هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا بۆ سەر ڕووسیا دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەی نەوت

کاربەدەستانی ڕووسیا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان بۆ سەر دامەزراوە وزەی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند و ڕایانگەیاند، کە ڕووداوەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەی نەوتی ڤۆڵگۆگراد.
بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە دەسەڵاتدارانی ڕووسیا ڕایانگەیاند: کە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا لە شەوێکدا بۆ سەر دامەزراوە وزەی ئەو وڵاتە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە پاڵاوگەی نەوتی ڤۆڵگۆگراد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان، بەرپرسانی ڕووسیا هەروەها ڕایانگەیاندووە، كە بەهۆی هێرشەکانەوە گەشتە ئاسمانییەکانی چەند فڕۆکەخانەیەکی ناوچەکەیان وەستاوە.
ئاندرێ بۆچارۆڤ، پارێزگاری ناوچەی ڤۆڵگۆگراد لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن ئیدارەی هەرێمی باشووری شاری ڤۆڵگۆگراد بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە، "هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەتەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت کەوتووەتەوە.
هەرچەندە نەیگوت کام پاڵاوگە لەم ئاگرەدا سووتا؛ بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.
بازا، کەناڵێکی هەواڵی ڕووسییە لە کەناڵی تێلێگرام کە نزیکە لە خزمەتگوزارییە ئەمنییەکانی ڕووسیا، ڕایگەیاندووە کە زنجیرەیەک تەقینەوە لە ناوچەی دەوروبەری پاڵاوگەیەک بیستراوە کە لەلایەن دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ڕووسیا، LKO بەڕێوەدەبرێت.
دوابەدوای ئەو هێرشانە، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند: کە یەکینەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە ٧٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینییان بەسەر خاکی ڕووسیادا لەناویان بردووە، کە ٢٥ فڕۆکەیان بەسەر ناوچەی ڤۆڵگۆگراد و ٢٧ فڕۆکەیان بەسەر ناوچەی ڕۆستۆڤ و حەوت فڕۆکەیان لە ناوچەی ئەستراخان بوون.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، ڕێکخەری فڕۆکەوانی ڕووسی (رۆزاڤیتسیا) بەشێوەیەکی کاتی گەشتە ئاسمانییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی ئەستراخان و ڤۆڵگۆگراد و هەروەها لە فڕۆکەخانەکانی کازان، نیژنی نۆڤگۆرۆد، ساراتۆڤ و ئولیانۆڤسک ڕاگرتووە.
ئۆکرانیا تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هێرشانە نەداوە؛ بەڵام پێشتر کیێڤ ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکانی لە ناوخۆی ڕووسیا ئامانجیان لەناوبردنی وزە و گواستنەوە و ژێرخانی سەربازی دەبێت کە کلیلی هەوڵەکانی جەنگی مۆسکۆیە.
گوڵان: سەردار خەلیل