پڕۆفیسۆر كریستۆفەر جەی فێتەوێس بۆ گوڵان: ڕەنگە شێوازی سەرشێتانەی بڕیاردانی ترەمپ لە بەرژەوەندیی ئەمریكا بشكێتەوە
كریستۆفەر جەی فێتەوێس، پڕۆفیسۆری بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلەین، تایبەتمەند و وانەبێژی چەند بواری گرنگە وەك سیاسەت و ستراتیژیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چەكی كۆمەڵكوژ، پێشتریش وانەبێژ بووە لە چەند زانكۆی بەناوبانگ و ئاستبەرزی وەك زانكۆی جۆرج واشنتۆن و زانكۆی ویلایەتی ئۆهایۆ، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوە و كتێبە لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی ئێستای جیهان و پێشبینییەكان لەبارەی ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* سەرەتا دەمانەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین، كە ئێوە چۆن لە بارودۆخی ئێستای جیهان دەڕوانن، بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە پێناچێت ئەو شەڕانەی هەڵگیرساون، بەرەو خاوبوونەوە و چارەسەر بڕۆن و بگرە بەرەو ئاڵۆزی و هەڵكشانی زیاتر دەڕون، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕێگای بە ئۆكرانیا داوە، مووشەكە دوورهاوێژەكانی بۆ هێرشكردنە سەر خاكی ڕووسیا بەكار بهێنێت.
- ئەگەر ئێمە لە ئایندەیەكی نزیك بڕوانین، ئەوا ڕەنگە هەست بە ڕەشبینی بكەین، ڕەشبینییەكەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە، ئەو شەڕانە لە مەودایەكی نزیكدا كۆتاییان پێبێت و چارەسەر بكرێن، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاوە كە بۆ ماوەی دوو ساڵ زیاترە درێژەی كێشاوە. بەڵام ئومێدەكە ئەوەیە كە هەر دوو لایەنی شەڕەكە، دەرك بە واقیعەكە بكەن و لەبەرچاوی بگرن. مەبەستم ئەوەیە ڕووسیا لەو ڕوانگەیەوە لە دۆخەكە بڕوانێت كە ناتوانێت بگاتە كیێڤ و داگیری بكات، لە هەمان كاتدا ئۆكرانیاش ئەو ڕاستییەی لەبەرچاو بێت، كە ناتوانێت خاكە داگیركراوەكانی لەدەست ڕووسیا ڕزگار بكاتەوە. هەرچەندە پێناچێت هێشتا هەردوولا ئەم واقیع و ڕاستییەیان قبووڵ كردبێت. بە داخەوە پێدەچێت كە كوشتارێكی زیاتر لە هەردوولا بكرێت، پێش ئەوەی بگەنە ئەم دەرئەنجام و قەناعەتە.
* توێژەرانی بواری شەڕ ئاماژە بەوە دەكەن، تاوەكو دۆخێك دروست نەبێت و تێیدا هەردوو لایەنی شەڕەكە هەست نەكەن، كە چیتر بەردەوامیدان و درێژەدان بە شەڕ لە بەرژەوەندییاندا نییە، ئەوا ڕەنگە هیچ لایەكیان ئامادە نەبن دەست لە شەڕكردن هەڵبگرن. ئایا پێتوایە دۆخی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا بەم حاڵە گەیشتبێت؟
- لە ڕاستیدا جێی داخە كە دوای كوشتار و شەڕێكی زۆر هەردوولا (ڕووسیا و ئۆكرانیا) بگەنە ئەو قەناعەتەی كە ئەوەی دەگوزەرێت، جگە لە زیان هیچ بەرەوپێشچوونێكیان بۆ دەستەبەر ناكات، بەڵام ئێمە وەك چاودێری دەرەكی پێمان وایە كە درەنگ، یان زوو دەبێت بارودۆخەكە بەو حاڵەتە بگات.
* لە ئێستادا و دوای ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕێگەی بە ئۆكرانیا دا، بۆ بەكارهێنانی مووشەكە دوورمەوداكانی بۆ ئەوەی هێرش بكاتە سەر ئامانجەكانی نێو خاكی ڕووسیا، سەرۆك ڤلادمیر پوتین پێداچوونەوەی كرد، بەوەی پێی دەڵێن «عەقیدەی ئەتۆمی»، كە تێیدا هەلومەرجەكانی بەكارهێنانی ئەم چەكەی دەستنیشان كرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوەی ئەمریكا سرووشتی شەڕەكە دەگۆڕێت، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
- من پێشتریش پێم وابووە كە هەڕەشەكانی پەنابردنەبەر بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی ڕاستەقینە بووبن. دواتر من باوەڕم وایە ئەگەر لایەنەكان خۆیان نەیانەوێت شەڕەكە بەرەو هەڵكشانی زیاتر ببەن، ئەوا پەنا بۆ گرتنەبەری ئەو هەنگاوانە نابەن كە ئەم دەرئەنجامەی لێدەكەوێتەوە. ئێوە بڕواننە حاڵەتی نێوان ئێران و ئیسرائیل، كە ڕاستە هێرشیان كردە سەر یەكتری، بەڵام بە چەشنێك نەبوو كە بەرەو هەڵكشانێكی گەورەی ببەن.
* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە دەبێت هەردوو لایەنی شەڕەكە(ڕووسیا و ئۆكرانیا) دەرك بەوە بكەن كە ناتوانن سەرجەم ئامانجەكانیان بەدی بهێنن، بەتایبەتی ئۆكرانیا ناتوانێت ئەو خاكانە ڕزگار بكاتەوە كە ڕووسیا دەستی بەسەردا گرتوون، بەڵام ئێمە بینیمان لە ماوەی ڕابردوودا ئۆكرانیا پەنای بردەبەر داگیركردنی بەشێك لە خاكی ڕووسیا و دەستی بەسەر ناوچەی «كورسك»دا گرت؟ ئێوە چۆن لەم پەرەسەندنانە دەڕوانن؟
- ئەو داگیركارییەی خاكی ڕووسیا لەلایەن سوپای ئۆكرانیاوە چەند هۆكارێكی لە پشت بوو. یەكەمیان بۆ بەرزكردنەوەی ورەی سەربازان و سوپای ئەو وڵاتە بوو، بۆ ئەوەی ئۆكرانیا بتوانێت درێژە بە شەڕەكە بدات. هۆكارێكی دیكە ئەوە بوو كە ئەو ڕاستییە بۆ وڵاتە هاوكارەكان بخاتەڕوو كە ئۆكرانیا توانای هێرشبردنی هەیە، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەش درێژە بە هاوكارییەكانیان بۆ ئۆكرانیا بدەن. ڕەنگە هۆكارێكی دیكە ئەوە بێت كە ئۆكرانیا چاوی لەوە بێت، ئەگەر پرۆسەی دانوستاندن دەست لەگەڵ ڕووسیا پێبكات،، ئەوا بتوانێت ئاڵوگۆڕێك بەم ناوچانە بكات لەگەڵ ئەو ناوچە و خاكانەی خۆی كە لەلایەن ڕووسیاوە داگیر كراون، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بزانین كە كەس پێی وانییە ئۆكرانیا هەوڵی ئەوە بدات بەرەو قووڵایی زیاتری خاكی ڕووسیا پێشڕەوی بكات، بۆ نموونە بیەوێت بە ئاراستەی مۆسكۆ بڕوات. چونكە ئەمە هەلومەرجێك نییە كە ئەگەری ڕوودانی لە ئارادا بێت. بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد، ڕەنگە ئامانجی ئۆكرانیا ئەوە بێت كە ئەگەر هەر گفتوگۆیەك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕەكە بكرێت، ئەوا ئەم هەلومەرجە وەك كارتێكی گوشار بەكار بهێنێت. هەر چۆنێك بێت، دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین هەلومەرجەكە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات، چونكە ئەم كارەی ئۆكرانیا مایەی سەرسوڕمانی هەمووان بوو، بەتایبەتی بۆ خودی ڕووسیا.
