سالم ئیسماعیل نۆركە نووسەر و ئەدیب و مێژوونووسی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:   لە نەبوونی دەوڵەتدا كوردانی فەیلی جینۆساید كران

سالم ئیسماعیل نۆركە  نووسەر و ئەدیب و مێژوونووسی كوردی فەیلی بۆ گوڵان:     لە نەبوونی دەوڵەتدا كوردانی فەیلی جینۆساید كران

 

 

كوردی فەیلی بە هۆكاری ئەوەی كوردی ڕەسەن و نیشتمانپەروەرن، كەوتنە بەر شاڵاوی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی و سڕینەوەی ناسنامە، ئەوان پێش هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە بەغدا، جەلەولا، كوت، قزرابات، شارەبان، خانەقین، مەندەلی، بەدرە و جەسان و ڕۆژهەڵاتی پارێزگاكانی دیالە و كوت و عەمارە نیشتەجێ بوون، پێش ئەوەی بكەونە بەر شاڵاوی جینۆساید و تەرحیل و تەعریب و سڕینەوەی شوناسیان. ڕاستە كوردە فەیلییەكان لەسەر مەزهەبی شیعەن، بەڵام لە ناو هەموو هۆز و تیرەكانی شیعەدا تەنیا كوردە فەیلییەكان بەر هێرشی قەتڵوعام و زیندانیكردن و بەزۆرەملێی ڕاگواستن بۆ ئێران بوونەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت قەتڵوعامكردنیان تەنیا بە هۆكاری كوردبوونیان بووە. لە 22/9/1981 و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی عێراق- ئێران، شاڵاوی جینۆسایدی كوردانی فەیلی فراوانتر و دڕندانەتر بووەوە.

گۆڤاری گوڵان لە درێژەی بەسەركردنەوە و دیدارەكانی لەگەڵ كەسایەتییەكانی كوردانی فەیلی، دیدارێكی لەگەڵ سالم ئیسماعیل نۆركە، نووسەر و ئەدیب و مێژوونووسی كوردی فەیلی ساز دا، بەمجۆرەش وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* بەو پێیەی نووسەر و ئەدیب و كەسایەتییەكی ناسراوی ناو كوردانی فەیلیت، دەكرێت بزانین بۆچی بە درێژایی مێژوو لە عێراقدا كوردی فەیلی كەوتوونەتە بەر هێرشی كۆمەڵكوژی و جینۆساید؟

