ئەحمەد بارزان علیكۆ قایمقامی قەزای چۆمان بۆ گوڵان: تەنیا لە ماوەی هەشت مانگی ساڵی2024دا بە بڕی حەوت ملیار دینار كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قەزای چۆمان و سنوورەكەی جێبەجێ كراون

قەزای چۆمان، لە سەنتەری قەزا و ناحیەكانی «قەسرێ، گەڵاڵە، حاجی ئۆمەران، سمێلان» و 126 گوند پێك هاتووە، ژمارەی دانیشتووانی لە نێوان 35تا36 هەزار كەسە و، ناوچەكە بە باخداری و ئاژەڵداری و گەشتیاریی چوار وەرزە بەناوبانگە، هاوكات دەروازەیەكی فەرمیی گرنگ لە سنووری قەزای چۆماندا هەیە كە هاتوچۆی بەردەوامی بازرگانی و گەشتیاری ڕێك دەخات لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران. گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی كاروانی ئاوەدانی لەم سنووری چۆمان دیدارێكی لەگەڵ ئەحمەد بارزان علیكۆ قایمقامی چۆمان ئەنجام دا.
* چۆمان ناوچەیەكی شاخاوییە، بۆیە با سەرەتا لە ڕێگەوبانەكانەوە دەست پێبكەین، ئایا لە سنوورەكەدا لە كابینەی نۆیەمدا تا چەند گرنگی بە ڕێگەوبان، بەتایبەتی تۆڕی ڕێگەوبانی نێوان گوندەكانی سنوورەكە دراوە؟
- لە كابینەی نۆیەمدا یەكێك لەو كار و پڕۆژە گرنگانە كە كاری تێدا دەكرێت، نۆژەنكردنەوەی ڕێگەی هامڵتۆنە، كە ڕێگەیەكی سەرەكییە بۆ بەستنەوەی ناوچەكە بە دەروازەی حاجی ئۆمەران و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەولێری پایتەختەوە، هەروەها ڕێگەی باڵەكان ئەو ڕێگەیەی كە لە ڕێگەی هامڵتۆن دەردەچێت بۆ ناحیەكان، نۆژەن كراوەتەوە و ڕێگەی ڕەزوڵقەسرێش بە هەمان شێوە چاك كراوەتەوە و قیرتاو كراوەتەوە، هەروەها ئەو شەقامە كۆنەی ناو ناحیەی حاجی ئۆمەران لە قۆناغی كۆتاییدایە كە دەكرێتە دوو سایدێكی زۆر جوان، پڕۆژەیەكیش كە بڕی شەش ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە دوو سایدی چۆمان بۆ حاجی ئۆمەرانە، كە لەژێر جێبەجێكردندایە، بە تەواوبوونی ئەو ڕێگەیەش ئەو لۆفە و بەرزی و نزمییەی لە سنووری ئازادی هەیە، لە ڕێگەكەدا نامێنێت. هەرچی بوودجەی ڕێگەوبانیش هەیە (چ دروستكردن چ نۆژەنكردنەوە)، بڕە پارەیەكی زۆری پێویستە، هەر بۆ نموونە تەنیا گوژمەی ڕێگەی هامڵتۆن بۆ رەزوڵقەسرێ و مەران و ئێنی بریتییە لە دوو ملیار و حەفتاوپێنج ملیۆن دینار، تا ئێستاش كێشەمان لە تۆڕی ڕێگەوبانی نێوان گوندەكاندا هەیە و ڕێگەی هاتوچۆكردن باش نییە، چونكە كار و پڕۆژەكان بەو شێوەیە دابەش و جێبەجێ دەكرێن كە زۆرترین خەڵك و هاووڵاتیان تێیدا سوودمەند بن، لەگەڵ ئەوەشدا باشكردن و ئەنجامدانی پڕۆژە بۆ ڕێگەوبانی گوندەكان لە بەرنامە و پلاندایە، بۆ نموونە لە ئەمساڵدا (2025) ڕێگەی گەشتیاریی سەكرانە و ڕێگەی ناوپردان بۆ قڕژێ و چۆمان بۆ دێلزێ و ڕێگەی چۆمان بۆ وەردە و چۆمان بۆ مەمی خەڵانە كە باڵەكانی ڕێگەی هامڵتۆنن، خراوەتە پلان و كاری جددییان بۆ كراوە و چەندین كار و پڕۆژەی ڕێگەوبان بۆ سنوورەكەمان لە پلاندایە كە لە ئەمساڵدا جێبەجێ بكرێت.