* ئێمە دەزانین كە چەندین وڵات لەم شەڕەدا هاوكاریی ڕووسیا دەكەن. لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت، كە ژمارەیەكی زۆری سەربازانی كۆریای باكوور بەشدار بن لەم شەڕەدا و شان بە شانی سوپای ڕووسیا شەڕ لە دژی ئۆكرانیا بكەن، پێشتریش باس لەوە دەكرا كە ئێران و ڕووسیا هاوكارییە سەربازییەكانی نێوانیان بەرەوپێش بردووە، ئێوە چۆن لەم پەرەسەندنانە دەڕوانن؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە هاوكاریی سەربازیی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیاوە، ئەوا من پێم وایە ئەمە زیاتر یەكگرتنێكی كاتیی بەرژەوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، چونكە ئەگەر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەم مەسەلەیە بڕوانین، ئەوا چەندین وڵات هەن كە هاوكاریی یەكتر دەكەن، بە بێ ئەوەی خاڵی هاوبەشی ئەوتۆ لە نێوانیاندا هەبێت، بەتایبەتی هاوكاریی نێوان ڕووسیا و ئێران و كۆریای باكوور، مەبەستم ئەوەیە بڵێم: ئەوەی ئەم وڵاتانەی كۆكردووەتەوە، بریتییە لە بەرهەڵستییان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بۆ ئەو تێڕوانینەیان كە پێیان وایە ڕۆژئاوا دەستتێوەردان لە كاروبارەكانیاندا دەكات. بەڵام لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە چەشنێك كار بكات كە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتی چین بچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەوە و هاوكارییەكی تەواویان بكات، ئەوا ئەمە دەبێتە گەمژەییەكی ستراتیژی گەورە بۆ ئەمریكا. دواتر ڕووسیا بانگەشەی ئەوە دەكات كە هێزێكی مەزنی جیهانییە، بەڵام ئەگەر تەكنەلۆژیای مووشەكی بالیستی و خودی ئەم مووشەكانە لە وڵاتانی وەك ئێران و كۆریای باكوورەوە بەدەست بهێنێت، ئەمە چیمان پێدەڵێت دەربارەی پێگەی ئەم هێزە و ئایا چیتر دەتوانێت وەك پێشتر بانگەشەكانی بكات؟
* ئێوە ئاماژەتان بە چین كرد. ئایا دەكرێت بڵێین ئەو بارودۆخەی لە ئێستادا هاتووەتە ئاراوە، پتر لە بەرژەوەندیی چینە، بەتایبەتی كە ئەم بارودۆخەكە بووەتە هۆی سەرقاڵكردنی ڕووسیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا؟ ئایا ئەمە بواری بۆ چین نەڕەخساندووە بۆ ئەوەی درێژە بە دەستڕۆیشتوویی و توانای خۆی لە جیهاندا بدات؟
- ڕەنگە بتوانین ئەمە بڵێین، بەڵام دەكرێت لەو ڕوانگەیەشەوە لەم مەسەلەیە بڕوانین، كە ئایا هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا و ئەو دەرئەنجامانەی بە دوایدا هاتوون، نابێتە هۆی ئەوەی چین پێداچوونەوە بە ئەگەری هێرشكردنە سەر تایوان نەكات؟ لەلایەكی دیكەوە ئابووریی چین بە چەشنی پێشوو باش نییە، هەروەها پێم وایە چین پێی باش نییە بكەوێتە دۆخێكەوە كە ناچار بێت هەڵوێست وەربگرێت لە نێوان هەڵبژاردنی ڕووسیا و ڕۆژئاوا. بەتایبەتی دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە پێشتر ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و دوای ئەویش ئیدارەی جۆ بایدن، هەڵوێستی سەختیان لە ئاست چیندا گرتەبەر. لەلایەكی دیكەوە چین بە دەست چەندین كێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت، لەبەر هەموو ئەوانە پێم وانییە چین زۆر پەرۆش بێت، بۆ ئەوەی خۆی لە مەترسیی شەڕەوە تێوەبگلێنێت.
* زۆر باشە با كۆتا پرسیارمان لەبارەی پێشبینییەكانتانەوە بێت لەبارەی ئەو هەڵوێست و سیاسەتانەی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ پیادەی دەكەن، كە ئاشكرایە ترەمپ توانی سەركەوتنێكی گەورە لە هەڵبژاردنەكاندا بەدەست بهێنێت. ئایا پێتان وایە چۆن مامەڵە لەگەڵ كێشە و قەیرانەكانی جیهاندا دەكات؟
- سەرەتا دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دۆناڵد ترەمپ چەندین لێدوانی سەرشێتانەی دا. بۆیە ڕەنگە نەتوانین لەم ڕووەوە پێشبینی ئەوە بكەین كە ئاراستەی كاركردنی چۆن دەبێت. ئەگەرچی لەوە دڵنیاین كە لە ئیدارەی ئەم جارەیدا خەڵكانێكی جیاواز پۆست وەردەگرن. هەرچۆنێك بێت، پێم وانییە گۆڕانكارییەكی زۆر ڕوو بدات. بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بكەم، كە زۆر كەس لە جیهاندا ڕەنگە ترسیان لە ترەمپ و لە شێوازی سەرشێتانەی بڕیاردانی ترەمپ هەبێت و بۆی هەیە، ئەمە لە ڕووی ستراتیژییەوە لە بەرژەوەندیی ئەمریكا بێت. بەڵام ئایا بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەكانی یەمەن ترسیان لە ترەمپ دەبێت و لەم ڕوەوە پتر ئامادەی گفتوگۆ دەبن؟ ئەوا من نازانم. بەڵام ئەوەی پێی وابێت بە ماوەیەكی كەم دوای گرتنەدەستی دەسەڵات، ترەمپ گۆڕانكاری گەورە دەهێنێتە ئاراوە، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە شەڕەكانەوە، ئەوا تووشی نائومێدی دەبێت.