- مێژوو شاهیدی ئەو هەقیقەتەیە كە كوردانی فەیلی كوردی ڕەسەن و كوردپەروەرن و لە پێش هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە و لە ناوجەرگەی سەنتەری بەغدا نیشتەجێ بوون، بەتایبەتی لە گەڕەك و بازاڕەكانی «حی اكراد، كیفاح، جەمیلە، شێخ عەبدولقادر و تەبە ئەكراد» ژیاون و، چەندین هۆزی بەناوبانگیان هەیە، وەك: ئاركەوازی و سورمیری و مەلەكشاهی و زەهاوی و قەرەلوس و زرباتییە. كوردە فەیلییەكان فەرمانبەری میری و كاسبكار و پیشەوەر و بازرگان و خاوەن باخ و خاكی بەپیت بوون، ئەوان ڕۆڵی گەورەیان لە گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لەناو جەرگەی بەغدا و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە هەبووە. ئەو سەردەمە شادەماری ئابووری و بڕیاری سیاسی لە بەغدا بە دەستی كوردە فەیلییەكانەوە بوو، بەهۆی دابەشكردنی سنووری نێوان ئێران و عێراقەوە كوردە فەیلییەكان بەسەر هەر دوو سنوورەكەدا دابەش بوون، لێرەوە زوڵم و ستەم دەرهەق بە كوردە فەیلییەكان بە شێوەی فراوان دەستی پێكرد، لەبەر نەبوونی وڵاتیش كوردەكان لە ناویشیاندا كوردانی فەیلی، ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەوە، ئێ خۆ ناكرێت كورد مەجبوور بێت لە عێراق بیسەلمێنێت كە عێراقییە و لە ئێران ئێرانییە و لە توركیا توركییە و لە سووریا سوورییە، لەكاتێكدا هیچیان نییە، تەنیا دەتوانێت بیسەلمێنێت كە كوردی ڕەسەن و خاوەن خاك و نیشتمان و نەتەوەی خۆیەتی. ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بە بیانووی نەبوونی ڕەگەزنامە لای هەندێك لە كوردانی فەیلی و لەگەڵ پاساوی تەقینەوەكەی بەردەم زانكۆی موستەنسرییە، كە ڕژێم تۆمەتەكەی بەسەر كوردانی فەیلیدا سەپاند، زوڵم و ناهەقیی گەورەیان دەرهەق ئەم پێكهاتە ڕەسەنەی كورد ئەنجام دا، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ڕابردوودا بەهۆی كوردپەروەرییانەوە كوردە فەیلییەكان تێكەڵ بە شۆڕشی ئەیلوول و حزبە كوردستانییەكان بوون، ئەوان دڵسۆز و كەسانی بەئەمەگ بوون بۆ مەلا مستەفا بارزانی و، وەكو سەركردەیەكی ڕۆحی و گەورەی كورد سەیریان كردووە و پاڵپشتی و هاوكاریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردیان كردووە. بۆیە جگە لە عەبدولكەریم قاسم، هەموو سەرۆكەكانی پێشووی عێراق دەستیان لە كۆمەڵكوژی و ئازاردانی كوردانی فەیلیدا هەبووە. عەبدولكەریم لە ناو سەرۆكەكانی عێراقدا كە باس لەوە دەكرێت دایكی كوردی فەیلی بووە و ڕایگەیاندووە: «شرق دیجلة انتم» مەبەستی كوردە فەیلییەكان بووە، چونكە زۆر لە مێژوونووسان پێیان وایە یەكەم جار عێراق عێراقی كوردانی فەیلی بووە، كوردی فەیلی و زۆر لە كوردەكانی دیكە چوونەتە ناو ئیسلامەوە، بەڵام نەبوونەتە عەرەب و فارس و تورك، لە لایەكی دیكەوە سەرجەم ڕژێمەكانی دیكەی عێراق دەستیان لە كوشتار و بەزۆرەملێی دەركردنی كوردە فەیلییەكاندا هەبووە.

* باسی ڕۆڵی كوردانی فەیلیت كرد لە پاڵپشتی و هاوكاریكردنی مەلا مستەفا بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوول، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا تا چەند كوردانی فەیلی ڕۆڵیان لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەبوو؟