* ئایا لە چۆمان و ناحیە و سنوورەكەدا هیچ پڕۆژەیەكی ستراتیژیی ئاوی خواردنەوە هەیە؟ بۆ ئەو خزمەتگوزارییە گرنگە سوود لە چ جۆرە ئاوێك وەردەگرن؟
- باشترین سێتكەر لە سنوورەكەماندا ئاوی خواردنەوەیە كە كەمترین كێشەمان هەیە و لەو بوارەدا چەندین پڕۆژەی ستراتیژیمان هەیە، لەوانە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی سەنتەری ناحیەی قەسرێ لە جێبەجێكردندایە بەبڕی یەك ملیار و 709 ملیۆن دینار، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی گویزان – جێزڵینگە لەژێر ئەنجامدایە بە گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار دینار، چەندین پڕۆژەی دیكەشمان هەیە وەكو پڕۆژەی درێژكردنەوە و بەرفرەوانكردنی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە ناو سەنتەری قەزادا، ئەگەرچی چەند شوێن و گوندێكی سنوورەكە پێویستیان بە حەوزی گلدانەوەی ئاوی خواردنەوە و درێژكردنەوەی بۆڕیی تۆڕەكانی گەیاندن و دابەشكردنی ئاو هەیە، ئەو پڕۆژە بچووكانە دەكرێت بەپێی ئەو پلانەی دانراوە لە یەك تەندرەدا چارەسەر بكرێن و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەموو سنوورەكە ئاوی ڕووبار و كانییەكانە پاش چارەسەركردنیان، بۆ نموونە سەنتەری قەزا لە سەرچاوەی كانیی پڕژێ ئاوی بۆ دابین كراوە و سەنتەری ناحیەی حاجی ئۆمەرانیش لە كانیی قوتاڤ لە ڕێگەی پڕۆژەیەكەوە ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەچێت، هەر بۆیە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ كەرتی ئاوی خواردنەوە لە سنووری قەزای چۆمان خەرج كراوە.
* ئایا لە سنووری قەزای چۆمان چەند پۆندی گلدانەوەی ئاو هەیە و لەم بارەوە بەرنامە و پلانتان چییە؟
- تا ئێستا هیچ پۆند و بەنداوێك لە سنوورەكەی ئێمەدا نییە، بەڵام چەندین شوێن لە سنوورەكە دەستنیشان كراوە كە زۆر گونجاون بۆ ئەو پڕۆژە گرنگە، بەتایبەتی لە ڕووی ئاودێرییەوە كە چەند شوێنێك دیزاینیان بۆ ئامادە كراوە، چاوەڕوان دەكەین لە كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی، گوژمەی پێویست بەپێی پلان و بەرنامە بۆ جێبەجێكردنی ئەو پۆندانە تەرخان بكرێت و بچنە بواری پڕۆژە و كاركردنەوە، كە پێویستییەكی سەرەكین بۆ كاری كشتوكاڵی و باخداری و ئاژەڵداری لە سنوورەكەدا.
* كەرتی كشتوكاڵ لە چ ئاستێكدایە لەو سنوورەدا و، ئایا پڕۆژەی ئاودێریتان هەیە؟
- پێشتر و لە ساڵانی ڕابردووشدا زۆربەی ئەو شوێنانەی كە پێویستیان بە جۆگەلەی ئاودێری هەبوو بۆ كاری كشتوكاڵی و باخداری، جێبەجێ كراوە، لەگەڵ ئەمەشدا چەندین شوێن لە بواری ئاودێریدا كەموكووڕییان هەیە، بۆ ئەو شوێنانەش دەرخستە كراوە و ڕەزامەندییشیان بۆ وەرگیراوە و خراونەتە پلان بۆ جێبەجێكردن، هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردوو پڕۆژەی ئاودێریی ئاوی مەران بەبڕە 75 ملیۆن دینار جێبەجێ كرا و ئێستا لە خزمەتی خەڵكەكەدایە. چەند پڕۆژەیەكی ئاودێری لە سنووری ناحیەی قەسرێ دەرخستەی بۆ كراوە و چەندین ڕێگەیش گیراوەتەوەبەر و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، لە سنوورەكەدا جووتیار و چەندین كەسی دیكەش هەن كاری بەخێوكردنی مێش هەنگوین دەكەن، كە ئەو كارە كەرتی تایبەتە و ئێمە تەنیا هاریكارییان دەكەین لە چەندین لایەنەوە، بۆ نمونە بۆ دیاریكردنی شوێنی دانان و بەخێوكردنی میش هەنگوین، تاوەكو گیانی هاووڵاتیان سەلامەت بێت، چونكە سنوورەكە كێڵگەی مینی تێدا ماوە و لە ڕووی باخدارییشەوە ساڵ لە دوای ساڵ ئەو سنوورە پێشكەوتنی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و بەرهەمەكانیان زیاتر برەو پێ داوە.
