پیلانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچاوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گه‌وره‌ترین خیانه‌ت بوو

پیلانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 پەڵەیەکی ڕەش بەنێوچاوانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گه‌وره‌ترین خیانه‌ت بوو

ئەگەر خیانەتی 16 ی ئۆکتۆبەر ڕووی نەدابا بە دڵنیاییەوە تا ئێستاش کوردستان سەربەخۆیی ڕانەدەگەیاند بەڵام دەکەوتە قۆناغی دانوستاندن لە پێگەیەکی بەهێزەوە لەگەڵ حکومەتی عێڕاقی دەربارەی دیاریکردنی چوارچێوە و ئادگاری قۆناغی داهاتوو، دوو رۆژ دوای خیانەتەکەی 16 ئۆکتۆبەر و ڕادەستکردنەوەی کەرکووک بە هێزی داگیرکەری عێڕاق و سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ هاوڕێیەکم لەگەڵ دبلۆماتکارێکی ئەمریکایی دانیشتبووین و قسەمان دەربارەی لێکەوتەکانی ئەو ڕووداوە دەکرد ئێمە گلەییمان کرد و گوتمان کە ئەمریکا جارێکی دیکە خیانەتی لە کوردستان کردەوە، ئەو دبلۆماتکارە ئەمریکایە گووتی:"بۆ راستییەکە ناڵێن کە ئیوە خیانەتتان لە خۆتان کردووە، ئەوە ئێوە نین کە وەپێش سوپای عێراق کەوتوون و لە تەلەفزیۆنیش دەڵێن کەرکووک ئارامە؟". گوتی با شتێکتان بە ڕاشکاوی پێ بڵێم ئەگەر پێشمەرگە شەڕی کردبا با تووشی شکانیش هاتبا،با لە سەنگەرەکان پاشەکشێشی کردبا، بەڵام شەڕی کردبا ئێستا ئەو تەلەفۆنانەی بۆ عەبادی دەچن و پیرۆزبایی سەرکەوتنی بە سەر داعش و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێڕاقی لێدەکەن، تەلەفۆنەکانی هەر بۆ دەچوون بەڵام داوای ڕاگرتنی شەڕیان لێ دەکرد".

شازدەی ئۆکتۆبەر تەنها ڕادەست کردنەوەی خاک نەبوو بە داگیرکەر بەڵکو تێکشکاندنی کەسایەتی مرۆڤی و کورد و غروریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو کە ئەوەی دووەمیان ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر زەحمەت ترە لەوەی یەکەم.

هەرێمی کوردستان کە لە هەموو ڕوێکەوە کەوتبووە سەر ڕاستەڕێی پێشکەوتن و بەهێزبوون لە دەرەوە و لە هەموو ئاستەکانەوە زیاتر وەک وڵاتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرا، ئەوەش ئاماژەی ڕوونی خواستی نێودەوڵەتی بوو لە ئامادەییان لە مامەڵەکردن لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆ، بەڵام 16 ی ئۆکتۆبەر هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بۆ شکستی سەربازی و سیاسی و دبلۆماسی و دەروونی و ئابووری بەرەواژی کردەوە تەنها لە پێناو جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بە تایبەتیش ئێران لە پێناو پاشەکشێ پێکردنی حیزبێکی ڕکابەریان.

سەرانی خیانەتەکەی 16 ی ئۆکتۆبەر کە سەر بە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بنەماڵەی دامەزرێنەرەکەی جەلال تاڵەبانیین ئەوە هەردووکیان یەکێتی و تاڵەبانییەکان زەرەمەندی یەکەمی ئەو خیانەتەن، چونکە یەکێتی لە هێزێکی سەرەکی هەرێمی کوردستان و عێڕاق ئیستا بە ئارستەی بوونە حیزبێکی لۆکاڵی و بچووک کە لە چەند گردێکی سلەیمانی گچکە بکرێتەوە، لە حاکمی موتەلقی سلێمانی و گەرمیان بۆتە تەنها ژمارەیەکی گوماناوی لە نێو چەند ژمارەیەکی دیکە و ئەگەریش هەیە هێشتا پارچە ببێ و هێزی سەربازی و هەواڵگەری و دارایەکەش لە ژێر دەستی بنەماڵەی تاڵەبانی دەربچێ.

خیانەتی 16 ی ئۆکتۆبەر هۆکاری وەدیارکەوتنی گوتاری عێڕاقچیانەی میراتگرانی یەکێتییە هەر لە هاوپەیمانێتییەکەی بەرهەم ساڵح و نەوەکانی شاسوار عەبدولواحیدوە تا بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەگات، ئێستا خەریکە حیزبەکانی سلێمانی کێبڕكێ و ململانێ لە سەر ئەوە دەکەن کامەیان عێڕاقی ترە و لە عەبادی یان مالیکی ئێستا عامڕی و عەماڕیشی هاتە سەر نزیکترن.

کاڵبوونەوەی گیانی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە دەڤەری بن دەسەڵاتی موشتەقاتەکانی یەکێتی لە خزمەتی عێراقە بەڵام لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپایی و ئەمریکا نییە، کە بە ئاشکرا و ڕاشکاوی ئەوە دەڵێن کە نایەنەوێ هەرێمی کوردستان لە بەرمبەر عێڕاق لاوازبکرێ و ئەجێندای ئێرانی سەرکەوتوو بێ کە تا ئێستا سەرکەوتووە.

Top