-  كوردانی فەیلی بە كۆمەكی دارایی و چەك و تەنانەت گەیاندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان، هاوكاریی شۆڕشی ئەیلوولیان كردووە، گەنجەكانیشیان لە ناو ڕیزەكانی پارتیدا ئەندام بوون و تەنانەت پۆست و پلەی بەرزیان لە ناو ئەو حزبەدا هەبووە، بۆ نموونە حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پارتی بووە و هەر یەك لە زەكی ئیسماعیل و عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی و یەدوڵڵا فەیلی و لەیلا قاسم و چەندین كادیری ناسراوی دیكە پۆست و پلەی بەرزیان هەبووە. پاڵپشتیی كوردانی فەیلی لە مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشەكەی لە ناو جەرگەی بەغدا و شارە كوردییەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی دیجلە بۆ ئەو زوڵم و پەراوێزخستنە دەگەڕێتەوە كە دەرهەق بە كوردانی فەیلی كراوە. مەلا مستەفا بارزانی كوردانی فەیلی زۆر خۆش ویستووە، بەڵام شۆڤێنی و قەومچییەكان بە هەموو شێوەیەك ئازاری كوردەكانیان داوە و ئەم خۆشەویستی و نزیكبوونەوەی نێوان كوردانی فەیلی و مەلا مستەفا بارزانییان پێ خۆش نەبووە. لە ڕێپێوانە گەورەكەی بەغدا كە بۆ پشتگیریی ڕێككەوتنامەی 11ی ئادار ڕێك خرابوو، گەنجە فەیلییەكان ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕا، ئەو گەنجانەی لە گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە یەكێتیی سۆڤێتی پێشوو لە بەسراوە تاوەكو بەغدا لە شار و شارۆچكەكانی عێراق نەك هەر پێشوازییان لێكرد، بەڵكو پارێزگارییشیان لێ دەكرد. لە ناو بەغدا گەورە بازرگانەكانی ئەو شارە كوردانی فەیلی بوون و بە سەدان كارگە و كارخانە و بازاڕی گەورەیان بەدەستەوە بوو، ئەمانیش هاوكاری شۆڕشەكەی مەلا مستەفا بارزانی بوون، ئەوە بوو لە سەرەتای هەشتاكان بەعسییەكان لە شاڵاوەكەی بە زۆر ڕاگواستنیان بۆ سەر سنوورەكانی ئێران، هەموو ئەم ماڵ و حاڵەشیان تاڵان كرد و دەستیان بەسەردا گیرا و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، نەدراوەتە بە خاوەنە ڕەسەنەكانی. لە ماڵی هەر كوردێكی فەیلیدا ڕادیۆیەك هەبوو، كە بەردەوام لەسەر ئێزگەی دەنگی كوردستان بوو، ئەوان ئەوەندە ڕۆحی كوردایەتییان بەرز بوو، سوێندیان بە سەری بارزانی دەخوارد.بۆ مێژوو باسی دەكەم، پەیوەندیی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و كوردە فەیلییەكان بە شێوەیەك بوو، پەیوەندییەكی ڕۆحی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری تێدا بوو، مەلا مستەفا زۆر قسەی باش و وتەی لەسەر كوردە فەیلییەكان هەبوو .

* زۆر باسی شاڵاوەكەی ساڵی 1980- 1981 و ساڵانی دواتر دەكرێت، كە بەعسییەكان و پیاوانی موخابەرات ماڵ و حاڵی كوردانی فەیلییان تاڵان كرد. ئایا چۆن ئەم تاڵانكردنەی ماڵ و حاڵی كوردانی فەیلی هەڵدەسەنگێنیت؟

- تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی كوردانی فەیلی بەشێك بوو لەو شاڵاوە دڕندەییەی دژی كوردانی فەیلی ئەنجام دەدرا، هەر لە ڕەشبگیری و زیندانیكردن و كوشتن و بێسەروشوێنكردن و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی كیمیایی لەسەریان، هەڵبەتە تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی كوردانی فەیلی جۆرێك بوو لە تۆڵەكردنەوە بەرانبەر ئەم پێكهاتە ڕەسەنەی كورد لە عێراقدا، تاڵانییەكە بە شێوەیەك بوو ماڵ و حاڵیان دەستی بەسەردا گیرا و جۆرێك لە تاڵانی وەحشیگەریی تێدا بوو، دوور لە عورف و دابونەریتی پیاوەتی و غیرەتی مرۆڤایەتی و ئایینی، ئەوان دوای ئەوەی دەستیان بەسەر ماڵ و موڵكی ئەو هەموو خێزانە كوردە فەیلییەدا گرت، بەسەر خۆیاندا دابەشیان كرد و كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرد، بە جۆرێك پیاوانی موخابەرات ماڵیان بە موزایەدەیەكی زۆر كەم دەفرۆشت، تاوەكو بۆ جارێكی دیكە ئەو خانەوادەیە نەتوانن داوای ماڵەكەیان بكەنەوە و ئومێدی گەڕانەوەیان نەمێنێت، گوایە چەندین جار كڕین و فرۆشتنی پێوە كراوە، بەداخیشەوە زۆر عەرەبی ڕەگەزپەرست و شۆڤێنی بەشدار دەبوون لەم تاڵانییەدا، تاوانەكەیان ئەوەندە قێزەون بوو، دەستیان بۆ پیرۆزیی خێزانەكانی كوردی فەیلییش برد، كاتێك سەدام حوسێن ١٠ هەزار دینار (نزیكەی ٣٠ هەزار دۆلاری ئەو سەردەمەی)، پێشكەشی ئەو هاووڵاتیانە دەكرد، كە لە هاوسەرە فەیلییەكانیان جیا دەبوونەوە، یان خۆیان بێبەری دەكرد لێیان.

* دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بۆچی نەتوانرا لە ڕووی مەعنەوی و ماددییەوە مافی كوردانی فەیلی بگەڕێندرێتەوە؟ ئایا ئاستەنگ و بەربەست هەبوو لە بەردەم گەڕانەوەی كوردانی فەیلی و قەرەبووكردنەوەی خانەوادەی قوربانییەكاندا؟

- زۆر جار سیاسییەكان بە هەڵە باسی ئەوە دەكەن كە جینۆساید و كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی تەنیا دەكەوێتە سەر شانی ڕژێمەكانی عێراق، لەم وڵاتە بە زۆر لكێندراوەدا كورد مەزڵووم و كەم بەختە بەرانبەر ئەو هەموو تاوانەی دەرهەقی كراوە، بەداخەوە حەز و خولیایەكی زۆر لەو هۆز و تیرە عەرەبانەش هەبووە كە مۆركێكی شۆڤێنییان هەبوو. ئەوانە بەردەوام ویستوویانە بە زیندانیكردن و بێسەروشوێنكردنی گەنجەكان و وێرانكردنی گوند و شار و شارۆچكەكان و ئەنفال و كیمیاباران و دەیان تاوانی دیكە، كورد لەسەر خاك و زێدی باوك و باپیرانیان دەربكەن، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش حزبە كوردستانی و عێراقییەكان ئەوەندەی بە دوای شكاندنی یەكتروە بوون، ئەوەندە پێكەوە كاری جوانیان ئەنجام نەدا. هەر بە هۆی پشتگوێخستنی كوردانی فەیلی لەلایەن سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و نەبوونی دامەزراوە، یان سەنتەرێكەوە، كە وا بڕیار بوو لەسەر داوای سەرۆك بازرانی ئەو سەنتەرە دابمەزرێت، حزبە شیعەكانی عێراقیش ئیستغلالی كوردی فەیلی دەكەن و لە دیوێكی دیكەشەوە گەنجەكانمان لە خوێندنی كوردی بێبەشن و وردە وردە تێكەڵ بە جیهانی عەرەبی بوون.

* پێشنیارت بۆ گرنگیدان بە كوردانی فەیلی چییە؟ ئایا كورد چی بكات تاوەكو تاوانی جینۆساید بە زیندوویی بهێڵێتەوە؟

- ئەگەر كورد گرنگیی بە جینۆسایدی فەیلییەكان و بەنێودەوڵەتیكردنی بدایە، ڕەنگە جینۆسایدەكانی دیكەی گەرمیانی و بارزانی و ئەنفال و كیمیاباران ڕووی نەدایە. هەر خۆی لەخۆیدا تاوانەكە بە تاوانی نێودەوڵەتی دادەنرێت، بۆیە پێویستە بە زووترین كات سەنتەرێكی تایبەت بە كوردانی فەیلی لە شاری هەولێر دابنرێت، ڕاستە زەحمەتە لە بەغدا ئەم كەیسە بجووڵێندرێت، چونكە تاوانەكە بە هەموو پێوەرەكان جینۆسایدە، كورد لە بەغدا دامەزراوەی ڕۆشنبیریی (شفق)ی هەبوو. كەچی نازانم بۆچی وازی لێ هێنا، لە كاتێكدا ئەم دامەزراوەیە بە دەیان بەشی هەبوو. پێویستە ئێمە لە ڕێگەی كۆكردنەوەی هۆز و تیرەكانی كوردانی فەیلییەوە ڕۆحی كوردایەتی بگەڕێنینەوە بۆ ناو جەرگەی بەغدا، حوكمڕانەكانی هەولێر بە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانەوە دەبێت كار بكەن بۆ گەڕانەوەی مێژووی دزراوی كورد، پێویستە دووبارە مێژووی دزراوی كورد بنووسرێتەوە.

 

Top