* لەڕووی گەشتیارییەوە كە سنوورێكی زۆر گونجاوتان هەیە، بەتایبەتی لە گەشتیاریی زستانەدا چی كراوە و، ئەو پڕۆژەی گەشتیارییەی بۆ چیای سەكران هەبوو چیی بەسەر هات؟
- پڕۆژەی گەشتیاریی زۆر گەورەمان هەیە، لەوانە بە نموونە لە شێخان و وێڵزێ پڕۆژەی گەشتیاریی پێنج ئەستێرەمان هەیە و لە حاجی ئۆمەران كۆمەڵگەی گەشتیاری هەیە، ماستەرپلانی چیای سەكران كارێكی زۆر باش بوو، بەڵام تا ئێستا وەكو خۆی ماوەتەوە، هەرچەندە پلان هەیە بۆ ئیشكردن تێیدا و لە بەرنامەماندایە لەگەڵ دەستەی ژینگە هەرچییەك پێویست بێت بۆ پڕۆژەی چیای سەكران بیكەین، چونكە ئەو شوێنە بۆ ئەو مەبستە دەستنیشان كرابوو كە ببێتە جێگەی بەخێوكردن و ئاشنابوونەوە بە ئاژەڵە كێوی و باڵندەكان، كە ئەمەش پڕۆژەیەكی یەكجار گرنگە بۆ ژینگە و بۆ كەرتی گەشتیاری كە ئەو پڕۆژەیەش پلان و هەوڵێكی درێژخایەنی پێویستە. لەلایەكی دیكەوە وەك ئاشكرایە كە گەشتیاریی ناوچەكە چوار وەرزەیە و لە زستانیشدا سەردانیكەرمان وەكو هاوین یەكجار زۆرە، لە وەزری پاییزی ڕابردوو 40 گرووپی گەشتیاری سەردانی سنووری قەزای چۆمانیان كرد و شەو مانەوە، ئێمەش وەكو حكومەت هاریكاری و ئاساناكاریمان بۆ دەستەبەركردن و خەرجی و پێداویستیی ئەو گرووپانەمان لە ئەستۆگرت، زستانانیش جگە لە گەشتیاری ئەوە فێستیڤـاڵی خلیسكانی سەر بەفر لە سنوورەكە ئەنجام دەدرێت.
* كەرتی پەروەردە و تەندروستی لە سنووری قەزای چۆمان لە چ ئاستێكدایە و، ئایا كەموكووڕیتان لە ڕووی بینایە و میلاكاتەوە هەیە؟
- لە ڕووی بینایەی قوتابخانەوە لە سنوورەكە، ناكرێت بڵێین كێشە نییە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كاریگەریی خراپ لەسەر پڕۆسەی خوێندن دروست بكات، چەند قوتابخانەیەك لە سەنتەری قەزا و ناحیە و سنوورەكەدا هەیە كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، لە سەنتەری قەزای چۆمان ڕەزامەندی هەیە بۆ دروستكردنی دوو قوتابخانەی نۆ پۆلی، هەروەها كۆنترین قوتابخانەی سەنتەری قەزا كە بە قوتابخانەی «ڕەش» ناسراوە، بڕیار دراوە كە نۆژەن بكرێتەوە، لەو گوندانەی كە لە وەرزی زستاندا كەسی تێدا نامێنێت وەك گوندی وەرزینە، ئەوە قوتابخانەیان نییە و قوتابیەكانیان دێنەوە ناو قەزا، یان ناحیەكان.
سەبارەت بە كەرتی تەندروستییش لە سەنتەری قەزاكەدا نەخۆشخانەیەكی زۆر باش و پێشكەوتوو هەیە، ئەگەرچی كێشەی كەمیی میلاكیان هەیە، كە ئەمەش بە هۆی بەدەنگەوەهاتنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سۆران تا ڕاددەیەكی باش ئەو گرفتە چارەسەر كراوە، بەڵام هێشتا كەموكووڕی و پێداویستیی كەلوپەلمان لە نەخۆشخانەكەدا هەیە، ساڵی ڕابردوو بە بڕی ملیارێك و 200 ملیۆن دینار ئامێری شووشتنی گورچیلە بۆ نەخۆشخانەكە دابین كرا، هەروەها ئامێرێكی دیكەی زۆر پێشكەوتوو و هاوچەرخی پزیشكیشمان بۆ دابین كرا، كە ئتمیری سیتی سكانە، هاوكات پێویستمان بە نەخۆشخانەیەكی بەرفراوانتر و(50)قەرەوێلەیی هەیە، چونكە سنوورەكە بەرفراوانە و گەشتیاریشی بە هەر چوار وەرز بۆ دێت.
* ئایا سێكتەری كارەبا لەو سنوورەدا چۆنە؟
- تۆڕی كارەبای نیشتمانی بۆ زۆربەی شوێنەكانی سنوورەكە چووە، تەنیا چەند گوندێكی دوورەدەست ماوە كارەبایان بۆ بچێت كە ئەویش لە پلاندایە، لە ناحیەی سمێلان و سنوورەكەی لە پڕۆژەی گەیاندنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی لەلایەن وەزارەتی كارەبای هەرێمەوە، لە ساڵی ڕابردوو بە بڕی نزیكەی 370 ملیۆن دینار پڕۆژە جێبەجێ كراوە. هاوكات دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم كە تەنیا لە ماوەی هەشت مانگی ساڵی ڕابردووی 2024 زیاتر لە 7 ملیار دینار لە كەرت و سێكتەرە جۆراوجۆرەكانی خزمەتگوزاریدا لە سنووری قەزای چۆمان خەرج كراون.