه‌وه ره‌نج و قوربانیدانی ئافره‌تان و رۆڵی یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان بەبیر ده‌هێنینەوە و پشتگیریی تەواومان بۆ کار و هەوڵەکانی لەپێناو پاراستنی مافەکانی ئافره‌تان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووتردا له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری، دووپات دەکەینەوە".
دەقی راگەیێندراوی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی:
لە یادی حەفتا و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان دەکەم. رۆڵی گرنگی لە به‌ره‌وپێشبردنی کۆمەڵگه و بەهێزکردنی بەهاکانی یەکسانی و دادپەروەری بەرز دەنرخێنم. یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان، لە دامەزراندنییەوە لە ساڵی 1952، هێمای خەباتی نیشتمانی و کاری بەردەوام بووە بۆ به‌دیهێنانی مافەکانی ئافره‌تان و به‌هێزکردنی پێگەیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
لە ماوەی خه‌باتی دوور و درێژیدا، یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان سەلماندوویه‌تی کە هاوبەشێکی سەرەکییه لە گەشەپێدانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیدا. هەمیشە سەرچاوەی هێز و داهێنان بووه بۆ به‌رگریکردن له مافه‌کان و مسۆگه‌رکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ ئافره‌تانی کوردستان.
لەم یاده‌دا به رێزه‌وه ره‌نج و قوربانیدانی ئافره‌تان و رۆڵی یەکێتیی ئافره‌تانی کوردستان بەبیر ده‌هێنینەوە و پشتگیریی تەواومان بۆ کار و هەوڵەکانی لەپێناو پاراستنی مافەکانی ئافره‌تان و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووتردا له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری، دووپات دەکەینەوە.
سڵاو له ته‌واوی ئافره‌تان و دایکان و خوشکانی کوردستان که دڵسۆزانه خزمه‌تی گه‌ل و وڵاته‌که‌یان ده‌که‌ن. با ئەم یادە هاندەرێک بێت بۆ بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافره‌تان و بەدیهێنانی ته‌واوی ماف و خواستەکانیان.
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان